نوری مالیکی لەنێوان ئێرانیەکان و ئەمریکییەکان ؟

لە لایەن دڵشاد مەجید16/07/2022

روون میدیا / وتار
بەشی سێیەم :
نوری مالیکی لەنێوان ئێرانیەکان و ئەمریکییەکان ؟
- عێراق لەدوای رووخانی رژێمی پادشایەتی لە ساڵی ١٩٥٨ ، بەردەوام بارمەتەو کارتی دەستی دەوڵەتی ئێران بووە، ھەر لەسەردەمی شای ئێرانەوە بگرە تا ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی .
ھەر لە تیرۆرکردنی عبدالکریم قاسمەوە تا بزووتنەوەی چەکداری ئەیلولی کورد، لەوێوەش بۆ رێکەوتنی جەزائیر و دواتر شەڕی نێوان عێراق وئێران و لەکۆتایش رووخانی رژێمی سەدام.
ئێران لەو ٧٠ ساڵەی رابردوو گەورەترین یاریکەری ناو عێراق بووە، بەردەوام بۆ گوشارکردنە سەر دەوڵەتی عێراق و میحوەرەکەی چەندین کارت و چەندین ھێزی عێراقی بەدەستەوە بووە.
بەمانایەکی تر عێراق ھەمیشەو بەردەوام ( حەدیقەی پشتەوەی ئێران بووە). بۆیە ئێران لە موعادەلەی سیاسی عێراق گرنگە و ناکرێ بەنادیدە بکرێ.
-️ کاتێکیش لە دوای ٢٠٠٣ ئەمریکیەکان دێنە ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق ، لێرەوە ئێرانیەکان ئەگەر پێشتر ناراستەوخۆ لەبەرامبەر ئەمریکا یارییەکان و مناوەراتە سیاسیەکانیان دەکرد، ئەوا دوای ٢٠٠٣ ئەمریکایەکان و ئێرانیەکان لەناو عێراق بەراستەوخۆ رووبەرووی یەکتر دەبنەوە.
لێرەوە عێراقیش دەبێتە (پاخچەو حەدیقەی پشتەوەی )ئەمریکیەکان.
ئەمریکیەکان بۆ ھێشتنەوەو مانەوەیان لەنێو حەدیقەکە، دەبێت بەجورێک لەجۆرەکان لەگەل ھەژموون و پێگە و بەرژەوەندیەکانی ئێران، جۆرێک لەڕێکەوتنی ژێر پەردەو لێکتێگەیشتنیان لەگەل ئێرانیەکان ھەبێت کەدەکرێت لەعێراق ھیچ تەرفێک ، تەرفەکەی تر ئاوت نەکات، ھەر تەرەفەو بەش و پشکی خۆی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و عەسکەری و ئەمنی و سیاسی و حوکمرانی عێراق ھەبێت.
-️ بەڵام لەسالی ٢٠١٨ وە ئێرانیەکان لەناو خەیاڵ پلاوی خۆیان، وا تێگەیشتن کەدەتوانن ئەو ڕێکەوتنە ژێر بەژێریە لەگەل ئەمریکیکەکان بەلاوە بنێن و ئەمریکا لەعێراق ئاوت بکەن ، ئەوەبوو بە دانانی ( عادل عبدالمھدی) وایان زانی تەواو ئەمریکیەکان بێ دەسەڵاتبوون ، بەلام ئەمریکیەکان بە ھێزی شەقام عادل عبدالمھدیان لادا و ئەمجارە دیسانەوە بەناچاری بە رێکەوتنی ئەمریکیەکان و ئێرانیەکان ( کازمی ) دانرا.
-️ لەبەرامبەر یاریەکەی ٢٠١٨ ی ئێرانیەکان ، ئەمجارەیان ئەمریکیەکان لەڕێگای بەریتانیەکان و تورکیا و ئوردن و ووڵاتانی کەنداو، وویستیان ئێرانیەکان لە عێراق ئاوت بکەن ،بەڵام ئێرانیەکانیش بەھەمان شێوەی ئەمریکیەکان ، نەیانھێشت ئەم پلانە سەر بگرێ و ھاوپەیمانی سێ قۆلیان ھەڵوەشاندەوە.
-️ لەدەرئەنجامی ئەم ململانیێیەی نێوان ئێران و ئەمریکا ، ھەردوولا بەتایبەتی دوای شەڕی رووسیاو ئۆکرانیا، گەیشتوونەتە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن، کە بگەڕێنەوە سەر رێکەوتنە ژێر بەژێرەکەی پێشووتر، کە پێکەوە ئیدارەی عێراق بدەن.
لێرەوە بۆ ئەم قوناغە لەناو سەرجەم ھێزە شیعەکان ، تاکە کەس کە دەتوانێت مەقبولیەتی ھەردوو تەرەف بەناچاری بەدەست بھێنێ (نوری مالیکیە).
ھەرچەندە ئەمریکیەکان پێیان باشە و ئاواتەخوازن دۆخەکە بەم شێوەیە بێ (کازمی) لەسەرکاربێت بەلام ئێرانیەکان بەم دۆخەی ئێستا رازی نین.
ئێرانیەکان دۆش داماون لەبەرامبەر یا بە بەردەوامبوونی ( کازمی) یا دەستبەکار بوونی بەناچاری ( مالیکی ) وەک سەرۆک وەزیران !!.
- پرسیار ئەوەیە بۆ ئێرانیەکان بەناچاری پشتگیری نوری مالیکی دەکەن؟
یەكەم : لەبەرئەوەی، مەرجی ئەمریکیەکان ئەوەیە ، نابێت سەرۆک وەزیران ( لەجەماعەتی وەلائیەکان، واتە قیاداتی حەشدی شەعبی) سەر بەئێران بێت.
دووەم : بۆ ئێرانیش روون بۆتەوە و دەرکەوتووە، سەرجەم سەرکردەکانی حەشدی شەعبی گشیان بێ ھێزن لەبەرامبەر ( صدر) تەنیا کەس کە بتوانێت ململانێ لەگەل سەدر بکات ئەویش ( نوری مالیکیە).
سێیەم : ئێران ھۆکاری بێ ھێزبوونی خۆی لەعێراق لەدوای ھەڵبژاردنی ٢٠٢١ بۆ ھادی عامری دەگەڕێنێتەوە ، چونکە ئەنجامەکانی ئەم ھەڵبژاردنە لەسایەی ھاوپەیمانی سەدرو عامری ھاتەدی.
ئەم ئەنجامانە پێش ئەوەی کڵاو بێ لەسەر عامری كڵاو بووە بۆ سەر ئێران.
نوسینی : دڵشاد مەجید / رۆژنامەنوس

وتاری زیاتر