شەڕی ئیسڕائیل و حەماس بەرەو ململانێیەکی فرەجەمسەریی
پارێزەر/ فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا
شکست لە ئۆکرانیا و شکستێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە دوا بزماری تابووتی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا بێت. ٧ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی ناوچەکە و ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیی. ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتدا دەنگدانەوە و کاریگەریی دوور مەودای دەبێت لە سەرانسەری جیهان، کە لە ئەنجامدا ناکۆکییەکان دەچنە ناو قۆناغێکی نوێوە، هەر ئەمەشە کە مەترسییەکانی هەڵکشانی شەڕەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، شەڕێک کە لەوانەیە بەرەو دەرەوەی غەززە بکشێت.
ڕاکێشانی وڵاتانی دیکە، جیهان بەرەو شەڕێکی ناوچەیی و جیهانیی دەبات، کە لێکەوتەکانی بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل بەتایبەتیی و جیهان بەگشتیی کارەساتبارتر دەبێت. بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ئێران لە شەڕەکەدا یان بە بڕیاری خۆی یان بە هەڵبژاردنی ئیسڕائیل بۆ لێدانی ئێران؛ سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراوە، لە گۆڕینی ململانێی ئێستا بۆ ئاگرکەوتنەوەیەکی سەرتاپاگیر.
ئەو وێنە ناشرینانەی کە لە هێرشە دڕندانەیەکەی سەر غەززە بەرهەم دێن، پێدەچێت بە تووندیی سنووردارکردنی دانوستانی ئاشتیی عەرەبیی-ئیسڕائیل بێت تەنانەت لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودییە، کە زۆرترین خواست و بەرژەوەندیی کەسیی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە. بەپێچەوانەی فەرمانڕەواکانیان، هاودەنگیی لەگەڵ فەلەستین لەنێو گەلانی عەرەبدا بە زیندوویی ماوەتەوە، تەنیا دوو لەسەتی گەنجانی سعوودیی پشتگیریی لە ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسڕائیڵ دەکەن.
ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لەشەڕی نابەرانبەریی ئێستایی ئیسڕائیل-حەماس، ئەوە ئەگەری داییساندنی ئاگرێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕوانکراوە، ئەوە نەک هەر لەڕووی سەربازیی و دیپلۆماسییەوە ئەمریکا لاواز دەکات، بەڵکوو چین و ڕووسیا وەک زلهێز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. هەموو جیهانی موسڵمانان لایەنگری چین و دژە ئەمریکا دەبن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی داشکانی دۆلار و کۆتایی هاتنی پترۆدۆلار، کە ئەمەش بە واتای کۆتایی هاتنی هەژموونی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
ئاڵۆزتربوونی دۆخی جەنگ
بەلەبەرچاوگرتنی شکستە گەورەکە، بە تایبەت بۆ دەزگەی هەواڵگریی ئیسڕائیل، کە پێشبینی هێرشێکی گەورەی لەم جۆرەیان نەکردبوو، نەک هەر بە تەواویی لە تاریکییدا بوون سەبارەت بە پلانەکان، بەڵکوو دیارە پێیان وا نەبوو هیچ شتێکی ئا لەم شێوەیە لەڕووی سیاسییەوە مومکین بێت، وا دەکات کە ئیسڕائیل دڕندانەتر مامەڵە بکات کە ڕۆژانە گەمارۆ و قەیرانی مرۆیی لە غەززە بەرەو خراپتر و مەرگەساتتر هەنگاو دەنێت، چونکە ئیسڕائیل ڕۆژانە چەندین هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر هاوڵاتیانی غەززە ئەنجام دەدات. هاوکاتیش هێرشی زەمینیی مەترسیی شەڕەکەی زیادتر کردووە و زیاد لە دوو میلیۆن فەلەستینیی لە مەترسییەکی گەورەوەدا دەژن. نیگەرانییەکان لە زیادبووندان، چ لە ناوچەکە و چ لەئاستی نێودەدەوڵەتیی، کە جەنگەکە ئەگەری زۆرە فراوانتر بێت. بۆیە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن، پلانی نائاسایی ئامادە دەکەن بۆ جێهێشتنی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئەمریکیی کە لە ئیسڕائیل و لوبنان دەژن.
ڕاکێشانی ئێران بۆ جەنگەکە
پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئاخۆ ئێران بۆ نێو سیناریۆکە پەلکێش دەکرێت، کە پێگەی زلهێزی ناوچەکەیە؟
تەنیا دوو ڕێگە هەیە، کە ئێران بتوانێت شەڕەکە بەرەو ئیسڕائیل ببات: بەشێوەی وشکانیی و بالیستیی. ئەمە ڕوونە کە ئێران دوژمنێکی سوێندخواردووی ئیسڕائیلە. هاوکات کۆمەڵێک گرووپی چەکداریی ژێر هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا دامەزراندووە و ڕاهێنانی پێکردوون، چەکداری کردوون و بەردەوامیش لە پشتیوانیکردنیاندایە. گەورەترین و ناسراوترینیان حزبوڵڵای لوبنانە، جگە لەمە لەڕێگەی پرۆکسییەوە لە عێراق، سووریا و یەمەنیشدا ئامادەیی هەیە. بۆیە ئێستا ئێران لە جەنگی بەوەکالەتدایە و هەر جۆرە ئەگەرێکیش بۆ پەلکێشکردنی ڕاستەوخۆی، ئەوە ئێستا ئەگەرێکە، تەنەنەت دەتوانین بڵێین ئەستەمە.
مەترسییەکانی فراوانبوونی ئەم شەڕە بۆ دووبەرە لەگەڵ لوبنان و سووریا
نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە، کە شەڕی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و حەماس دەتوانێت فراوانتر بێت بە کردنەوەی بەرەی دووەم لەسەر سنووری باکووری ئیسڕائیل لەگەڵ لوبنان، چونکە لوبنان وەک مەترسیدارترین بەرەی دووەمە دەناسێندرێت. بەڵام لەشکرکێشییەکی زەمینی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، دەتوانێت ئەم هەوڵانە بکاتە شتێکی جێی مشتومڕ. حزبوڵڵا ڕەنگە شکستی کۆی ئەگەری حەماس بە هێڵی سوور بزانێت و ناچاری بکات ڕێوشوێنی زۆرتر بگرێتەبەر.
ئەمە مانای ئەوەیە کە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا، دەتوانن زیانێکی گەورە بە سوپای ئیسڕائیل بگەیەنن، بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناهاوسەنگ و تاڕادەیەک بە چەکی تەکنەلۆژیای نزم و هەرزانتر، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نارنجۆکی هاژەکیی و هاژەکی دژە تانک.
ئیسڕائیل لەمێژە هۆشداریی دەدات لەوەی وەڵامدانەوەی بۆ شەڕێک، کە حزبوڵڵای لوبنانی تێدابێت، بەرفراوان و مەرگەساتتر دەبێت.
لە ئەگەری حیساباتی هەڵەوە، کە لە دەرەنجامی بەردەوامبوونی هێرشی ئیسڕائیل سەرهەڵدەدات، دەبێتە ململانێیەکی تەواو مەزن. ڕاکێشانی حزبوڵڵا بۆ شەڕەکە و لە ئەگەری پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسڕائیل، حزبوڵڵا دەتوانێت بەپێی ڕێڕەوی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس، حسابی خۆی بگۆڕێت و شەڕەکە فراوانتر بکات و بەرەی دووەم لەگەڵ ئیسڕائیل بکاتەوە. لێرەدا زۆر شت بەندن بە بارودۆخ و کاردانەوەی شەقامی عەرەب و مسووڵمانەکانەوە.
بەرەی شەڕ لەگەڵ سووریا
ئێستا سووریا ناوچەیەکی چالاکانەی شەڕی ئیسڕائیل و ئێرانە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا سووریا چالاکترین گۆڕەپان بووە لە شەڕی سێبەر و بەردەوامی نێوان ئیسڕائیل و ئێراندا. لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە حکوومەتی ئیسڕائیل هەڵبژاردەی گۆڕینی ڕێساکانی بەشداریکردنی لە سووریا هەڵبژارد و هێرشەکانی بۆ سەر بریکارەکانی ئێران و بەمەش ئامانجە سەربازییە سەرەکییەکانی سەر سووریای خێراتر و زیادتر کرد. سووریا بە ناوچەیەکی چالاکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل و ئێران دادەندرێت؛ بۆیە ئاسۆی کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لەم شەڕەدا پێشبینیکراوە، بەو پێیەی ئێستا چالاکیی جووڵەی بەرچاو لەنێوان ئیسڕائیل و ئێران لە سووریا لەئارادایە.
هێزەکانی ناوچەکە، هێرشێکی زۆریان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و چەندین هاژەک (مووشەک) و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە یەمەن لەلایەن حوسییەکانەوە تەقێندراون و بەرپرسانی ئەمریکاش بە ئاشکرا نیگەرانن لەوەی کە یەمەن بەرەو نێو ململانێکە دەخزێت.
هێشتا تەمی ڕووداوە پەرەسەندووەکان بە تەواوی بەرز نەبوونەتەوە. بەڵام ئەوە ڕوونە، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا، جیهان بە هێرشێکی شکستخواردوو بۆ سەر ئیسڕائل ڕاچڵەکی، کە گەورەتر لە پیرڵ هاربەر (بەندری مرواریی) یان ١١ی سێپتەمبەر، نەک تەنێ لە دەرەنجامە ستراتیژییەکانیدا، بەڵکوو لە دەرەنجامە دەروونییەکانیشدا بوو.
پێشتر بینیمان حەماس دەتوانێت چی بکات، بەڵام حزبوڵڵا سەت هێندە شارەزاتر و ئامێری باشتری هەیە. لە ماوەی دەیەی ڕابوردوودا حزبوڵڵا لە سووریا شەڕی لەگەڵ ئەو گرووپانەوە کە لەلایەن ناتۆوە، کە پڕ چەک دەکرێن و پارەیان بۆ دابین دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێچەوانەی حەماس، حزبوڵڵا خاوەنی چەندین چەکی ئاڵۆز و چالاکییە، وەک مۆبایل کروز و هاژەکی ڕێنماییکراو، کە مەودابڕ و دوورمەودان.
لە کۆتاییدا، ئەگەر سووریا و ئێران بڕیاری پڕچەککردنی حزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن بدەن، ئیسڕائیل ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە: یەکەمیان شکست قەبووڵ بکات و ئاشتیی هەڵببژێرێت، دووەمینیان دەستپێکردنی شەڕێکی سەرتاسەریی هەرێمیی، بە پشتیوانیی ئەمریکا و ناتۆ و بۆردوومانی لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و ئێران لەخۆبگرێت. هەرچەندە لە بژاردەی دووەمدا تەنیا هەنگاوێک لە جەنگی سێیەمی جیهانیی دوور دەبێت.
ماوەتەوە بڵێین، کە بارودۆخی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس لە ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا، خێرایی، هەڵسوکەوت و ڕێڕەوی خۆیی دیاریی دەکات کە ئایا ململانێیەکە تەنیا لە ئیسڕائیل و غەززەدا دەمێنێتەوە، یان دەتەقێتەوە و دەبێتە ململانێیەکی بەرفراوانتر.