ئەو وتارەی کۆتای مێژووی زایۆنیزمی مۆرکرد

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا01/07/2024

ئەو وتارەی کۆتای مێژووی زایۆنیزمی مۆرکرد

ڕژێمی زایۆنیی، دەیەوێت ئیسڕائیل ببێتە تیۆکراسییەک کە بەسەر تەواوی فەلەستینی مێژووییدا درێژ ببێتەوە. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش بڕیاردراوە ژمارەی فەلەستینییەکان بۆ کەمترین ئاست کەم بکرێتەوە و لەپاڵ ئەقساشدا بیر لە درووستکردنی پەرستگەی سێیەم دەکاتەوە.
سەرەڕای پەیماننامەی حەماس لە ساڵی ٢٠١٧دا کە "ململانێی حەماس لەگەڵ پڕۆژەی زایۆنییدایە نەک لەگەڵ جووەکان بەهۆی ئایینەکەیانەوە" ئەمڕۆ هیچ هەوڵێکی دیپلۆماسیی لەم جۆرە ئەگەری سەرکەوتنی گونجاوی نییە. زۆرترین دیپلۆماسی نێودەوڵەتیی لە زنجیرە ململانێکانی حەماس و ئیسڕائیل لە ساڵی 2006ـەوە بەدەستیهێناوە ئاگربەست بووە، کە لە بری ئەوەی ببێتە پێشەکییەک بۆ ئاشتیی، سەلماندوویەتی کە واشنتۆن بێتوانایە و شکستیهێناوە لەوەی وەک نێوەندگرییەکی کاریگەر و یەکسان مامەڵە بکات و کێشە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات.
16 ساڵ حووکمڕانی تەواو لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوەوە، زیانێکی زۆرتری بە جەوهەری ڕژێمەکە گەیاندووە، ئەوان خۆیان ئیسڕائیلییەکانیان خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە،دیارترینیان ئەوانەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا هێرشیان کراوەتە سەر، دەرەنجامی گەمارۆ و ڕەشبگیری بوو، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، لەڕێگەی سیاسەتەکانەوە کە جیاکاریی و ڕەگەزپەرستانە، ڕژێمی نەتانیاهۆ ڕووخسارێکی ناشیرینی ئیسڕائیل بۆ جیهان نیشان دەدات. بەڵام ڕووخساری حکوومەتێکە، هەروەک چۆن حکوومەتی ترەمپ لەم دواییانەدا لە ئەمریکا کردی و بەشێوەیەکی ترسناک دەتوانێت دووبارە ببێتەوە. تەنانەت لەناوخۆی ئیسڕائیلیشداڕژێمی ناتانیاهۆ زایۆنیزم بەکاردەهێنێت بۆ خنکاندنی قسە، بیری ئازاد و ملکەچکردنی هاووڵاتییان، چ هاووڵاتیی جوو و چ هاووڵاتیی عەرەب یان فەلەستینیی، بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە.
ناوەڕۆکی وتارە شومەکە بۆ ئیسڕائیل: دوو هەفتە پێش ئەوەی جەنگاوەر و کۆماندۆکانی بزووتنەوەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمدا سەرکردایەتیی زنجیرەیەک لە هەڵکوتانەسەر ئیسڕائیل بکەن، بنیامین ناتانیاهۆ لەبەردەم بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک، نەخشەیەکی هەڵواسی، کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و دەوڵەتی ئیسڕائیلی نیشان دەدا، کە لە ڕووباری ئوردەنەوە تا دەریای ناوەڕاست درێژ دەبووەوە. بەپێی ئەم نەخشەیە غەززە و کەناری ڕۆژاوا سڕدرانەوە و فەلەستینییەکان بوونیان نەبوو.
ئاماژەشی بەوە دا "چ گۆڕانکارییەکی مێژووییە بۆ وڵاتەکەم! دەبینیت خاکی ئیسڕائیل لە گۆڕەپانی نێوان ئەفریقا، ئاسیا و ئەورووپادایە" ناتانیاهۆ بە مشتێک بینەر لە هۆڵە گەورەکەدا هاوار دەکات کە نزیکەی هەموویان دڵسۆز یان ژێردەستەی ئەو بوون. ئاماژەی بەوەش دا "بۆ چەندین سەتە وڵاتەکەم چەندین جار لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتەکانەوە داگیرکرا، کە تێیدا تێدەپەڕین لە هەڵمەتەکانی تاڵانکردن و داگیرکردنیان لە شوێنەکانی دیکەدا. بەڵام ئەمڕۆ کە دیوارەکانی دوژمنایەتی دەڕووخێنین، ئیسڕائیل دەتوانێت ببێتە پردی ئاشتیی و خۆشگوزەرانیی نێوان ئەم کیشوەرانە".
لەم وتارەدا، ناتانیاهۆ ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە نیشاندا، دەستپێشخەرییەک کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا سەرکردایەتی دەکرا و کۆشکی سپی بایدن لە باوەشی گرتبوو، وەک چەقۆی سەرەکیی دیدگەی خۆی بۆ ئەم واقیعە "نوێیە"، کە دەرگەی بۆ دەکاتەوە، ڕێڕەوی دیدەوانی کە بەسەر نیمچە دوورگەی عەرەبیی و ئیسڕائیلدا درێژ دەبێتەوە. بە پەیوەندی دەریایی، هێڵی شەمەندەفەر، بۆڕیی وزە، کێبڵی فایبەر ئۆپتیک هیندستان بە ئەورووپا دەبەستێتەوە".
ئەو، لەسەر شانۆی گەورەی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی دەکرد، بەڵام هیچ سەرکردەیەکی جیهانیی،خۆی بە بەشداریکردنەوە سەرقاڵ نەکرد. لە دەرەوە نزیکەی دوو هەزار کەس کە تێکەڵەیەک بوون لە جووە ئەمریکیی و هاووڵاتیانی ئیسڕائیل، ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرانبەر هێرشەکانی بۆ سەر سەربەخۆیی سیستەمی دادوەریی ئیسڕائیل. ئەو دیمەنە بوو بە بیرهێنانەوەی ئەوەی کە هاوپەیمانی حووکمڕانیی ڕاستڕەوە تووندڕەوەکەی چەندە بە قووڵی ناپەسەند بووە، باسی خودی نەتانیاهۆش ناکات. لەو ساتەدا وا دیار بوو کە ناتانیاهۆ پاڵ بە پەتەکانەوە دەنێ بۆ ژەهرڕێژکردنی ئاشتیی جیهانیی و ناسەقامگیردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خزاندنە ناو شەڕێکی دۆڕاو بۆ درێژەدان بە دەستەڵاتی سیاسیی خۆی.

وتاری زیاتر