چیرۆکی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە چیرۆکێکی دووروودرێژە، گوزارشتە لە واقعی ئیدارەدانی و خۆبەڕێوەبردنی کورد! گوزارشتە لەو ناکۆکییە بەردەوامانەی کە بە درێژایی مێژوو کورد وەک میللەت لەناو خۆیدا هەیبووە!
هەڵەبجە بوو بە پارێزگا بەڵام پارێزگایەکی بێ پەلوپۆ! لەوەتەی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم پارێزگایە هەیە ململانێی سیاسی حیزبەکان وەک هەمیشە رۆڵی زۆر خراپیان لە داڕشتنی سنووری جوگرافی و ئیداری پارێزگاکە بینیوە!
هەر لەو سەرەتایانەوە حیزبەکان دەستوەردانیان کرد و بە ختوکەدانی دانیشتوانی سەید سادق، کە تاکە قەزای سنووری پارێزگاکە بوو لێیان دابڕی!
خەڵکی سەیدسادقیان هاندا و دژی بوونە بەشێک لە پارێزگای هەڵەبجە وەستانەوە! لە کاتێکدا بوونە بەشێک لەو پارێزگایە زۆر زیاتر لە بەرژەوەندیان بوو تا بەشێک بن لە پارێزگای سلێمانی!
سەیدسادقییەکان دەیانتوانی سەرجەم پۆستە گرنگەکانی ئەو پارێزگایە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ خۆیان یەکلا بکەنەوە، بودجەیەکی گەورەی پارێزگاکە بۆ خۆیان ببەن! چونکە رێژەی دانیشتوانیان زۆر لە خودی پارێزگاکە زۆرترە!
دابڕینی سەیدسادق وای لێ هات، هیچ کات بیر لە پێنجوێن نەکرێتەوە تا بخرێتە سەر ئەو پارێزگا نوێیە! کە دەکرا ببێتە پشتیوانیەکی گەورە بۆ خێرا بوژاندنەوەی ئەو پارێزگایە بێت!
بەشداری پێکردنی پێنجوێن و سەیدسادق لەو پارێزگا نوێیە دەبووە کلیلی زوو پێگەیشتنی و خێرا بوژاندنەوەی! بەڵام تۆخکردنەوەی جیاوازی و هاندانی ململانێی ناوچەیی رێگەی نەدا ئەو دوو قەزایە ببنە بەشێک لە پارێزگاکە.
ئەم مۆدێلە لە تۆخکردنەوەی جیاوازی و ناکۆکی دروستکردن مێژووەکەی هێندە قوڵە کە بووەتە کلتورێکی رەگ داکوتاو لەناوماندا و هۆکاری سەرەکی بە سەرەپارچە مانەوەمانە لەناو میللەتاندا!
پارێزگای هەڵەبجە، لە دوو ناحیە و قەزایەکی تەواو نەکراو لەگەڵ ١٥٧ گوند پێک دێت! سنوورە جوگرافییەکەی وا دەکات بە پارێزگابوونی کاریگەری ئەوتۆ لەسەر شارەکە و سنوورەکەی نەبێت!
تەنیا دەتوانێت باڵانسی پارێزگاکان لە نێوان پارتی و یەکێتی هاوسەنگ بکاتەوە، ئێستا هەردووکیان خاوەن دوو پارێزگاکان، لە بەرانبەریشدا هەرێم بەرانبەر بەغدا لە سێ پارێزگاوە دەبێتە چوار!
واتە دەستکەوتەکان زیاتر بۆ دەرەوەی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەن نەوەک خەڵکی سنووری پارێزگاکە!
بەڵام هەرچی بێت، دواجار خەونێکی دانیشتوانی ئەو شارە بریندارە بەدیهات و کەسوکاری شەهیدانی دڵخۆش کرد.