مەسرور بارزانی، ٢٥ ملیار دۆلار!
رۆژی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە پەیامێکدا لە تۆڕی (ئێکس) ، وتی زیانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ٢٥ ملیار دۆلار بووە.
بە لێکدانەوەیەکی ئەم ژمارەیە داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو مانگانەی کە هەناردە بە بۆری راگیراوە ملیارێک و ١٧٠ ملیۆن دۆلار بووە!
هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆرییەوە تا ئەمڕۆ ساڵێک و نۆ مانگ و ١٠ رۆژی تێپەڕ کردووە، "لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ بۆ ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥".
ملیارێک و ١٧٠ ملیۆن دۆلار بەرانبەرە بە ترلیۆنێک و ٧٠٠ ملیار دیناری مانگانە! واتە بەشی تەواوەتی مووچە و بودجەیەکی باش بۆ خزمەتگوزاری!
ئەو پارەیە ئەگەر لە دەستێکی ئەمین بێت ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان دەتوانێت بگەشێنێتەوە و هەرێمێکی نەوعی پێ بنیات بنرێت!
بەڵام لەماوەی نزیک بە ١٠ ساڵ هەناردەی نەوت بە بۆری نەک هەر بەردێک نەخرایە سەر بەردێک، بەڵکو خەڵک خرایە ژێر قەرزێکی ٣٣ ملیار دۆلارییەوە، وەک ئەوەی لە بری نەوت فرۆشتن نەوت کڕدرابێت!
زۆرینەی ئەو داهاتەی لە نەوتی هەرێمەوە دەست کەوتووە لە ژێر ناوی جیاواز و سەیرو سەمەردا کراوەتە خەرجی دەرهێنان و هەناردەکردنی، چوەتە گیرفانی کۆمپانیای دەستڕۆیشتوەکانەوە!
ئەو پارەیەی کە سەرۆکی حکوومەت وەک زیانی راگرتنی هەناردەی نەوت باسی کردووە لە راستیدا خەڵکی کوردستان و عێراق نەیانکردووە، بەڵکو دەڵاڵەکانی نەوت و پیس خۆرەکانی کردوویانە!
ئەوەتا لەوەتەی هەناردەکردنی نەوت راگیراوە، تەنیا ساڵی رابردوو نزیک بە ١١ ترلیۆن دینار بێ بەرانبەر لە بەغداوە هاتووە بۆ هەرێم، بێ ئەوەی لیترێک نەوت رادەست بکرێت.
کاتی خۆی نوری مالیکی بە نێچیرڤان بارزانی وتبوو دەست مەدەنە نەوتەکەتان هەڵگیرن بۆ نەوەکانتان ئەوەتا ئێمە مانگانە ترلیۆنێک دینار پارەتان بۆ دەنێرین!
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە نەبێت راگرتنی هەناردەکردن کێشەی بۆ دروستکردبن، ساڵی رابردوو بە تانکەر و بە قاچاخ ١١١ ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە، داهاتێکی نەزانراوی هەبووە و دۆلارێکیشی دیار نیە!
بەڵام پێم وابێت ئەو نیو ملیۆن دۆلارەی کە تەنیا لە سپۆنسەری فەیسبووک خەرجکراوە سەرچاوەکەی ئەو پارەیە بێت لە تاڵانی نەوتی خەڵکەوە پەیدا دەکرێت!