خەڵکی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆز و شپرزدرا تێدەپەڕێت، مۆدێلی نیوە مووچە و روبعە مووچە بۆ مۆدێلی برسی کردن گۆڕاوە!
بێ مووچەیی و خراپی گوزەرانی خەڵک لە ئێستادا هۆکارەکەی لانیکەم رادەستنەکردنی نەوت و رێک نەکەوتنە لەگەڵ بەغدا! بەکارنەهێنانی داهاتە ناوخۆییەکانە بۆ بژێوی خەڵک!
من پێم وایە هەڵەیەکی زەقە گەر میدیا و خەڵکی نوخبە بڵێن حکوومەتی هەرێم ئامادە نیە نەوت رادەستی بەغدا بکات بەڵکو دەبێت بوترێت پارتی و لەناو پارتیشدا مەسرور بارزانی وەک کەسی یەکەم!
ئەوەش لەبەرئەوەی دۆسیەی نەوت لە دەستی پارتی وەک حیزب، مەسرور بارزان وەک کەسی یەکەمی ئەو حیزبەدایە نەوەک مەنزومەیەک بەناوی حکوومەت!
زۆرترینی کێڵگە نەوتییەکان لە ژێر دەستی پارتی و کەسی یەکەمی ئەو حیزبەدان و لەو دۆسیەشدا حساب بۆ هیچ هێز و لایەنێکی دیکە ناکات بە دیاریکراوی یەکێتی!
ماوەیەکی زۆرە خەڵکی کوردستان هیوای ئەوەی پێ دراوە کە بەغدا سەرچاوەی گەیشتنە بە کەناری ئارامی دارایی! ئێستا خەریکە ئەو هیوایەش نامێنێت! بۆیە ئەو کاتەی هیچ دەرەچەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە خراپە نامێنێت، تەقینی جەماوەری بژاردەیەکی چاوەڕوان کراو دەبێت!
لەم دواییانە جوڵانەوە و دژ وەستانی سەرۆک عەشیرەت و چەک بەدەستەکانیش چەند جارێک بینراوە بەڵام ئەکرێت وەک سەرەتای کەوتنی دەسەڵاتی نەوەی دووەمی بارزانی و تاڵەبانییەکان تەماشا بکرێت؟!
ئەوە روونە کە پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی چەک بەدەست، بە ئەمری واقع ماوەی سێ دەیەیە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دەکەن! نەک بە شەرعیەتی هەڵبژاردن! پێگەی جەماوەرییان ئەوەندە لاوازە هەر کە کەوتن هیچ دەستێک بۆ بەرزکردنەوەیان هەڵناکرێت!
راستیەکی حاشا هەڵنەگرە مانەوەی ئەم هەرێمە لەناو عێراقدا لەم دۆخەی ئێستادا بەهۆی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئەورووپاوە بووە، هەر کاتێک ئەو پشتیوانیانە نەمێنن هەر زوو گۆڕانکاری گەورە بەسەر حوکمڕانیدا دێت و دەگەڕێتەوە پێش ڕاپەڕین!
ئەم دوو حیزبە بەهۆی تەخشان و پەخشانکردنی داهاتی گشتی، گەندەڵی و فەسادی ئیداری رێکخراو، برسی کردنی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان پشتیوانی خەڵکی کوردستانیان بە تەواوی لەدەستداوە.
لەناوخۆی هەردوو حیزبەکەدا کەسانی یەکەم و دەستڕۆیشتوویان کە مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانین، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی بێدەنگ، خۆی بۆ مەڵاس داون کە بەهۆی سەرکوتکردن و بێدەنگ کردنیان دەکرێت لە هەر کاتێکدا بۆ تۆڵە کردنەوە پێیاندا بتەقنەوە.
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دوو رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی بەرانبەر هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە سنووری هەولێر و سلێمانی روویانداوە! (خەبات و بازیان)!
هەرچەندە رووبەڕووبوونەوەکەی سنووری بازیان ئەوەندەی نەکێشا و پێکدادانی چەکداری رووی نەدا! بەڵام بە ئاشکرا هەڵکێشانی چەک بەرانبەر بە هێزێکی یەکێتی پێشهاتێکی نوێ بوو!
لە هەولێر! بۆ یەکەمجار لە سنووری دەسەڵاتی پارتی! لەسەردەمی زێڕینی کوڕە گەورەکەی مەسعود بارزانی! بە چەک وەڵامی هێزەکانی پارتی درایەوە و خەڵکیان لێ کوژرا!
لەو رووداوەدا مەسرور بارزانی دوو شکستی گەورەی تووشبوو! هێزێکی عەشایەری رووبەڕووی هێزەکانی بوویەوە و نەیانتوانی داواکراوەکە دەستگیر بکەن!
لەگەڵیشیدا ناچاربوو پەنا بۆ نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای ببات تا وەک هەمیشە فریای دۆخەکە بکەوێت کە ئەوەندەی نەمابوو لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت!
ئەم بەرهەڵستیە چەکداریانە لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت سەرەتای گۆڕانکارییەکی خراپ و ماڵوێرانکار بێت! کە دۆخێک بخوڵقێنێت هەموان لێی زیاندمەند لە پێشیانەوە خاوەن داهاتەکان!
ئەم جوڵانەوە چەکداریانە! هەرچەند بە ڕواڵەتدا بەرانبەر تاقمێکی دیاریکراوی ناو پارتی و یەکێتی بووە! بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە نیشان دەدات گرووپی عەشایەری زۆر هەن کە چەکیان لە دەستە و توانای رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەو دوو حیزبەیان هەیە!
پەیوەندیدار بە دۆسیەکەوە!
کەسانی یەکەمی پارتی و یەکێتی ئەگەر بیانەوێت درێژە بە برسی کردنی خەڵک بدەن و بیانەوێت لە چارەکە مووچەوە بۆ سێ مانگ جارێک - بە مووچەیەکی بەغدا خەڵک رازی بکەن! لەگەڵیشدا بە بەرچاویانەوە داهاتی نەوت و سەرچاوەکانی دیکە بۆ خۆیان بەرن، دەبێت چاوەڕێی کاردانەوەی توندی خەڵک بکەن! کە دوور نیە سەر بۆ توندوتیژی و دواجار نەمانی خۆیان نەکێشێت!
کورد وتەنی برسێتی رەگی هاری پێوەیە!
بۆیە هەر ئەو سەدان سەرۆک عەشیرەتەی کە بۆ پاراستنی خۆیان لە سێ دەیەی رابردوودا پێیان گەیاندوون دوور نیە ببنە سوتەمەنی ئەو ئاگرەی کە دەمێکە چاوەڕێی هەڵگیرسان دەکات!
رێبوار حەمەلاو ئەحمەد