سەردەمی ئەهریمەنەکان
نە دوژمنایەتیی و زەلیلیی جیهان، نە دووڕوویی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نایانشکێنێت.
لە ڕۆمانی فرانکنشتاینی ساڵی ١٨١٨ی ماری شێلیدا، کارەکتەری سەرەکیی بە دروومان بوونەوەرێک لە ئەندامەکانی تەرمی مردووەکان درووست دەکات. ئەهریمەنە دەرهاویشتەکەی سەرەتا، هەوڵی دەدا لەناو کۆمەڵگەدا جێی ببێتەوە، بەڵام کاتێک لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە دەبێتەوە، دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی خراپ. لە ڕۆمانەکەدا، درووستکەری ئەهریمەنەکە، ڤیکتۆر فرانکنشتاین، هەستی بە تاوانبارییەکی بێئەندازە کرد بەهۆی ئەو مردن و تیرۆرەی کە بوونەوەرە ئافرێندراوەکە، بەسەر کەسانی دیکەدا درووستی کرد.
ڕۆمانەکە نزیکەی ١٠٠ ساڵ پێش ئەوەی بەریتانیا هەڵسا بە پلانی درووستکردنی قەوارەیەکی تێکەڵاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەژێر جاڕنامەی بەناوبانگی بالفۆر لە ساڵی ١٩١٧دا دەرچوو. ئەو کارە و دواتر کردارە ئیمپریالیستەکان یارمەتیدەر بوون بۆ درووستکردنی ئەهریمەنێکی زۆر ترسناکتر و شەیتانیی لە ساڵی ١٩٤٨دا: کەدەوڵەتی ئیسڕائیلە.
دەبێت بڵێین درووستکردنی ڕۆژاوای ئیمپڕاتۆریی، جیاواز بوو لە درووستکراوەکەی شێلی، لە کاتێکدا ئەهریمەنەکەی فرانکنشتاین بە زیان نەگەیاندن بە کەس دەستی پێکرد، بەڵام لە ڕاستییدا ئیسڕائیل لەسەر تیرۆر و کوشتن، ستەم و پاکتاوکردنی نەتەوەیی ٧٥٠ هەزار فەلەستینی دامەزراوە. لەو کاتەوە زیاتر لە ٥٠٠ شارۆچکە و گوندی فەلەستین وێرانکراون و سڕینەوەی هیدیکەش نەخشەکەیان لە کشاندایە. ئەمەش لەلایەن فەلەستینییەکانەوە پێیدەگوترێت نەکبە: کارەسات. ئایدۆلۆژیای دامەزرێنەری دەوڵەت، زایۆنیزم، لە دەوری جینۆساید و باڵادەستیی ڕەگەزیی دامەزراوە، بۆیە ئەمە نەدەبوو بۆ کەس جێگەی سەرسووڕمان بێت، چ ئەو دەم و ج هەنووکە.
ئەهریمەنێک لە جیهاندا بەرەڵا کراوە. ئەهریمەنێک کە چەک و شێوازی قەدەغەکراو بەکاردەهێنێت و بەبێ جیاوازیی هاوڵاتیانی مەدەنیی دەکاتە ئامانج. ئەهریمەنێک کە پابەند نەبووە بە یەک بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی ئاساییشەوە، ئەهریمەنێک کە ڕۆژانە یاسا نێودەوڵەتیی و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. ئەهریمەنێک کە سەتان ڕۆژنامەنووس و کرێکاری مرۆیی لە غەززە کردووەتە ئامانج و کوشتوونی، کە زۆرترین ژمارەی لە هەر شەڕێکی چەکداریی دیکە پێکدەهێنێت.
غەززە بە کەمتر لە ٤٠ هەزار جەنگاوەر لەجیاتی ٨ ملیار کەس شەڕی ئەهریمەن و بەربەریەت دەکات بۆ پاراستنی شارستانییەت و گێڕانەوەی دادپەروەریی جیهان، کە لەناو ئەم ٨ ملیارەدا ڕۆژاوا، ئەورووپا و ڕژێمە دەستکردە خۆسەپێنە عەرەبەکان نەک تەنیا تەماشاکار بەڵکوو هاوکار، یارمەتیدەر و پاسەوانی ئەو خوینڕێژ و ئەهریمەنەن، بەشەکەی تریش تەنیا تەماشاکارن و هیچ کاردانەوەی حەقیق و هەستێکی مرۆڤانەیان لە هەنبەر ئەهریمەنەکانی ئەم سەتەیەوە نییە.
ئەهریمەنەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هێرشی بەردەوامی ئیسڕائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان لە لوبنان و کەرتی غەززە ملیۆنان کەس دەخاتە ناو دۆخی مەحاڵەوە و دادپەروەریی هەمووان لە شەڕدا وەک نادادپەروەرییەکی دڕندانە ئاشکرا دەکات. کێ ئەهریمەنە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
ئەهریمەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە ئیسڕائیل بێت، کە لە دوای هێرشەکەوە سەرکوتکردنی بێوێنەی دژی کەرتی غەززە دەستپێکردووە. زیاتر لە ٤٢ هەزار کەس کوژراون و هەزارانی دیکەش برینداربوون و ژیانی تەنانەت بۆ فەلەستینییە لەدایک نەبووەکان بەشێوەیەکی نەگەڕاوە گۆڕاوە.
ئەهریمەنەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمریکا و بەریتانیاشن، کە بەردەوامن لە پشتگیریکردنی هێرشە وێرانکەرەکانی ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، کە ڕێگەی هەڵهاتنی ئاسان لە یاسای نێودەوڵەتییدا هەڵدەبژێرێت.
هێشتا ئەهریمەنەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت چەواشەکارییەکانی مێژوو بێت، کە پێدەچێت پاساوێک بدات بە هەریەکێک لە لایەنەکانی ناو دوژمنایەتییە نوێبووەکان بۆ هەڵکەندنی دۆزەخێک و خستنەنێوی ملیۆنان ژن و منداڵ.
ململانێی ئەهریمەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمی مێژوو و هاوبەشییە چەواشەکارەکانە، کە پیلانگێڕی بۆ سزادانی ژنان و منداڵانی بێتاوانی فەلەستینییە بۆ دۆزەخێکی زیندوو. بەڵام لەنێو هەموو ئەهریمەنە ئەگەرییەکانی ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسڕائیل بەهۆی پەیوەندی ئاڵۆزی خۆی لەگەڵ مێژووی ناوچەکە و ڕەتکردنەوەی زەقی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕێکخستنێک کە ڕەنگە ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە، جیاوازە. ئیسڕائیل بە تووندی و بەزەبریی ڕەتیکردووەتەوە ئیمتیازاتی بەرچاو بۆ ئاشتیی بدات، بە سەرسەختییەوە خۆی بەو خاکەوە گرتووە کە لکاندوویەتی و بە کوێرانە هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا ناکۆکن، وەک دوژمن ناوی بردوون.
بنیامین ناتانیاهۆ، ئەهریمەنێکە کە لەلایەن یەکێتی ئەورووپا و ئیمپڕاتۆریەتی ئەمریکاوە درووستکراوە.
ناتانیاهۆ ئەدۆلف هیتلەری دیکتاتۆری نازییە، کە تەنانەت هیتلەریش نەیوێرا و نەیتوانیووە ئەو کارە بکات، کە سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل ئێستا دەیکات.
ئەم ئەهریمەنە فرانکنشتاینەی دەوڵەتێک بەردەوام بووە لە ڕێڕەوی جینۆسایدی خۆی، بۆردومانی نەخۆشخانە و ژێرخانی مەدەنیی دیکەی کردووە، لەوانەش ماڵ، مزگەوت و کڵێساکان، هەروەها بڕینی خۆراک، ئاو، کارەبا و پێداویستییەکانی دەرمان لەسەر ٢.٣ میلیۆن کەس.
کاتێک گوێم لە ئیدیعای ئەوە دەبێت کە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی "بەرگری لە خۆی بکات"، تووشی سەرسووڕمان دەبم، چونکە ئیسڕائیل زلهێزێکی داگیرکەرە، هیچ مافێکی ئەخلاقیی و یاسایی نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەرانبەر ئەو خەڵکەی لەژێر داگیرکارییەکەیدا دەژین. بەڕاستی لەم دۆخەدا ئەوە فەلەستینییەکانن کە مافی خۆیانە بەرەنگاریی ئەو داگیرکارییە ببنەوە و بەرگریی لە خۆیان بکەن، بە بەکارهێنانی هەر ئامرازێک، کە لەبەردەستیاندایە، لەوانەش خەباتی چەکداریی.
لە ڕۆمانەکەدا ڤیکتۆر فرانکنشتاین، لەسەر ئەو شتەی کە درووستی کردووە، هەستی بە تاوانباریی دەکرد. بەڵام نەک هەر ئیمپریالیستە خوێنڕێژەکانی واشنتۆن، لەندەن، پاریس، بەرلین و برۆکسل هەست بە تاوانباریی ناکەن بەهۆی ئەوەی لە فەلەستینی داگیرکراودا درووستیان کردووە، بەڵکوو هانیانداوە بەردەوام بێت لە تاوانەکانی. کۆڕێکی پڕوپاگەندەکاران کە خۆیان وەک ڕۆژنامەنووس و شارەزا دەناسێنن، لە پڕۆسەکەدا جیهانێکی ئەهریمەنیی درووست دەکەن و مێژوویەک دەتاشێننەوە کە هەرگیز لێیان خۆش نابێت.