کۆتایی خۆسەپێن، تاکڕەو و دیکتاتۆرەکان
قەیرانی ئابووریی، خۆبەزلزانین، دابڕان لەخەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕووخانی سەرکردە تاکڕەوەکان زیاد دەکات.
بە پڕۆژەکردنی ترس؛ دەستەڵاتداران مۆدێلە کۆنەکەی ترسیان بە دیجیتاڵیی کردووە، زۆربەی دیکتاتۆرەکان بە سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن، کۆنترۆڵکردنی زانیاریی، پەیوەندییەکان و سزادانی ڕەخنەگران، زۆرجاریش سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەک و هێرشکردنەسەر دیموکراسیی، دەستەڵاتەکەیان بۆ ماوەیەک دەپارێزن. ئەمەش لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی سامانی وڵات، میدیای زەبەلاح، هێزی ترس و تۆقاندن، کۆنتڕۆڵکردنی نەک تەنیا ڕەفتاری گشتیی خەڵک، بەڵکوو کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی تایبەتیشیان، کە وڵات دەبێتە تۆڕێکی پۆلیسیی ترسناک و نهێنیی، لەڕێگەی تۆڕی سیخووڕی تاک بەسەر تاکەوە بۆ تێکشکاندنی هەموو پەیوەندی و پیرۆزیەکان بەکارهێنانی دەستەبژێر، مامۆستایانی ئاینیی، زانکۆ و ڕۆشنبیری دەستەمۆ، پارێزەران، دادوەرەکان، فەرمانبەرانی حکوومی، ڕۆژنامەنووسان، چالاکان و سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن. بۆ ئەمەش هەریەکەیان حزبێکی دیسپلینکراو، پۆلیسی نهێنیی دڕندانە و خوێنڕێژ درووستدەکەن، شارەزان لە پرۆژەکردنی ترس، کە تیرۆر و تۆقاندن ئامرازی هەموو مەبەستەکانیانە. بەڵام بنەمای سەرەکیی پشت هەموو ئەم پراکتیزانە زۆر سادەیە: ئەم جۆرە سەرکردانە بۆ ماوەیەک لە ژیاندا دەمێننەوە و ناوبانگی وڵاتەکەیان دەشێوێنن، تاکوو لە کۆتاییدا دەکەونە بەر نەفرەتی گەل و ڕووخانی حیزب و ڕژێمەکەیان، یاخود کوشتن، زیندانیی یان جێهێشتنی وڵات و دەربەدەربوونیان.
بۆ هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان نەک تەنیا گۆڕینیان، بەڵکوو لەدەستدانی دەستەڵاتیش ڕەنگە سزای زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە ماوەی ساڵانی ١٩٤٦-٢٠٠٤دا، ٤٧%ی دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامی لەدەستدانی دەستەڵاتیاندا زیندانیکراون، یان کوژراون، یان ناچاربوون وڵاتەکانیان بەجێبهێڵن. لەم ڕۆژانەدا نەخشەکە بەشێوەیەکی سەرەکیی سێبەری خۆڵەمێشیی لەسەرە.
ڕووپۆشی دیموکراسی؛ ئێستا دیموکراسیی ڕووبەڕووی قەیرانی متمانە و حوکمڕانیی بووەتەوە.
زۆر لەتاکڕەوە خۆسەپێنەکان گەشت بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی بازرگانیی لە هاوینەهەواری داڤۆسی سویسرا دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستەبژێرێکی جیهانیی قسە بکەن. ئەم دیکتاتۆرە نوێیانە ڕاپرسیکار و ڕاوێژکارانی سیاسیی بەکرێدەگرن و نمایشی دیموکراسیی دەکەن، لەکاتێکدا خەڵکەکەیان هەژار، برسی، مانددوون و بێمووچەن، لەهەمان کاتدا منداڵەکانیان خاوەنی کۆمپانیا، بازرگانیی، دەزگەی خێرخوازیی، ڕاگەیاندن و زانکۆی تایبەتی خۆیانن و بۆ خوێندن دەچنە زانکۆکانی ڕۆژاوا.
لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، ئێستا کۆمەڵگەکانی ڕۆژاوا بە چەندین موولوولە بە دیکتاتۆرییەکانی جیهانەوە گرێدراون. بەتایبەت فەرمانڕەوا خۆسەپێنە عەرەبەکان، کە هیچ ڕێگەیەکی سەلامەت نییە بۆ دەرچوون لەو سیستەمە دووڕوویییە. ڕۆژاوا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تەحەددایەکی ئاڵۆز بووەتەوە. بەهۆی پاراستن و دووبارە درووستکردنەوەی دیکتاتۆری نوێ، دوژمنانی ئازادی ڕووکەش کراو بە پۆشاکێکی درۆیینەی دیموکراسی داماڵدراو لە سرووشتی ڕاستەقینە.
ئایا حکوومەتی ئەمریکا دژایەتی دیکتاتۆریەت دەکات و بە پاڵپشتی دیموکراسیی لە جیهان دادەندرێت؟ بەپێی سیستەمی هەڵسەنگاندنی ماڵی ئازادیی بۆ مافە سیاسییەکان لە سەرانسەری جیهان، لە دوایین داتای گشتیدا، کە لەبەردەستدایە، لە ٤٩ گەورە دیکتاتۆر لە جیهاندا، حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا هاوکاریی سەربازیی پێشکەش بە ٣٦ کەسیان کردووە، واتە ئێستا ئەمریکا پشتیوانی زیاتر لە ٧٣%ی دیکتاتۆرەکانی جیهانە.
زۆربەی کەسانی ئاگاداری سیاسیی هەندێک لە نموونەکانی ئەم بابەتە دەزانن، کە زیاتر بانگەشەی بۆ دەکرێت، وەک ئەو هاوکارییە سەربازییەی ئەمریکا بە بەهای دەیان میلیار دۆلار، کە پێشکەش بە پایتەختی کپکەری ئازدیی جیهان، دەستەڵاتی پاشایەتی خوێنڕێژی سعوودیە و دەوڵەتی ئیسڕائیلی کردووە، کە سەرۆکەکەیان داواکراوی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییە، هەروەها دیکتاتۆری ئێستای میسر، دووفاقی ئیدارەی ئۆباما، بەرانبەر بە شۆڕشە دیموکراسیەکان لە توونس و میسر لە ساڵی ٢٠١١دا خاڵێکی ڕەش بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا.
لەوانەیە ئەوان بڵێن کە بەرژەوەندییە نەتەوەیییە فراوانەکانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستی بە چاوپۆشیکردنی کاتیی و سرووشتی ستەمکارانەی ئەو دەوڵەتە تایبەتانەوە هەیە، بۆ ئەوەی خزمەت بە یارییەکی کۆتایی فراوانتر و لایەنگری دیموکراسی بکەین.
کاتێک باس لە دەوڵەتە تاکڕەوەکان دەکرێت، ئەمریکا هەندێک جار پشتگیری لە دیموکراسی دەکات و هەندێک جاریش پاوانخوازیی. ئەمریکا لە سەرەتای سەتەی ١٨ـەوە تا ئێستا خۆی وەک پاڵەوانی ئازادیی تاک، مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی ناساندووە، بەڵام لە واقیعدا واشنتۆن زۆرجار تەحەمولی پاوانخوازیی کردووە و دەرفەتگەلی بەرەوپێشبردنی ڕەتکردووەتەوە.
ئیدارەکانی ئەمریکا لەڕێگەی پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە پشتیوانییان لەڕژێمە خۆسەپێنەکان کردووە، کە هاوکاریی مانەوەیان بووە لەڕێگەی فرۆشتنی چەک، گەرەنتی ئاساییش، دەستتێوەردان و ئامرازەکانی تر. زۆر جار حکوومەتی هەڵبژێردراو، خەڵکی بەکودەتای سپی گۆڕیووە، وەک ئەوەی لەپاکستان بینیمان، کە بەزۆرینەی دەنگی پەڕلەمان، عیمران خانی سەرۆکی وڵاتەکەی لەکارخست، کە دەیویست پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ڕووسیا و چین درووست بکات. هاوکات بەهەمانشێوە هاوکار بووە لە ئەنجامدانی کودەتای سەربازیی لە میسر، بەسەر محەمەد مورسی سەرۆکی هەڵبژێردراو.
مەرجداربوونی پشتیوانیی ئەمریکا بۆ دیموکراسییەکان
ئەمریکا تەنیا کاتێک پشتگیریی لە دیموکراسیی دەکات، کە ئەنجامدانی ئەو کارە لە بەرژەوەندییەکانیدا بێت، یارمەتی دیموکراتیزەکردنی وڵاتێک نادات، کە دیموکراسیی ئەو وڵاتە بەهێز بکات و زیان لە سامان یان ئاساییشی ئەمریکا بدات. لەو هەلومەرجەدا واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە سپۆنسەریی ئەو ڕژێمە تاکڕەوەی، کە لە بەرژەوەندیی هەژموونی خۆی، واتە لە بەرژەوەندیی هەژموونی ئەمریکادایە.
وڵاتانی تاکڕەو، فەرمانڕەواکانیان ڕقیان لە ئازادییە و لە ئازادیی دەترسن، ئاسایییە کە حکوومەتە لایەنگرەکانی ئەمریکا، هەمیشە دیموکراسیی نەبن. نموونەکانی ئێستا لە جیهانی موسڵماناندا چڕبوونەتەوە. ئەمریکا لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداودا، هاوکاریی سەربازیی دەکات، کە ئەندامەکانی لە ڕژێمیەکانیسعوودیەی پاشاگەرییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە کوێتی پاشایەتی دەستوری نادیموکراسیی و ئووردەنی هاوشێوەیی و کۆمارە تاکڕەوەکانی توونس و میسر. بێگومان دەتواندرێت ڕەخنە لەم جۆرە چەواشەکارییە بگیردرێت لە زۆر بابەتدا، سەبارەت بەوەی کە چ شتێک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا پێکدەهێنێت.
سرووشتی دیکتاتۆرە تازەکان؛ سەرکردە پاوانخوازەکان دەتوانن دەستکاریی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن و دژایەتی سیاسیی سەرکوت بکەن، سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەگەری مانەوەی تاکڕەوەکان لە دەستەڵاتدا درێژ دەکاتەوە. دیکتاتۆری تاکحزبیی یان سەربازیی، لەوانەیە ڕێگە بە چەند مافێکی سیاسیی بدەن، وەک هەندێک نوێنەرایەتی یان ئۆتۆنۆمی بۆ گرووپە کەمینەکان و هەندێکیشیان دەستەڵاتی تەقلیدین، کە تەحەمولی گفتوگۆی سیاسیی دەکەن و داواکاری گشتیی قەبووڵ دەکەن.
خولگەی پەیوەندیی ئەمریکا بە تاکڕەوەکانەوە
پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی تاکڕەو بەدرێژایی ساڵان، بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیووە، کە بەهۆی پەرەسەندنی دیمەنی ئەمنیی جیهان و گۆڕانی ڕەوتە سیاسییەکانی پەیوەست بە پێشکەوتن، یان پاشەکشەی دیموکراسیی لە جیهاندا لە قاڵبدراوە.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتە تاکڕەوەکان بەشێوەیەکی تووند دابەشبوو لەنێوان پەیوەندییە دژبەرەکان لەگەڵ کۆمەڵێک لەو حکوومەتانەدا، کە یەکێتی سۆڤیەت، هاوپەیمان و هاوڕێکانی و پەیوەندییە ئەرێنییەکان لەگەڵ حکوومەتە تاکڕەوەکانی دیکەدا، کە هاوپەیمان و دۆست بوون لە دۆزی دژە کۆمۆنیزمدا.
هەڵوێستی نەرێنیی بەرانبەر یەکێتیی سۆڤیەت، هاوپەیمانان و دۆستەکانی لە چەندین تووخم پێکهاتبوو: ڕکابەریی سەربازیی، دیپلۆماسی و هەندێکجار ڕووبەڕووبوونەوە، چاودێریی هەواڵگریی، سزای ئابووریی، پشتیوانی لە ناڕازیی و نەیارانی ڕژێم، هەوڵی چالاکانە لە چەند حاڵەتێکدا بۆ تێکدان یان ڕووخاندنی حکوومەتێک. هەڵوێستی ئەرێنی بەرانبەر وڵاتە پاوانخوازەکان، کە ئەمریکا بەهۆی تێڕوانینی دژە کۆمۆنیستییەوە لایەنگری بوو، بریتی بوو لە هاوکاریی و هاوبەشی سەربازیی، هاوکاریی هەواڵگریی، ستایش و پشتیوانیی دیپلۆماسییانە، هاوکاری ئابووریی، ڕێکخستنی بازرگانی ئیمتیازدار و سەردانی بەردەوامی بەرپرسانی باڵا لە هەردوو ئاڕاستەکەدا.
نەوت و غازی سرووشتی، وزە، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، سەقامگیریی و هاوکاری سەربازیی، بزوێنەری ناوەندی ئەم پەیوەندییانە بوون لەلایەنی ئەمریکاوە، ئەو تێڕوانینەیە کە ئەم وڵاتانە هاوبەشی ئاساییشی گرنگن بۆی. گەورەترین پشکی وڵاتانی تاکڕەو کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، وڵاتانی عەرەبین، کە ئەمریکا بە هاوبەشی گرینگیان دەزانێت لە پرسەکانی ئاساییشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەویی، تووندوتیژیی ئیسلامیی و دەستەبەرکردنی ئاساییشی ئیسڕائیل. ئەوانیش بریتین لە بەحرەین، میسر، ئووردەن، عوومان، قەتەر، سعوودیە، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی و ئیماڕات.
هاوبەشییە ئەمنییەکانی ئەمریکا لەگەڵ خۆسەپێنەکانی عەرەب قووڵ و بەرفراوانن. ئەوان بریتین لە بڕێکی بەرچاو لە کڕیاری چەک، مەشقی سەربازیی هاوبەش، بنکەی سەربازیی، هاوبەشکردنی هەواڵگریی و سەردانی بەردەوامی فەرمی ئاستی باڵا، لەنێوانیاندا بەحرەین، میسر و قەتەر.