بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی تیمە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی حکوومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم ئەنجامیان داوە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لەو خشتەی مووچەدا روو نادات کە بە ئامادەبوونی خودی وەزیری دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادەکراوە.
واتە مانگانە ئەو بڕە پارەیەی کە لە عێراقەوە دێت هەمان ئەو بڕە پارەیە دەبێت کە بۆ مانگی ١ی ٢٠٢٥ رەوانە دەکرێت! بە هەندێک گۆڕانکاری بچووکەوە!
ئەمە بەو واتایە دێت، لە ٢٠٢٥ دا داواکاری پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ ناکرێت!
مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی رابردوو دابەش ناکرێت!
چارەنووسی مووچە فەوتاوەکانی ساڵانی رابردوو دیاری ناکرێت!
کە داواکاری سەرەکی مامۆستایانی مانگرتووی ناو خێمەکەی بەردەم یو ئێنن لە سلێمانی.
تەنیا لە بارێکدا ئەم داواکارییانە جێبەجێ دەکرێن کە حکوومەتی ماوە بەسەرچوو، یان کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بچێتە ژێر باری جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانەوە لەسەر ئەرکی خۆی! کە ئەوە زۆر مەحاڵە.!
مامۆستایان پێویستە لەسەر داواکارییەکانیان بەردەوام بن و ئامادە نەبن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، کۆتایی بە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانیان بهێنن بە ناوی ئەوەی مووچەی ساڵی ٢٠٢٥ زامن کراوە!
مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دادگای فیدڕاڵی و یاسای بودجەی عێراق زامنیان کردووە!
ئەو هاتوچۆی شاندانەش کە هەبوون تەنیا بۆ رێککردنەوەی ئەو لیستی مووچانە بووە کە هەرجارە و کەموکورتییەکیان هەبووە.
بە هەموو ئەو ژمارانەی کە خۆیان بڵاویانکردووەتەوە، ئەم حکوومەتە ماوە بەسەر چووەی پارتی و یەکێتی لە ٢٠٢٤ دا ئەوەندە داهاتی لە بەردەستدا بووە کە نەک هەر توانای دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢ی هەیە بەڵکو زیادیشی لێ دەمێنێتەوە!
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی مامۆستایان، تەوتین کردنیانە لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق کە ئێستا عێراقیش لەو بابەتە بێدەنگەی کردووە و ژێر بە ژێر لێکتێگەیشتنی پێشوەختی لەگەڵ هەولێر هەیە بۆ جێگرتنەوەی تەوتین بە هەژماری من!
لە رێککەوتنەکانی ئەم چەند رۆژەدا تەنیا ئەوە باسکراوە کە تا کۆتایی ٢٠٢٥ پێویستە سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم ببنە خاوەنی هەژماری بانکی!
ئەوەش واتە بە خۆشی بێت یان ناخۆشی مووچەخۆری سنووری سلێمانیش دەبێت بچێتە ناو هەژماری منەوە، کە دوای دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێ لە نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەش دێتە دی!
بۆیە هیچ کام لە داواکارییەکانی مامۆستایانی مانگرتوو جێبەجێ ناکرێن! ئەگەر لە فشارەکانیان بەردەوام نەبن!
رێبوار حەمەلاو ئەحمەد