تەنیا بە ژمارەکانی خۆیان! توانای دابەشکردنی ١٢ مووچەیان بە زیادەوە هەبووە.
بەو ژمارانەی وەزارەتی دارایی خۆی بڵاویکردووەتەوە نەک پارەی تەواوەتی مووچە لە بەردەستدا بووە بەڵکو زیادەیشی هەبووە.
وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم لە دوایین روونکردنەوەیدا دانی بەوەدا ناوە ئەمساڵ عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیاتر لە ١٠ ترلیۆن و ٧٥٠ ملیار دیناری ڕەوانەی هەرێم کردووە!
ئەم بڕە پارەیە دابەش بکرێتە سەر ١١ مانگدا هەر مانگی زیاتر لە ٩٧٧ ملیار دیناری بەردەکەوێت!
بەو مانایەش عێراق ١١ مووچەی بە تەواوەتی رەوانەی هەرێم کردووە، بەڵام حکوومەتی هەرێم بەم پارەیە تەنیا ١٠ مووچەی دابەشکردووە! هێشتا مووچەکانی مانگی ١١ و ١٢ دابەش نەکراوە،
بە گوێرەی روونکردنەوەیەکی دیکەی وەزارەتەکە کە لە٢٩ی ١٢ی ٢٠٢٣ بڵاویکردووەتەوە دان بەوەدا دەنێت داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم مانگانە ٣٢٠ ملیار دینارە و ساڵانە دەگاتە چوار ترلیۆن دینار!
وەزارەتی دارایی وتوویەتی، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٣٩٩ ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆ بە بەغدا داوە (نزیکەی ٤٠٠ ملیار) بەوەش ٣ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دیناری بە نزیکەیی لەبەردەستدا ماوە!
هەر وەزارەتەکە لە دوو روونکردنەوەی فەرمیدا لەمساڵ و ساڵی رابردووش وتوویەتی خەرجی وەزارەتەکان مانگانە ١٦٠ ملیار دینارە، بەوەش ترلیۆنێک و ٩2٠ ملیار دیناری بۆ خەرجی وەزارەتەکان رۆشتووە!
کەچی هێشتا ترلیۆنێک و ٦٨٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە کە بەشی زیاتر لە مووچە و نیوێکیش دەکات! هەر بە وتەی خۆیان مووچەی مانگێکی مووچە خۆران ٩٥٠ ملیار دینار تا نزیک بە ترلیۆنێک دینارە!
واتە وەزارەتی دارایی هەر بەو ژمارانەی خۆی کە باسی کردووە دەتوانێت مووچە نەدراوەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بدات و زیادەشی لێ بمێنێتەوە!
هەرچەندە ئەو پارانەی لەسەر داهاتی ناوخۆ خراونەتە ڕوو ئەوانەن کە گەیشتونەتەوە دەست وەزارەتەکە، ئەگەر نا ئەو داهاتە زەبەلاحەی لە ئیبراهیل خەلیل و خەتە تایبەتەکان کە لە خاڵە سنوورییەکانەوە هەیە بە تەواوی نازانرێت چەندە!
ئەمە جگە لەو پارە زەبەلاحەی لە فرۆشتنی نەوت بە قاچاخ بە دەست دێت، کە رۆژانە سەر و ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت! داهاتەکەی ناگەڕێتەوە سەر خەزێنەی حکوومەت.
#روون_میدیا