لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی وەزیری دارایی حکوومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم وتی لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون لەسەر مووچەی ساڵی ٢٠٢٥ی فەرمانبەرانی هەرێم و سبەی و دوو سبەی مووچەی مانگی یەک دابەش دەکرێت!
ئاوات شێخ جەناب کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و وەک مژدەیەک ئەنجامی رێککەوتنی هەردوولای راگەیاند.
بە وتەی وەزیری دارایی حکوومەتی ماوە بەسەرچوو، مووچەی مانگی دوانزە دابەش ناکرێت و لە مانگی یەکەوە دەست پێ دەکەن!
بۆیە دیار نیە چارەنووسی مووچەی مانگی دوانزە چی بەسەردێت، بە ئەگەری بەهێز هاوشێوەی مووچەکانی ساڵانی رابردوو ناوێکی بۆ دەدۆزرێتەوە و نادرێتە مووچەخۆران.
لە کاتێکدا عێراق پارەکەی بۆ ناردووە و بەرپرسانی هەرێم دابەشیان نەکردووە!
جیا لەوە ئەوەی ئەمڕۆ وەزیری دارایی رایگەیاند رێککەوتن نەبووە لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بەڵکو، رێککردنەوەی کەموکوڕییەکانی ئەو لیستانە بووە کە هەرێم بۆ بەغدایان رەوانە دەکات!
ئەگەر نا رەوانە کردنی پارە بۆ مووچە بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵییە، نە وەزیری دارایی و نە سەرۆک وەزیرانی عێراق ناتوانن لە دەرەوەی ئەو یاسایە دۆلارێک خەرج بکەن!