ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکا هات بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس بە کوشتنی ٤٣ یان ٤٢ رۆڵەی ئەم وڵاتە دەستی پێ کرد، یەکێتی داوای لە ئەمریکا کردبوو
کە چەکدارەکانی ئەنساروئیسلام لە ناوچەی هەورامان لەناوببات.
لەتەنیشتی ئەوان هێزەکانی کۆمەڵی ئیسلامی جاران و کۆمەڵی دادگەریی ئێستا هەبوون.
٢١ لەسەر ٢٢ی ئازاری ٢٠٠٣، بە ١١٠ تۆماهۆک بارەگاکانی چەکدارەکانی ئەنسار و هێزەکانی کۆمەڵی ئیسلامی بۆردوومانکران.
ئەو شەوە تەنیا یەک چەکداری جوندولئیسلام کوژرا و باقیەکەی هەمووی ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی بوون.
هەموو ئامانجەکە ئەوەبوو کۆمەڵی ئیسلامیش بخرێتە پاڵ ئەنسار و ئیسلام و بۆ هەمیشە کۆتایی بە جوڵاندنەوە ئیسلامییەکانی کوردستان بهێنرێت.
کۆمەڵ چی هەڵبژارد! بەشێک لە ئەندامان و سەرکردەکانی ئەوکاتە پێیان وابوو دەبێت لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی شەڕ بکەن، بەڵام ئەمیری (سەرۆکی ئێستا) زۆر ورد و سیاسییانە مامەڵەی کرد و توانی حیزبەکەی بپارێزێت.
بە رێککەوتنێک چەکەکانی رادەست کرد و هەورامانی بەرەو سنووری رانیە جێهێشت.
چەند ساڵێک ئەم حیزبە رووبەڕووی سەختی و گرتنی ئەندامانی و سەرکردەکانی بوویەوە، وای لێهات ئەندامانی کۆمەڵ لە ئەندامانی ئەنسار و ئیسلام داواکراو تر بوون.
بەڵام بە ژیرانە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان دواجار گەڕایەوە ناو ساحەی سیاسی و لە لەناوچوون خۆی دەرباز کرد.
پەیوەندیدار بەم دۆخەی ئێستاوە.
ئەوەی رۆژێک لەم وڵاتەی ئێمە ژیابێت دەزانێت، پارتی و یەکێتی پێکەوە بە قەبارەی جیاواز نەوت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی ئێمەیان بردووە و بە تانکەر و بۆری و هەر رێگەیەکی مومکین کردوویانەتە پارە و بۆ خۆیان و نەوە و کوڕ و کوڕەزاکانیان بردووە.
ئێستا ئیتر گەیشتونەتە کۆتایی رێگاکە! زەیدیان لێ پەیا بووە و تڕەمپ پشتیوانی ئەکا!
ئەگەر کەسانی یەکەمی پارتی و یەکێتی دەیانەوێت خۆیان رزگار بکەن، با خەڵک و خاکی کوردستان وەک گۆشتی قوربانی نەخەنە بەردەست ئەو پێ پەتیانە.
با هەمان ئەزموونی ئەفغانستان دووبارە نەبێتەوە، سەرقاڵ مەبن بە وەڵام و وەڵامکاری بەغداوە، تا کات ماوە، ئەوەی کە پێویستە بیگرنە بەر.
حکوومەتێکی رزگاری نیشتیمانی بە بەشداری تەواوی لایەنە سیاسییەکان تا ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن رابگەیەنن.
ئەرکی ئەم حکوومەتە تەنیا و تەنیا بە پەلە رێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و ئامادەکاری بێت بۆ هەڵبژاردنێک دوور لە دابەشکردنی پارەی دزراوی نەوت و قاچاخچێتی و بۆ جارێکیش بێت خەڵک نوێنەری راستەقینەی خۆی هەڵبژێرێت.
#١- مەسرور بارزانی لە کاندیدێتی سەرۆکی حکوومەت بکشێننەوە و کەسێکی تەکنۆکرات حکوومەتەکە پێک بهێنێت.
ئەم پیاوە لەوەتەی هاتوەتە پێشەوە قەیران لە دوای قەیران بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە، هۆکارەکەی هەرچی بێت! لە مانەوەی ئەم پیاوەدا هیچ شتێک ناگاتە ئەنجام.
#٢- بە خێرایی شاندێکی حکوومەتی رزگاری نیشتیمانی لەگەڵ بەغدا بکەوێتە گفتوگۆ، لەم گفتوگۆیانەدا زۆر شت لەدەستدەدەین بەڵام باشترین شت ئەوەیە بە کەمترین زیان دەربچین.
#٣- حکوومەتەکە بەخێرایی هێزە ئەمنییەکان رێک بخاتەوە و هەردوو بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکە لە پێناو مانەوەی خۆیان هاوکاری بن و بگەڕێنە دواوە.
ئەگەرنا!
ئەو کاتەی کە سوپای عێراق هات، بڕوا بکەن کەس پشتگیریتان ناکات، خەڵک لێتان پڕە، هێشتا قەبارەی ئەو نیگەرانییەی خەڵک نازانن.
ئەمڕۆ مامۆستای مزگەوتەکەمان پڕ بە دەمی هاواری ئەکرد و ئەیوت حەیاتان بردین! ئێمە بە نەوەی سەلاحەدین ناسرا بووین ئێستا پێمان ئەڵێن دزی نەوت.
بە دووری مەزانن پێ پەتییەکانی حیزبوڵلاو تاقمە سەیر و سەمەرەکان نەیەنە ناو هەولێر و سلێمانی.
ئێستا ئیتر فریای ئەوەش ناکەون بچنەوە ئەمریکا و بەریتانیا، دڵنیابن دەستگیرکر ئەکرێن هاوشێوەی سەرکردەکانی رابردوو دادگاییتان ئەکەن.
هەنگاوێک بچنە دواوە و خۆتان بۆ میللەتەکەتان بچەمێننەوە تا سبەی نەتانچەمێننەوە.
رێبوار حەمەلاو ئەحمەد