لەو رۆژەی هاوشێوەی ئەسەد دەست لە پشتیوانیتان هەڵدەگیرێت!

لە لایەن رێبوار حەمەلاو29/12/2024

لەو رۆژەی هاوشێوەی ئەسەد دەست لە پشتیوانیتان هەڵدەگیرێت!
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک رژێمی بەعس رووخا و ئەمریکییەکان بە فڕۆکە ملیارەها دۆلاریان بۆ عێراق گواستەوە و پشکەکەی هەرێمیش لە هەولێر دابەزی ئیدی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بۆنی دۆلاری زەبەلاح چووە لوتیان، لەو رۆژەوە دزی و تاڵانچێتی بە داهاتی گشتییەوە بە یاسا رێکخرا.
تا ئەو کاتە سەرۆک و سەرکردەکانیان زیاتر ئاشنای شەڕواڵ و ئەدیداسی ئێرانی بوون،  گەورەترین دزییەک بیانکردایەتی بە نهێنی ئاودیوکردنی شۆفڵ و کەرەستەی بەنداو و لۆح و تەلی دڕکاویی بوو!
ئیتر کە دەستیان گەیشتە بیرە نەوت و دۆلاری مۆڵ، دەرگای ئەورووپا و دنیای تەکنەلۆژیان لەسەر کرایەوە، یانە و باڕ و دیسکۆکانیان بینی، مناڵ و زڕیەتەکانیان لەوێ دانا فێری فەسادی مۆدێرن بوون!
دۆخی ئێستای خەڵک بەرهەمی ئەو سێ دەیەیە کە ئامانە ئیدارەی خەڵکیان داوە.
بیهێنە بەرچاوت خەڵکەکەت لەوپەڕی دۆخی خراپیدابێت، رێژەی بێکاری لە بەرزترین ئاستیدا بێت، تازە بێیت بیر لە دۆزینەوەی کار بۆ کۆمپانیای بەچکە مەسول و دەستڕۆیشتوەکانی ناو دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان بکەیت!
لە هەموو دونیا کەرتی تایبەت گەورەترین رۆڵی لە دۆزینەوەی هەلی کار و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەیە بەس لای ئێمە بووەتە بەڵا و رۆژ نیە بە ناوی جیاوازەوە داهاتی گشتی و گیرفانی خەڵک نەدۆشێ!
زەوی و دار بەرد نەما نەیدەنە کۆمپانیاکانیان و بیکەنە شوقە و ڤێلا بەسەر خەڵکا ساغی نەکەنەوە، ئێستا چاویان بڕیوەتە ئەو پشکنینەی کە نەخۆشێک لە نەخۆشخانە گشتییەکان دەیکات! بە ناوی کەرتی تایبەتەوە!
من تەنیا لەوە تێناگەم دوایین ئاستی سەبر و ئارامی ئەم خەڵکە کوێیە؟
نەوتت بە قاچاخ ئەفرۆشن، داهاتی ناوخۆت ئەبەن، دەیان جۆر باجت لەسەر گرانکراوە، تەنیا پارەی هەوا هەڵمژینت لێ وەرناگرن! لە بەرانبەردا مووچەت نادەنێ، پڕۆژەی خزمەتگوزارییان نیە، کارەبات نیە، ئاوت نیە، جادە و بان نیە! ئەی کەی دێنە دەنگ؟
حکوومەتی کوردی زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزار مووچە خۆری هەیە، کۆمپانیای بۆچیە کارەکانی بۆ بەڕێوە ببات، ئەگەر مەبەستەکە دۆزینەوەی کار نەبێت بۆ کۆمپانیای کوڕە مەسول؟
تۆ خۆت کرێکاری، کرێکاری چی بۆ ئیدارەدان ئەگری؟
زۆرینەی سێکتەرەکان دراونەتە دەست کەرتی تایبەت و کۆمپانیایەکیان بۆ ساغ کردووەتەوە بۆ گیانی گیرفانی خەڵک ساغ کردووەتەوە.
ئاخر نوسینی عەریزەیەک چیە کۆمپانیایەکی بۆ دابنێیت؟ جاران خەڵک بە دوو هەزار عەرزەیەکی ئەنووسی ئێستا ئەبێت ١٥ هەزار و ٢٥ هەزار بدات! 
مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئێستا کەسی یەکەمی زۆنی سەوز و زەردن،  پێیان وا نەبێت چۆن تا ئێستا بۆیان چووەتە سەر، هەروا بەردەوام ئەبێت! 
ئەسەد کە رووسیا و ئێران پشتیان تێ کرد، هەر مناڵە وردتەکە میزی بە پەیکەرەکانیا ئەکرد! فریای ئەوەش نەکەوت براکانی لەگەڵ خۆی ببات!
وای لەو رۆژەی هاوشێوەی ئەسەد دەست لە پشتیوانیتان هەڵدەگیرێت!

وتاری زیاتر