کاتێک وەزیرە عەرەبەکان زیاتر لە کوردەکان پارە بۆ هەرێم دەنێرن!

لە لایەن رێبوار حەمەلاو15/05/2026

کاتێک وەزیرە عەرەبەکان زیاتر لە کوردەکان پارە بۆ هەرێم دەنێرن!
هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری ئەکەن نەدانی مووچە بخنە گەردنی وەزیری نوێی دارایی!
لە ٢٠١٤ وە تا ٢٠٢٠ وەزارەتی دارایی عێراق بە دەست پارتیەوە بووە نزیک بە ١٢ ترلیۆن دینار بۆ هەرێم هاتووە!
تەیف سامی بەتەنیا خۆی لەماوەی ٤ چوارساڵدا ٣٠ ترلیۆن دیناری ناردووە!
میدیاکانی پارتی دەستیان کردووە بە بانگەشە بۆ وەزیری نوێی دارایی عێراق کە کەسێکی رەگەزپەرست و دژە کوردە! زۆر سەختگیرانە بەرانبەر پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان جوڵاوەتەوە.
فالح ساري وەزیری نوێی دارایی عێراقە سەر بە رەوتی حیکمەیە، کە لەلایەن عەممار حەکیمەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ساری لە خولی پێنجەمدا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بووە، لە کۆبونەوەکانی پەرلەمان هەر بابەتێک پەیوەندی بەهەرێمی کوردستانەوە هەبووبێت (بەپارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە) ئەم فالحە دژی بووە!
ئەم بابەتە کاک سۆران عومەر ئەندامی پێشووی پەرلەمان وروژاندی، میدیای پارتی زۆر بە وردی ئیشی لەسەر دەکات، وەک ئەوەی ئامادەمان دەکات بۆ ئەوەی ئەگەر مووچەناردن دواکەوت بڵێن ئەوەتا وتمان وەزیری دارایی راسیست و دژە کوردە!
ئەوەی لە عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی هەرێم دەدات، وەزیری دارایی نیە بەڵکو یاسای بودجەیە!
با پەرلەمانتارانی ئەم خولە بە ئەندازەی ئەوە فەهمیان هەبێت یاسای بودجە جۆرێک تێپەڕێنن بۆمبی تەوقیتکراوی تێدا نەبێت سبەی نەک هەر وەزیری دارایی هەر دەشتەکییەک هەڵسێت بەناوی جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە رێگری لەناردنی قوتی خەڵک بکات.
لە بودجەی سێ ساڵی رابردوودا یاسای بودجەی حکوومەتی فیدڕاڵ بە جۆرێک تێپەڕێندرابوو کە پشکی هەرێم لەسەر خەرجی فیعلی حکوومەتی فیدڕاڵی دیاریکرابوو نەوەک لەسەر ئەو داهاتەی دێتە بەردەستی، کە هەموو پشکی هەرێم بە ئەستەم بەشی مووچەی دەکرد تا بگات بە پڕۆژەکان.
جیا لەوە، هەر کە یاسای بودجە تێپەڕی و پەسەند کرا، مەسرور بارزانی سەرۆکی ماوە بەسەرچوو بە حسابی خۆی سکاڵای لە دادگای فیدڕاڵی دژی چەند ماددەیەکی یاساکە تۆمارکرد، لەبری باشکردنی خراپتری کرد!
لە یاسا پەسەندکراوەکەدا پشکی هەرێم تەنیا بە رەزامەندی سەرۆک وەزیران دەنێردرا، بەڵام بەهۆی سکاڵاکەی سەرۆکی ماوە بەسەرچووەوە دادگا دەسەڵاتەکەی گێڕایەوە بۆ تەیف سامی وەزیری دارایی!
واتە تەیف سامی دەیتوانی پارەکە رەوانە نەکات، وەکی ئەوەی دەیکرد! ئەویش بیانووی یاسایی بۆی هەبوو!
کورد وتەنی بۆ ریشی چوو سمێڵی نایە بانی! ئەم جۆرە هەنگاوانە نیشانەی نەبوونی راوێژکاری شارەزا و پەیوەندیدارە لە دەوری سەرۆکی حکوومەتی ماوەبەسەرچوو.
هەر بەو بۆنەوە، یەکێک لە ڕاوێژکارە داراییەکانی مەسرور بارزانی رێباز حەملانە کە لە پەرلەمان دەنگی پێ نەدرا.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ لەدەست پارتی بووە (هۆشیار زێباری و فوئاد حوسێن)!
لە سەردەمی وەزارەتی هۆشیار زێباری (٢٠١٤-٢٠١٦)دا تەنها نزیکەی ٣.٨ تریلیۆن دینارڕەوانەی هەرێم کرا، لە سەردەمی فوئاد حوسێن (٢٠١٨-٢٠٢٠) لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، نزیکەی ٨.١ تریلیۆن دینار رەوانە کرا.
کەچی لە سەردەمی تەیف سامی (٢٠٢٢-٢٠٢٦)دا سەرەڕای توندبوونی ململانێ میدیایی و سیاسییەکان و ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، نزیکەی ٣٠ تریلیۆن دینار رەوانەی هەرێم کراوە! واتە چەند هێندەی ئەو پارەیەی وەزیرە کوردەکان ناردوویانە!
بۆیە شتێکی زۆر بێ مانایە هەر لە ئێستاوە رای گشتی بۆ ئەوە ئامادەبکەیت کەوەزیری دارایی نوێی عێراق لەبەرئەوەی دژە کوردە کێشە بۆ مووچە دروست دەکات.
شەڕی پشکی هەرێم یەکەمجار لە وەزارەتی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەی دارایی پەرلەمان و دواجار لە هۆلێ پەرلەمان دەکرێت کە لە هەنگاوەکانی ئامادەکردنی یاسای بودجەدا نوێنەرە کوردەکان بیکەن، کە رێگە نەدرێت هاوشێوەی سێ ساڵی رابردوو یاساکە بە بۆمبی تەوقیتکراو تێپەڕێنرێت.!

وتاری زیاتر