ڕۆڵی دادگا نێودەوڵەتیەکان لە شەڕی ئیسرائیل و ‌‌حه‌‌ماسدا

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا12/03/2024

ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین بەقەد تەمەنی خودی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنە. بۆیە شەڕەکە دەکەوێتە ژێر سیستەمێکی ئاڵۆزی دادپەروەریی نێودەوڵەتییەوە، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە سەریهەڵداوە. دادگەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) کە بە دادگەی تاوانەکانی جەنگ لە جیهاندا ناسراوە، لە ساڵی ٢٠٠٢ لە لاهای دامەزراوە، دەستەڵاتی دادوەریی بەسەر تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی و جینۆساید هەیە و ١٢٣ وڵات تێیدا ئەندامە. بەڵام زۆر لە زلهێزەکانی جیهان تێیدا ئەندام نین، لەوانە چین، ئەمریکا، ڕووسیا، هیندستان و میسر. دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان فەلەستین وەک وڵاتێکی ئەندام دەناسێنێت، کە لە ٢٠١٥وە بووەتە ئەندامی ئەو دادگەیە، لەکاتێکدا ئیسرائیل دەستەڵاتی دادوەریی دادگەکە ڕەتدەکاتەوە و بە فەرمیی پەیوەندی لەگەڵدا ناکات.
دادگەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دادگەیەکی بەڕوواڵەت سەربەخۆیە، تاکە ئۆرگانی یاسایی نێودەوڵەتییە کە توانای ئەوەی هەیە تۆمەتەکان بخاتە پاڵ دادگە ناوخۆیییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی پێی دەگوترێت دەستەڵاتی دادوەریی گشتگیر لە کەیسەکانی تاوانەکانی جەنگدا، بەڵام لەڕووی پانتایییەوە دەسەڵاتەکانی سنووردارن.
پەیماننامەی ڕۆما بۆ یاسای بنەڕەتیی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی؛ دەستەڵاتی یاسایی پێدەدات بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە لەسەر خاکی ئەندامەکانی یان لەلایەن هاوڵاتیانیانەوە ئەنجامدەدرێن، لەکاتێکدا دەستەڵاتە ناوخۆیییەکان "ئامادە نین یان ناتوانن" ئەو کارە بکەن. دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان یەکەم دادگەی تاوانکاریییە، کە مەبەست لێی دابینکردنی سەکۆیەکە بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکان، لەوانە جینۆساید، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ کەتاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی دەگرێتەوە.
لە کاتێکدا هەندێک تاوانی نێودەوڵەتیی، تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی دەستەڵاتی دادوەریی گشتگیریان هەیە، بەڵام پرسی لێپێچینەوە تاوانکارییەکان بە گشتیی بۆ دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان جێهێڵدراوە. تا ئەو کاتەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان دامەزرا، دادگە تایبەتەکان کە بەزۆریی لەلایەن لایەنی براوەوە بۆ ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا درووستدەکران، مامەڵەیان لەگەڵ ئەو جۆرە تاوانانەدا دەکرد، ئەمەش دادگەکانی نورنبێرگ و دادگەییکردنەکانی جینۆسایدی ڕواندای لەخۆگرتبوو.
بەڵام ئێستا ئەو هیوایەی کە فەرماندە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەبێت ڕووبەڕووی دادگەییکردنی هاوشێوە ببنەوە بەهۆی تاوانە جەنگیی و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیی، ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە بوونەتەوە، چونکە ئیسرائیل و ئەمریکا فشارێکی بەرچاویان خستووەتە سەر دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و هەنگاو و ڕێکاری جۆراوجۆریان بەکارهێناوە بۆ ڕێگریکردن لە دادگەییکردنێکی لەو جۆرە و هەر باسێکی جەوهەریی لەسەر تاوانباربوون یان بێتاوانیی ئیسرائیل.
چ یاسایەک ململانێکە بەڕێوەدەبات
یاساکانی ململانێی چەکداریی لە ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ لە ساڵی ١٩٤٩دا، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەلایەن تەواوی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراون و بە بڕیارەکانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکانی جەنگ تەواوکراون، کە لەکاتی جەنگدا بە زنجیرەیەک پەیماننامە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی مەدەنیی، سەرباز و دیلەکاندا دەکات، بە یاسای ململانێی چەکداریی یان یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی ناسراوە. هێزەکانی حکوومەت و گرووپە چەکداریە ڕێکخراوەکان دەگرێتەوە، کە چەکدارانی حەماسیش دەکەونە ناو ئەم کۆمەڵەیەوە. داواکاریی گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان، پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ئەرکەکەی ئەو تاوانانە لەخۆدەگرێت، کە لە ململانێی ئێستادا لە غەززە ئەنجام دەدرێن و ڕایگەیاندووە کە بەردەوامن لە کۆکردنەوەی زانیاریی، بەڵگە و دیکۆمینت لەسەر جەنگەکە.
ڕۆڵی دادگەکانی نێودەوڵەتیی
لەم ڕووەوە بڕیاری دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەک لە دۆخی فەلەستین شتێکی گرینگە. ئەمەش دوای بڕیارێکی پێشووی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان دێت، کە دادگەکە دەستەڵاتی دادوەریی بەسەر خاکی فەلەستیندا هەیە، کە ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە داگیری کردووە.
دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوامی هەیە سەبارەت بە تۆمەتەکانی تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی، کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین ئەنجامدراون. هەرچەندە دادگەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەرگیز بە سەرکەوتوویی بەکارنەهێنراوە بۆ لێپرسینەوە لە ئیسرائیل لەبەرانبەر پێشێلکارییەکانی لە هەمبەر فەلەستینییەکان.

داواکارانی گشتیی لە ساڵی ٢٠٢١دا ئاماژەیان بەوە داوە، کە بنەمایەکی مەعقوول هەیە بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە پێشێلکارییەکان لە هەموو لایەنەکانەوە ئەنجام دراون، لەوانە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسی فەلەستین، بەڵام تا ئێستا هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردنی دەرنەکردووە. ئەوەی جێی سەرنجە و بێلایەنیی دادگەکە دەخاتە ژێر پرسیار ئەوەیە کە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی لە ١٧/ ٣/ ٢٠٢٣ فەرمانی دەسگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین دەرکرد، لە چوارچێوەی دۆخی ئۆکرانیادا، کە گوایە بەرپرسیارە لەتاوانی جەنگ و بەرپرسیاریی تاوانکاریی تاکەکەسیی.
ئەمەش دووفاقییەکی زۆری بۆ icc درووستکرد، کە بەهۆی ئەوەی هەنگاوەکانی لەسەر لێکۆڵینەوەکان لە دژی ئیسرائیل هێواشە و دۆسیەیەکی چەندین ساڵە بێ بڕیار دەمێنێتەوە، لەهەمان کاتدا زۆر بە خێرایی کاریان کرد بۆ ئاڕاستەکردنی تۆمەتی تاوانەکانی جەنگ لەلایەن ڕووسیا لە ئۆکرانیا و دەرکردنی بڕیاری دەسگیرکردن بۆ سەرۆکی ئەو وڵاتە. 
سەبارەت بە دادگەی دادی نێودەوڵەتیی ICJ بە پێچەوانەی بڕیارەکانی ICC دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە دۆسیە مشتومڕاوییەکاندا، کە پابەندکەرن بۆ لایەنە ناکۆکەکان، بۆچوونە ڕاوێژکارییەکانی ICJلەڕووی یاسایییەوە پابەندکەر نین و تەنیا بە ئامۆژگاریی یاسایی دادەندرێن بۆ ئەو ئۆرگان و دامەزراوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە داوای دەکەن. ICJ وەک ئۆرگانی سەرەکیی دەزگەی دادوەریی نەتەوە یەکگرتووەکان شکۆ و دەستەڵاتی بەجۆرێکە، کە بۆچوونە ڕاوێژکاریییەکانی، قورسایییەکی بەرچاویان هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا.
چ کردارێک دەتوانێت یاسای تاوانەکانی جەنگ پێشێل بکات
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و هێرشی مووشەکیی بێ جیاوازیی و گرتنی خەڵکی مەدەنیی وەک بارمتە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و هەروەها هێرش و دژە هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە، کە بووە هۆی کوژرانی سەتان فەلەستینیی بە تاوانی جەنگ  دادەندرێن.
گرتنی بارمتە، کوشتن و ئەشکەنجەدان بەپێی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ بە ئاشکرا قەدەغە کراوە، لەهەمان کاتدا وەڵامە هەڕەمەکیی و ناڕێژەیییەکانی ئیسرائیل ڕەنگە بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی جەنگەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپەکانی مافی مرۆڤ، ڕەخنەی تووند لە گەمارۆی تووند و ڕێگریکردن لە گەیشتنی خۆراک و سووتەمەنیی بۆ کەرتی غەززە دەگرن، کە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی تێدایە، کە ئەمەش بە تاوانی جەنگ و جینۆساید دادەندرێت.
هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماسدا. ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام دەبێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای مرۆیی ئەنجام بدرێت و هەندێک لە کردەوەکانی پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و ناڕێژەیی و ناهاوسەنگن.
گرینگی پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتیەکان
پابەندبوونی تەواو بە یاسای نێودەوڵەتیی لەلایەن هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی ململانێ چارەسەرنەکراوەکان زۆر گرینگە، لەوانەش ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین.
یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافی مرۆڤ ئەمڕۆ لە زۆر ئاڕاستەوە مەترسی لەسەرە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی کولتوورێکی بێسزاوە، بۆ ئەوەی ئەمە کۆتاییی بێت، میکانیزمە باوەڕپێکراوەکانی لێپرسینەوە زۆر گرینگن.
لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا، ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان تەواو بەرەو کاڵبونەووە چووبوو و سیاسەتی تاکلایەنە جێگەی گرتبوویەوە، لەوانەش سەپاندنی سزا لەسەر داواکاری گشتیی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان. هەروەها هاواهەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل کە پۆشاکێکی بە بەردەوامییدان بە درووستکردنی یەکە نیشتەجێبووەکان لە کەناری ڕۆژاوا و قودسی ڕۆژهەڵاتدا دەدا، ئەمەش بووە هۆی گەورەترین مەترسی لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان. هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەبێت سەرەتا لەسەر دڵنیابوون لە کۆتایی هاتنی داگیرکارییەکە بێت، کە نەهامەتیی و نادادپەروەریی بەسەر فەلەستینییە ئاساییەکاندا هێناوە، هەروەها کاریگەرییە کارەساتبارەکانی هێرشی هاژەک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل، کە هەردوو گەل شایەنی ئەوەن بە ئارامیی و دادپەروەرییەوە بژن.

وتاری زیاتر