پێم ناڵێن کوا ٣١ی ئاب تەواو بووە؟

لە لایەن دڵشاد مەجید31/08/2024

کێ دەڵێ بەیانی ٣١ی ئابە؟

ئەوانەی خاوەنی مێژووی ٣١ی ئاب بن، هەرگیز ناتوانن مێژووێکی جیاواز دروست بکەن، هەرگیز ناتوانن, سەرفرازی و شکومەندی بەدەستبهێن، هەرگیز ناتوانن کەرامەتی مرۆڤ و قودسەیەتی خاک بپارێن!!
ئەوانەی ڕۆژێک لەڕۆژان دۆژمنیان بەدۆست زانیبێ، هاوزمان و هاونەتەوەو هاو خاکیان بەدووژمن زانیبێ، هەرگیز ناتوان ,کەرامەت و شەرەف و ژیانی مرۆڤی کورد بپارێزن!
خەیاڵ خاون خەیاڵ پڵاون, گەمژەو نەزان و ساختەچی و قوڵبڕن، هەرکەسێک مێژووی ٣١ ئاب، بەرابردوو بزانێ، تا ئەم ساتە و ئەوساتەی هێشتاش نەهاتووە ٣١ی ئاب هەربەردەوامە!!
تەوقویمنامە و ساڵنامەی ئێمە، هەموو ڕۆژەکانی ساڵی تەنیا یەک ڕۆژە ئەویش ٣١ی ئابە، نە ڕۆژ دەبێتە یەک و نە مانگیش دەبێتە مانگی سێپتێمبەری نوێ، نە وەرزەکانیشی دەگۆرێ، لای ئێمە هەر کۆتایی وەرزی هاوینە!!
چیی گۆڕاوە دوای ٣١ ئاب ؟ ( 28) ساڵە بەزۆر و زۆرداری دەسەڵات زەوت کراوە، لەباوک بۆ کوڕ، لەکوڕ بۆ بنەماڵە.
سنوور هەر سنووری ٣١ی ئابە، دەسەڵات هەر دەسەڵاتی ٣١ ئابە، کوردپەروەر و ریفراندۆمچی و سەربەخۆیخواز و سکرتێرو سەرۆک و مەکتەب سیاسیەکان هەرپیاوکوژەکانی ٣١ی ئابن.
لە٣١ی ئابەوە ئەگەر گومرگ لەخەڵک زەوت کرابێ، ئەوە ئەمڕۆ سامانی ژێر زەوی و سەر زەویشی لێ زەوتکراوە،مووچەو بژێوی ژیانیشیان لێ بڕاوەو زەوتکراوە.
بەهەمان چەک و عەقلیەت, خەڵک و حزب و تەلەفزیون و رۆژنامەنووس، لەمەیدانی جەنگی ٣١ی ئاب یا تیرۆر دەکرێن یا زیندانی دەکرێن، یا سنوورداشی ئەودیوی سنووری ٣١ی ئاب دەکرێنەوە،چی گۆراوە٠؟؟
ئەوکات سەربازگەیەکی جەندرمە بوو، ئێستا دەیان و سەدان سەربازگەیە.
لە٣١ی ئاب سەدان ڕۆڵە سەرنگوم و شوێن بزر و تیرۆرکرا، کەچی ئەمرۆ هەزاران ژن و کچی کوردی ئێزدی هەراج کران، سەدان کیلۆمەتر فرۆشرا.
ئەگەر لە ٣١ی ئاب دووژمنێک بۆ هەفتەیەک بەگەشتێک هاتبێ، ئەوا لە٣١ی ئابەوە دوژمنێکی تر بوو بە ساحب ماڵ و لێیداکوتا٠
باشە ئەگەر ٣١ی ئاب بەردەوام نەبێ، چۆن دووژمن دەتوانێ بەسەر جادەکان و لەنێو کۆڵان و سووچی ماڵەکان بەدرۆن بماندۆزێتەوە و بمانکوژێ؟؟
پێم ناڵێن کوا ٣١ی ئاب تەواو بووە؟؟
#روون_میدیا

وتاری زیاتر