هێرشی ئیسڕائیل- یاسای جەنگەڵ و تۆڵەسەندنەوەی شەیتانە

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا26/12/2023

هێرشی ئیسڕائیل- یاسای جەنگەڵ و تۆڵەسەندنەوەی شەیتانە لەمرۆڤە بێتاوانەکان
پارێزەر/ فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا
لە کاتێکدا کە جینۆسایدی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە بەردەوامی هەیە، بیروڕای گشتی لە سەرانسەری جیهان دژی لەشکرکێشی ئیسرائیل ڕووی لەهەڵکشانە. ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری جیهاندا پەرەی سەندووە، لەهەمان کاتدا وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پشتیوانیکردنیان لە تاوانە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن. تاوانەکانی ئیسڕائیل دژی فەلەستینییەکان لە غەززە کە ماوەی زیاتر لە ٧٠  ڕۆژە پێشهاتێکی نوێ نییە، بەڵکو لەبری ئەوە نوێنەرایەتی درێژکردنەوەی سیاسەت و پراکتیکی ئیسرائیل دەکات کە زیاتر لە ٧٠ساڵە بەردەوامی هەیە. لەم ماوەیەدا هەزاران مەدەنیی فەلەستینی کوژراون، نیشتەجێبوونی نایاسایی ئیسرائیل فراوانتر بووە و گەمارۆدانی کەرتی غەززە بۆ زیاتر لە هەژدە ساڵ بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی میسر درێژ بووەتەوە.
شانۆی ململانێکان بە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و سوریا و درێژکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان بۆ کەناری ڕۆژئاوا فراوانتر بووە، بەبەکارهێنانی هێزی سەربازی دڕندانەی هەڕەشە لە هەموو ناوچەکە دەکات. سەرەڕای بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا کە بەشێکی زۆری غەززەی کردووە بە داروپەردوو، بەڵام بەرخۆدانی فەلەستین نەک لەت نەکراوە بەڵکو یەکگرتو تربووە.
ڕەنگە ئەمە درێژترین و سەختترین شەڕ بێت بۆ ئیسرائیل لە دوای دروستبونیەوە، هەڕوەها لاوازی ئیسڕائیل له گەڵ هێزه سەڕبازییه یەکجار زۆر و خۆراگرەکانی فەلەستین ئەوەی سەلماندووە کە  تەنانەت لەناوبردنی تەواوەتی کەرتی غەززەش ئەم دەسەڵاتە کۆلۆنیالیزمە سەلامەت ناکات.
لە هەمان کاتدا ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا زیاد کردووە و مەترسییەکانیشی زیاتر کردووە بەوەی لەشکرکێشیی ئیسرائیل کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت بگۆڕێت بۆ ئاگرێکی بەرفراوانتر. ئەمەش نەک هەر کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو کاریگەری لەسەر جیۆپۆلەتیکی جیهانیش دەبێت.
بەهاو ویژدانی مرۆڤایەتی لەژێر پرسیاردایە
وا دیارە مرۆڤایەتی دادەبەزێت بۆ سەردەمی بەربەرییەت. تەنانەت هۆزە بەربەریەکانیش هەندێک جار ژن و منداڵ و بەساڵاچووانیان دەبەخشیە چوارچێوە مرۆیی و بەزەیی عورف و نەریتەکانیان. تەنانەت ئەوانیش پێیان باشتربوو لەبری ئەوەی خەڵکی مەدەنی بێچەک و جەماوەری بەدبەخت بکەنە ئامانج، شەڕی چەکدار و جەنگاوەرانی چەکدار بکەن. هەندێک جار ڕێزیان لەو یاسا و بنەمایانە دەگرت کە لایەنە جیاوازەکان لەسەری ڕێککەوتبوون بۆ ئەوەی کارەساتێکی گەورە ڕوونەدا.
ئێستا کەرتی غەززە بە یاسا جەنگەڵەکانی ئیسڕائیل و ئەمریکا گەمارۆدراوە. ئیسڕائیل مافەکانی مرۆڤی بێ بەهاکردووە و بەردەوامە لە ژێرپێخستنی بەهاکاو کەرامەتی مرۆڤایەتی. لەژێر ڕەحمەتی یاسایی جەنگەڵی ئیسڕائیل، منداڵان و ژنان قوربانی سەرەکی و کۆتایین کە ئیدارەی بایدن بەرپرسیاریی ئەخلاقی و مێژوویی و هۆکاری بەردەوامی تاوانکاریەکانە بە درێژکردنەوەی جەنگەکە بەبەکارهێنانی ڤیتۆ، ئەم ستراتیژیە دووفاقیە سووکایەتیکردنە بە دیموکراسی و کردەوەی شێتی ئەخلاقییە. پێدەچێت تەلئەبیب شوێن ڕاهێنەرەکەی واشنتۆن بکەوێت بۆ بەردەوامکردنی ئەم دەسەڵاتە توندوتیژەی. ئاخر ئەوە ئەمریکا بوو کە لەشکرکێشیی بۆ سەر عێراق ئەنجامدا ڕاستە دکتاتۆرێکی دورخستەوە بەپاساوی بونی چەکی کۆمەڵکوژ و هێنانی دیموکراسی و کردنی عێڕاق بە نمونەی دیموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لەهەمان کاتدا، لەشکرکێشییەکە عێراقی لە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانی بۆ دەوڵەتێکی شکستخواردوو کە ئابوورییەکی لەرزۆک و ژێرخانی لاواز دابەزاند.
 
وێنە تراژیدیاکانی غەززە بوونەتە سمبولی سەتەی بیست و یەک
لە غەززە چەندان وێنە  تۆمارکراوە کە سەتان منداڵی مردوو بە قوماشی سپی پەڵەی خوێن پێچراو، بوەنەتە سمبولی بێبەزەیی و بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تراژیدیایی سەتەی ٢١
زۆربەی قوربانیانی دەستدرێژی ئیسرائیل منداڵ و ژنانن. هێرش و چەکە قەدەغەکراو موشەکە وێرانکارەکان ئەو ماڵانە دەکەنە ئامانج کە منداڵان تێیدا دەژین. نزیکەی سەتا ٤٥ی قوربانییەکان منداڵانن. بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاتری خەڵکی مەدەنی کوشتووە لە چاو تێکڕای ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە شەڕەکانی جیهان لە ماوەی سەدەی بیستەمدا.
فەلەستینییەکان و کوشتنی منداڵەکانیان نوێنەرایەتی هەم نادادپەروەریی دەسەڵات و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل دەکات، هەم نوێنەرایەتی ئەو هەوڵە هەستپێکراوە دەکات بۆ ئەوەی فەلەستینییەکان نەتوانن وڵاتی خۆیان هەبێت. یادەوەریی فەلەستینیەکان بۆ نەکبە لە ساڵی ١٩٤٨، کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل هەزاران فەلەستینییان کوشت و ٧٥٠ هەزار کەسیان لە ماڵەکانیان دەرهێنا، پڕە لە چیرۆکی ئەو منداڵانەی کە هەم نیشتمانی خۆیان و هەم دایک و باوکیان لەدەستداوە.

دوای ٧٥ ساڵ نەکبە بەردەوامە بەڵام بە دڕندەیی زیاترو وێرانکاری گەورەتر کە جیهانی توشی شۆک کردووە.
شیکارییەکان و ڕاپۆرتەکان دەریانخستووە کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان و بەدرێژایی سەدەی بیستەم نەبینراوە کە زیاتر لە 45%ی قوربانییەکان منداڵانبن. ڕۆژانە سەدان کەس دەکوژرێن و هەزاران کەسیش بریندار دەبن لە بۆردومانی بەردەوام لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە ئیسرائیل بۆردومانی ئاسمانی بەرفراوانی بێ وێنەی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە. هەر کاتژمێرێک ململانێ دەبێتە هۆی وێرانکاری و شەهید و بریندار و ئاوارەبوونی زیاتر. وێنەی منداڵانی مردووی فەلەستینی و زۆری قوربانیەکان بوەتە هۆی بەرزکردنەوەی هەستی خەڵک لەتەواوی وڵاتان بۆ بێتاوانی فەلەستینییەکان و دڕندەیی ئیسرائیل. وێنە و ڤیدیۆی کوژراو و بێ دەست و قاچبوونی منداڵان و ژنان، هەروەها شوێنی تاوانە خوێناوییەکانی تێدا کوژراون میدیا و سۆشیال میدیایان تەنیووە،
ڕۆژنامەی هارێتز. ئاماژە بەوەدەدات "ئەنجامە فراوانەکە ئەوەیە کە کوشتنی بەرفراوانی هاوڵاتیانی مەدەنی نەک هەر هیچ بەشدارییەک لە ئاسایشی ئیسرائیلدا ناکات، بەڵکو بناغەکانی زیاتر تێکدانی ئیسرائیل لەخۆدەگرێت." ئەو فەلەستینیانەی لە وێرانی ماڵەکانیان ڕزگاریان دەبێت و خێزانەکانیان لەدەستد دەدەن، بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێن کە هیچ ڕێکخستنێکی ئەمنی ناتوانێت بەرگەی بگرێت.
هیچ کەسێک پارێزبەندی و هیچ شوێنێک پارێزراو نیە
قوتابخان، نەخۆشخانە و ئەمبوڵانس و کارمەندانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش پارێزراونین و جیاوازیان پێناکرێت و ڕۆژانە بەر هێرشی  بێ جیاوازی و دڕندانە دەکەون. تەنانەت ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە بە سەلامەت ناودەبرێن، دووبارە و سێبارە دەکرێنە ئامانج هەرچەندە بانگەشەی سەلامەتیان و پارێزراویان دەکرێت بەڵام ڕۆژانە سەتان هاوڵاتی بی گوناح شەھید دەکرێن و بیناکان بەسەر سەری دانیشتووانەکانیان دادەڕوخێنرێنە خوارەوە. ئەمە هێشتا لە هەموو کەرتی غەززەدا ڕوودەدات و هیچ شوێنێکی سەلامەت نییە.
هیچ شوێنێک پارێزراو نیە ئەوەتە ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەم نێوەندەدا ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) کوژرانی ١٣٣ کارمەندی لە غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە، کە زۆربەیان خێزانەکانیشان بەتەواوی سڕاونەتەوە.
ئاژانسەکەی وتی: ستافەکەمان لە غەززە منداڵەکانیان دەبەنە سەر کار بۆ ئەوەی بزانن سەلامەتن، یان دڵنیابن لەوەی کەمردن پێکەوە بمرن. لەو کاتەوە بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی فەلەستین لانیکەم ٢٠هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە ٨٥%ی دانیشتووانەکەی ئاوارە بووە، بەپێی ئامارەکانی UNRWA کە لە ١٣ی کانوونی دووەمدا بڵاوکراونەتەوە.
ئەو ڕووداوەی جیهانی خەواڵوی بەئاگا هێنایەوە و ڕاستیەکانی واڵاکردن
ڕادەی ئەو پرسەی لە کاتی ئاگربەستی حەوت ڕۆژەی نێوان ٢٤ی تشرینی دووەم تا ٣٠ی تشرینی دووەم ڕوون بووەوە ١٠٥ بارمتە کە لەلایەن حەماسەوە گیرابوون، ئیسرائیلی و هەم هاووڵاتی بیانی لە بەرامبەر ٢٤٠ ژن و منداڵی فەلەستینی ئازادکران. ئەم ڕووداوە پرسیاری زۆری لێکەوتەوە کە بۆچی ئەوەندە منداڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا گیراون. لەلایەی ترەوە مامەڵەیی مرۆڤانە و ستانداردانەی حەماس هەموو ئەو دەنگۆیانەی بە درۆخستنەوە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە حەماس گروپێکی توندرەوبن، لەبەرانبەردا ئەوان سەلماندیان کە ڕێز لە یاساکانی جەنگ و ڕیککەوتننامەکانی مافی مرۆڤ و دیلەکان دەگرن، بەمامەڵەیی جوان و مرۆڤانەیان سەرنج و ڕوانگەی گشتی جیهانینان گۆڕی. واقیعەکە ئەوەیە کە باوترین تۆمەت بۆ سەر منداڵان تۆمەتی بێبنەماو بێ هیچ بنکەیەکی یاساییە و تەنیا ئامانجیان زیندانیکردن و دابڕاندنیانە لە خێزان و لە تەواوی مافەکانیان. بە مەزەندەکردن ١٠ هەزار منداڵی فەلەستینی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا لە دەستبەسەری سەربازیدا ڕاگیراون و ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان "تاکە منداڵن لە جیهاندا کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دادگا سەربازییەکان دادگایی دەکرێن." ئەمەش کارێکە کە بەپێی یاسا سەربازییە توندەکانی ئیسرائیل بووەتە بەرنامەی کاریی حکومەتەکەیان. بچووکترین منداڵ کە لە کاتی ئاگربەستدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە ئازادکرا، ئەحمەد سەلەیمی تەمەن ١٤ ساڵ بوو.
دەستگیرکردنی زەبربەخشی منداڵان
لەگەڵ چوونە ناو مانگی سێیهەمی ململانێ لە غەززە و نموونەکانی توندوتیژی کە ڕژانە واقیعی دڵتەزێنی دەستبەسەرکردنی سیستماتیکی ئیسرائیل بۆ منداڵانی فەلەستین زیاتر دەبێت.
زۆرێک لە منداڵانی فەلەستینی لە کاتی هەڵمەتەکانی شەوانەدا دەستگیر دەکرێن بەبێ دادگاییکردن سزادان دەدرێن.

ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنی شەوانە دژی منداڵان لە ماڵ و ناو خێزانەکەیاندا، بە ئازارەوە دەست و چاویان دەبەسترێت، لەلایەن سەربازە ئیسرائیلییەکانەوە تووشی ئازاردانی جەستەیی و زارەکی دەبن” ئەم پێشێلکارییە سیستماتیکییانە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان دادەنرێت کە ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩١ پەسەندی کردووە.
نیگەرانییەکی دیکەی سزادانی دادگای سەربازی ئەوەیە کە زیاتر لە ٩٩%ی دانپێدانانەکانی لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە زۆر بەدەست دەهێنێت" ، بەبێ دایک و باوک، ڕاوێژکاری یاسایی و تەنانەت ڕێگەیان پێنادرێت پارێزەریشیان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو منداڵەکان دان بە تاوانەکانیان دەنێن، چونکە خێراترین ڕێگایە بۆ دەرهێنانیان لەو شوێنە. ئەوە دادگایەک نییە کە ئارەزووی دادپەروەری بکات” ئەگەر تەحەدای تۆمەتێک بکەن، ئەوە بۆ ماوەیەکی نادیار تا کۆتایی ڕێوشوێنە یاساییەکان ڕادەگیرێن."
زۆربەیان بەدەست نەخۆشی فشاری دوای کارەساتەوە دەناڵێنن بەهۆی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیان لە کاتی دەستبەسەرکردندا.
هەندێک لە فەلەستینییەکان کە لەم ئاڵوگۆڕەدا ئازاد کراون، ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس سزای بەکۆمەڵیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەگەری دووبارە دەستگیرکردنەوەی ئەو منداڵانە زۆرە کە پێشتر زیندانیکراون DCIPڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و هاوکاری یاسایی منداڵانی دەستبەسەرکراوی فەلەستینی دەکات ئاماژە بەوەدەدات کە زۆرێک لە منداڵان ڕووبەڕووی هەڕەشەی دووبارە دەستگیرکردنەوە دەبنەوە، چونکە وەک تاوانبارێکی پێشوو سزای هەڵپەسێردراو و سنووردارکردنی ئازادی جووڵە و کەمبوونەوەی چانسی پێدانی مۆڵەتی گەشتکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەمەش پێچەاونەی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی و بەهاکانی  مرۆڤایەتیە.

وتاری زیاتر