نێچیرڤان بارزانی بەچ نرخێک ئێرانیەکان ڕازی دەکات؟

لە لایەن دڵشاد مەجید04/05/2024

نێچیرڤان بارزانی بەچ نرخێک ئێرانیەکان ڕازی دەکات؟

نێچیرڤان بارزانی لە ٤/٢٧ گەیشتە بەغدا، لەڕۆژی یەکەم و دووەم بۆ پاڵپشتیکردنی بارزانی لەدواخستنی هەڵبژاردن، لەدەرگای هەموو هێزە سیاسیەکان و حکومەت و پەرلەمان و دادگای فیدرالی دا. بەڵام هیچ لە و هێز و لایەنانە نەچوونە ژێر باری داواکەی بارزانی.
ئەوەبوو بەناچاری هەر لەبەغدا رووی لە ئێرانیەکان کرد، دوور لەچاوی ڕاگەیاند لەگەل ئێرانیەکان کەوتە گفتووگۆ.
هێشتا نێچیرڤان لەبەغدا بوو، وەفدێکی ئێرانی لەڕۆژی سێشمە ٤/٣٠ دەگاتە لای مسعود بارزانی لە سەری ڕەش.
وەفدەکەی ئێرانیش پێک هاتبوو لە( حەسەنی دانایی فەر)باڵێۆزی پێشووی ئێران لە عێراق وڕاوێژکاری ئێستای ڕابەری کۆماری ئیسلامی بۆ کاروباری عێراق.
و ( عبدالرضا مەسگەریان)فەرماندەی قەرارگەی رەمەزان لەفەیلەقی قودس. بەڵام سەرچاوە ئەمریکیەکان باس لە قائانی بەهاوڕێیەتی (سەروەهەر بەرپرسی پەیوەندیەکانی ئیران لەگەل پارتی )و مەسگەریان دەکەن. لەو سەردانەیان هەر هەمان ڕۆژیش یەکێتی دەبینن.
هەروەها هاوشان لەگەل سەردانەکەی وەفدی ئێران بۆ سەری ڕەش، لەهەمان رۆژ ٤/٣٠، سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق چاوی بە سەرۆکی کۆمۆسیۆنی بالای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەوێ، لەو دیدارە سودانی داوا دەکات کە دەبێت هەڵبژاردن بە سازانی سیاسی بێت و بەشێک لەبودجەی تەرخانکراو بۆ لەچاپدانی فۆرمەکانی دەنگدانی هاوڵاتیان کە دەخرێتە ناو سندوقەکانی هەڵبژاردن ڕادەگرێ.
لێرەوە لەدوای ئەو پێشهات و گۆڕانکاریانە، لەڕاگەیاندی کوردی وا خرایە ڕوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئێران و پارتی رێکەوتن .ئەوەی زیاتر ئەم ڕایەی چەسپاند ، بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو لە ٥/١.
لێرە (پرسیارێک )دێتە پێش باشە ئەگەر ڕێکەوتن لەنێوان ئێران و پارتی هەبێ، بۆ سەرۆکی هەرێم مەرسومی نوێیی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان ڕانەگەیاند؟؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێین:
تا ئەم کاتە هیچ ڕێکەوتنێک لەنێوان ئێران و پارتی نەکراوە، بەڵکۆ گفتوگۆ و دانیشتن کراوە، لەو دانیشتنە ، ئێران هەندێک داوای خستۆتە بەردەم پارتی، هەرکاتێک پارتی مەلەفی ئەو داوایانە تەسلیمی ئێران بکات. ئەوکات دەتوانین بڵێین بەشێک لە دیزاینی هە ڵبژاردن
بەکەیفی پارتی دەبێ.
داواکاریە سەرەکیەکانی ئێران چیە لەپارتی؟ بەخوێندەی خۆم ئەمرۆ تاکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران، ئیسرائیلە. بۆیە
یەکەمین /داوا، ئاشکراکردنی بنکەو بارەگاو وێستگەکانی مۆساد و ئەجێندەکانی مۆسادە لەزۆنی زەرد. هەروەها هاوکارانی مۆساد لەسەرتاپای عێراق و ئێران.
دووەم /داواکاری پچراندی پەیوەندی دەزگای پاراستن بە دەزگای مۆساد.بێگومان داواکاری تریش هەیە.
چۆنی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران، کەنیاز وایە ڕۆژی سێشمە ٥/٧ سەردانی ئێران بکات، بەڵگەیەکی ترە کەڕێکەوتن نەکراوە. بەرای من لەم سەردانەی ، دەبێت نێچیرڤان بارزانی مەلەفی تەواوی داواکاریەکانی ئێرانی لە جانتاکەی بێت. ئەوکاتە دوای ئەم سەفەرە بۆمان دەردەکەوێ ڕێکەوتن هەیە یان نا، ئەویش بە ڕاگەیاندنی مەرسومی دواخستنی هەڵبژاردن بۆمان مەعلوم دەبێ.
بەیاننامەکەی یەکێتیش سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕێکەوتن نەکراوە، بەڵکو دانوسان و گفتوگۆ لەنێوان پارتی و ئێران هەیە. بەیاننامەکەی یەکێتی زیاتر لەقالبی گوشار خستنە سەر پارتی دەردەکەوێ، نەک هەڕەشە لەپارتی. ئەگەر نا دەبوایە هەڕەشەی پاشەکشەی لەحکومەت کردبایە، نەک هەڕەشە بە نووسینی سکالا و شکایەت .
ڕەنگە لێرە پرسیارێک رووبەروومان ببێتەوە. ئەویش ئەوەیە ئایا ڕوو لە ئێران کردن، پێشنیاری عێراقیەکانە، یان هەوڵێکی نێچیرڤان بارزانیە؟
بەرای من نێچرڤان بارزانی بۆ خۆقوتارکردن لەو پەراوێز خستنەی تێی کەوتووە، و گەڕانەوەی بۆسەر گۆرەپانی سیاسی، سەرجەم دیزاینەکانی هەڵبژاردن لەعێراق و ناوخۆی کوردستان و ئێران و تورکیا و ئەمریکا، لەبەرژەوەی نێچیرڤانە، تەنیا دیزانی بنەماڵەکەی خۆی نەبێ کە لە دژی خۆیەتی. چونکە ئەگەری ئەوە هەیە ئێرانیەکان بۆ لەقالبدانی دەزگای پاراستن، یەک لەمەرجەکانیان دوورخستنەوەی مەسرور بارزانی بێ لە سەرۆکایەتی حکومەت. تاکە بەدیلیش بۆ ئەو پۆستە نێچیرڤان بارزانیە.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامە قورسە، ئایا بارزانی دەچێتە ژێر باری ئەو داوا قورسانەی ئێران؟
یان بەدیۆکی تر ئەگەر بارزانی نەچێتە ژێر رکێفی ئەو داواکاریانە و هەڵبژاردنی دواخست، چی ڕوودەدات.؟
بەرای من و خوێندنەوەی من، پێش هەڵبژاردن ئەگەر بخرێتە مانگی (١٠) پێشهاتێکی گرنگ و چاوەڕوان نەکراو دێتە ئاراوە، ئەگەری ئەوە هەیە لەناو هەیکەلی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدرێ؟

وتاری زیاتر