ئۆڤەرێک بۆ وەزیری دارایی تازەی ھەرێم

لە لایەن دڵشاد مەجید23/07/2019


ئەگەر وەزیری دارایی و حزبەکەی وەزیر نیازی چاکسازی و لەناوبردنی گەندەڵیان ھەیە، من بۆ ئاسانکردنی بەرنامەکەی ئەو ئۆڤەرەی دەخەمە بەردەست کەدڵنیام نە خۆی و نە وەزیرەکانی پێشووتری حکومەت نازانن لەدوای روخانی ڕژێمی عێراق چەند پارە لەبەغداوە ھاتۆتە ھەرێم !

ئەم ئامارە لە بەشی بودجەی فەرمانگەی تۆژینەوەکانی پەرلەمانی عیراق ئامادەکراوە، کە گشت داتاو زانیاریەکانی لە حکومەت و وەزارەتەکانی عیراق کۆدەکاتەوە و دەیخاتە بەردەم ئەندام پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان .

ئەم ئامارە لەساڵی ٢٠٠٥ وە تا ساڵی ٢٠١٦ تەواوی ئەو گوژمە پارانەی لەبەغدا دراوە و نێردراوە بۆ ھەرێم تیدا دەست نیشان کراوە، ھەروەھا ھەرێم لەداھاتە ناوخۆییەکان چەندی گەراندۆتەوە بۆ بەغدا، لەھەمووی گرنگتر گوژمەی دەسکەوتەکانی ھەرێمی تیایە لەفرۆشتنی نەوت لە ھەرسێ ساڵی (٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦) .

ئەگەر داھاتی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم لەھەرسێ ساڵی (٢٠١٧و ٢٠١٨ و ٢٠١٩) و ھەروەھا بودجەی نێردراوی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ی عیراقیش بۆ ھەرێم و داھاتە ناوخۆییە حەقیقەکانی ھەرێمێ و ٣٠ ملیار دۆلارە قەرزەکەی حکومەتی ھەرێمشی لەگەڵ ھەژمار بکەین، نزیکەی زیاترلە ١٨٠ ملیار دۆڵار ھاتۆتە ئەم ھەرێمە !

ئەگەر ئەم پارەیە دابەشی سەر ١٤ ساڵی بکەین ساڵانە بودجەی ھەرێم خۆی لەنزیکەی ١٣ ملیار دۆلار دەدات .

وەزیری نوێ گوایە ئێوە بۆ چاکسازی ھاتونەتە ناو حکومەت فەرموو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەم داھاتە بکە و پێمان بڵێ ئەم پارانە لەکوێن و ئەو عەدالەتەی بەدوای وێڵی بۆمان جێ بەجێ بکە ؟ 

لەم خشتەیەدا ھاتووە :

١- حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٦ گوژمەی ( ٨٩ تڕلیۆن و ٣٠١ ملیار و ٦٠١ ملیۆن دیناری ) ناردووە بۆ ھەرێم.

٢- حکومەتی ھەرێم لەنێوان ھەمان بەروار ( ٢ تڕلیۆن و٢٧٣ ملیارو٤٣٠ ملیۆن) دیناری لە داھاتی ناوخۆ داوە بەعیراق.

٣- دوای دەرکردنی گوژمەی داھاتی ناوخۆ، حکومەتی ناوەند ( ٨٦ تڕلیۆن و٨٥٧ ملیار و ١٥٧ ملیۆن دیناری) ڕادەستی ھەرێم کردووە.

٤- لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٦ حکومەتی ھەرێم بەگوژمەی ( ٢١ تڕلیۆن و٢١٧ ملیار و٥٢٠ ملیۆن دینار) نەوتی بەبێ ئاگاداری ناوەند فرۆشتووە .

٥- کۆی ئەو داھاتەی ھەرێم لەساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٦ لەبەغدا بۆی ھاتووە ( ١٠٨ تڕلیۆن و ٧٤ ملیارو٦٩١ ملیۆن دینار) بووە.

ئەگەر بێت ئەم گووژمە پارانەشی لەگەل ھەژمار بکەین بۆمان دەردەکەوێ چ بڕە پارەیەکی زۆر و خەیاڵی ھاتۆتە ئەم ھەرێمە !

- حکومەتی ناوەند لەساڵی ٢٠١٨ (٨) بوودجەی ھەرێمی نارد، کە ئەویش ( ٨ جاران٣١٧ ملیار دینار بوو) کەدەکاتە ( ٢ تڕلیۆن و ٥٣٦ ملیار دینار).

- ھەروەھا حکومەتی عێراق لەم ساڵیش تا ئێستا بوودجەی ٦ مانگی ناردووە، ئەویش ( ٦جاران ٤٥٤ ملیار دینار بوو) کەدەکاتە ( ٢تڕلیۆن و ٧٢٤ ملیار دینار) ئەمە جگە لەو ٦٨ ملیار دینارەی کەبۆ پێشمەرگە تەرخان کراوە .

- ٣٠ ملیار دۆلار قەرز، داھاتی فرۆشتنی نەوتی ھەرساڵی (١٧ و١٨و١٩) و داھاتە ناوخۆییەکان ھتد.

ئەم ھەموو بڕە پارەیە خۆی لە زیاتر ١٨٠ ملیار دۆلار دەدا .

وەزیری نوێی چاکسازیخواز .. ئەگەر دەتەوێ چاکسازی بکەی وەرە لێرەوە دەست پێ بکە  !

وتاری زیاتر