خۆسەپێن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا10/02/2024

شەڕی غەززە ئاسایشی ئیسڕائیلی خستووەتە دۆخی لەرزین و دەستەڵاتە خۆسەپێنەکانی وڵاتانی عەرەبییشی بەرەو لێواری تەقینەوە بردووە
پێدەچێت ساڵی ٢٠٢٤ ئیسڕائیل ڕێڕەو و ئاسۆیەکی تاریکی هەبێت، وەک چۆن ساڵی ٢٠٢٣ بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕی، چونکە هێشتا بەردەوامە لە هێرشە تیرۆریستییەکانی بۆ سەر غەززە. ئەو شەڕەی کە دەمامکی پەیوەندیی نێوان ئیسڕائیل و ڕژێمەکانی ناوچەکەی لەسەر فەلەستین لاداوە، لەهەمان کاتدا ژێرخانی هاوکاریی ئیسڕائیل و عەرەبیی تەقاندەوە، کە نزیک بوو فەلەستینییەکان لە نەخشەی سیاسیی و ستراتیژیی جیهانییدا بسڕێتەوە. جگە لەوەش، دەستەڵاتی ڕژێمەکان بۆ بەدواداچوون و سانسۆڕکردنی ڕەخنەگرتن و ئازادیی ڕادەربڕین، بەتایبەت بە پشتبەستن بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادی کردووە.
ئەگەر پشتیوانی ناوچەیی هۆکاری خۆڕاگریی پاوانخوازانە بێت، ئەوە جگە لە میسر، دەوڵەتانی کەنداو، وەک ناوەندی پاوانخوازیی لە ناوچەکەدا سەریان هەڵداوە. لەدەرەوەی نەوت، دینامیکی ناوچەیی و جیهانییان بەکارهێناوە بۆ بەهێزکردنی ڕژێمەکانیان. جگە لە بەکرێگرتنی کۆمپانیا بەهێزەکانی لۆبی، کە بنکەکەی لە واشنتۆنە بۆ "فرۆشتنی" ویژدان، بێنرخکردنی سیاسەت و بەهاکان، بە دڵنیایییەوە سەرکردەکانی عەرەبی کەنداو ئارام بوون لەوەی کە کۆشکی سپی پشتگیریی لە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام کردووە، بە شێوەیەک کە پیاوە لەرزۆکەکانی ناوچەکەی بەهێزتر کردووە، لەوانەش بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، سیسی و محەمەد سەلمان.
کارەکانی ئیسڕائیل کە یەکسانە بە سزای بەکۆمەڵ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵاتدا، شەپۆلێکی ناڕەزایی و تووڕەیی لەنێو گەنجاندا هەڵگیرساندووە.
ئەم هەستە تەنیا کاردانەوەیەکی زووتێپەڕ نییە، بەڵکوو کاردانەوەیەکە کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ ساڵانێک، ڕەنگە دەیان ساڵ، دەنگدانەوەی هەبێت، کاریگەریی لەسەر دیمەنی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی ناوچەکە هەبێت. جا چ لە ساڵی ٢٠٢٤ بێت یان لە ساڵانی داهاتوودا، ئەم هێڵە هەڵەی دیمۆگرافیی و سیاسییە، کە لە کۆتاییدا بەشدار دەبێت لە داڕمانی پەیماننامەی ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتە عەرەبییە جیاوازەکان، لە کاتێکدا سەرکردە پاوانخوازەکان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی لە پەیوەندییدا بمێننەوە لەگەڵ هەستی جەماوەردا، کە بە بڕوایەکی پۆڵایینەوە دژە ئاساییبوونەوەیە.
 
هاوپەیمانی سەرەکیی خۆسەپێنە عەرەبیەکان ئەمریکایە؛ تێڕوانینی باڵادەست لە واشنتۆن ئەوەیە، کە دەستەڵاتە خۆسەپێنەرەکانی عەرەب هاوبەشی متمانەپێکراوی ئەمریکان، وەک لەوەی حکومەتە دیموکراتیزکارەکان. لە کاتێکدا ئەم جۆرە داینامیکییە ناوچەیی و جیهانییە گرنگە، بەڵام لە زۆربەی دۆخەکاندا بەرگەگرتنی ئۆتۆکراسیی سیاسەتی ناوخۆیییە. جگە لە پشتبەستن بە سیستەمی ئەمنیی بەهێز، فەرمانڕەوا پاوانخوازەکان بەردەوامن لە ئیستغلالکردنی درزەکانی ئایدیۆلۆژیی، کۆمەڵایەتیی و ناسنامە، بەم شێوەیەش سەودای حوکمڕانیی نێوان ڕژێمەکان و هاوپەیمانە ناوخۆییە ئامادەبووەکانیان دادەڕێژنەوە. ئۆپۆزسیۆنە دابەشبووەکان، پارتە سیاسییە لاوازەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، کە دەوڵەت دەستی بەسەردا گرتووە، ئاسانکاریی بۆ ئەم ستراتیژە دابەشکردن و حوکمڕانییە دەکەن، هەروەها ماندووبوونی هاوڵاتیانی ڕۆژانە، کە خەبات دەکەن بۆ مانەوە.
ناڕازیبوونی بەربڵاوی گەنجانی عەرەب لاوازیی خۆسەپێنەکانە
ئەم دۆخەی ئێستای غەززە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریدەخات، کە ڕژێمە عەرەبییەکان چەندە لاوازن، لەنێویاندا میسر، بێتوانایییان لە کاریگەریی دانان لەسەر ئەوەی ڕوودەدات، بۆ پاراستنی فەلەستینییەکان یان کۆکردنەوەی ئاگربەست و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە. لە هەموو سۆشیال میدیاکاندا دەیبینین: خەڵک بە تامەزرۆیییەوە هەواڵەکانی فەلەستین بڵاودەکەنەوە، هەروەها میم و کارتۆن و گاڵتەجاڕییەکانیان کە گاڵتە بە سیسی و فەرمانڕەواکانی دیکەی عەرەب دەکەن.
ئێمە لە لێواری ساڵی ٢٠١١یەکی دیکەدا نین، چونکە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ناڕازییانی ئێستا و ئەو کاتدا هەیە، ئێستا کە حکومەتی سیسی کەمتازۆر نزیکەی هەموو دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەرکوت کردووە. بەڵام تووڕەیی خەڵکی دە هێندەکردووە و ئەمەش وادەکات کە ڕژێمەکان لە نائارامیی سیاسیی و بەردەوام و لەرزۆکدا بژن، کە داهاتووی هەر یەکێکیان موبارەک، بن علی و ساڵح دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەم شەڕە لە غەززە زیاتر درێژە بکێشێت، ئەگەری ئەوە زیاترە کە شتێک ڕووبدات. بۆ ئەوەی ئەوە ڕوونەدات، ئەو گەلانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردووەتەوە، یان پلانیان هەیە ئاسایی بکەنەوە، هاوسەنگیی لەنێوان ڕاگەیاندنە گشتییە تووڕەیییەکان لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ ڕیاڵپۆلەتیک بەشێوەیەکی تایبەت هاوسەنگ دەکەن.

گۆڤاری ئیکۆنۆمیست کە گۆڤارێکی بەریتانییە ڕایگەیاندووە "لە گفتوگۆکانی دەرەوەدا هەندێک لە بەرپرسانی عەرەب بەو جۆرە زمانە باسیان لە حەماس و غەززە کردووە، کە مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە دەکات لە ئیسڕائیلییە ڕاستڕەوەکانەوە بیبیستێت" و "ئەوان هیچ هاوسۆزییەکیان بۆ گرووپێکی ئیسلامیی نییە، کە ئێران پشتیوانیی دەکات. بەڵام ناوێرن لەبەردەم خەڵکدا ئەو جۆرە لێدوانانە دووبارە بکەنەوە.
ڕژێمە خۆسەپێنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئاڕاستەی ئیسڕائیل و هاوپەیمانە عەرەبەکانی بەهۆی شەڕی غەززە و سیاسەتی ناوخۆیی و پەیوەندییە ناوچەیییەکانەوە لە قاڵب دەدرێنەوە. دوای دامەزراندنی ڕاستڕەوترین حکومەت لە مێژووی ئیسڕائیلدا. چاوەڕوانییەکان بۆ پەرەسەندنی گرژییەکانی ئیسڕائیل و فەلەستین، پاشەکشەی دیموکراسیی و خاوبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسڕائیل و عەرەب هەموویان هاتوونەتە دی.
ئەگەر زیاتر سەیری پێشەوە بکەین، سیناریۆکان تێکەڵن. ڕەنگە خولگەی دابەزینی پێشهاتەکان بەردەوام بێت، بەڵام واقیعی ترسناکی ئێستا دەرفەتی نوێ بۆ ڕێگەیەکی جیاوازیش درووست دەکات.
لە ناوخۆدا، لەگەڵ فەلەستینییەکان و لە ئاستی ناوچەییدا. هەر سیناریۆیەک لە کۆتاییدا بەدی بهێندرێت، کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر ئاساییشی ئیسڕائیل، ناسنامەی نەتەوەیی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیسڕائیل دەبێت. کە بەم دۆخە شەڕانگێزیەی ئێستا زیاتر خۆی و ناوچەکە بەرەو لێواری داڕمان دەبات.
پاوانخوازیی دووبارە
ڕژێمەکانی درووستکراوی ئیسڕائیل و ئەمریکا، کە شازادەی جێنشینی سعوودیە پێشەنگیان دەکات و میسر ئاڕاستە سەربازییەکەیان بەردەوامیی پێدەدات، بریتین لە ئیمارات، بەحرەین و ئووردەن.
ڕژێمی سیسی ڕێبازێکی ئەمنیی وەهای نیشانداوە بەرانبەر بە خەڵک، کە وەرچەرخانێکی سەرکوتکەرانەی گرتۆتەبەر، لەگەڵ تووندوتیژییە هێرشبەرانە و دەستە قورسەکانی دەوڵەت دژی ئیخوان موسلیمین، کە لە کۆمەڵکوژیی گۆڕەپانی ڕەباعەوە دەستی پێکرد، دواتر زیندانیکردن و دادگەییکردنی بەکۆمەڵ. ئیخوان موسلیمین لەگەڵ چەکدارانی داعش لە سینادا کۆکراونەتەوە و بەشێوەیەکی گشتیی نەیارانی بە هەموو جۆرەکانیانەوە وەک تیرۆریست ناوزەد کراون و تاوانبار کراون ئەم گێڕانەوەیە بەرگێکی سیاسیی دەدات بە دەستەڵاتخوازیی تاریک و ناجێگیریی ئەم دەستەڵاتخوازیییە نوێکراوەیە، باشترین نموونەی ئەو تاکتیکە تووندانەی کە ڕژێمەکانی وەک میسر جێگیریان کردووە، لەگەڵ یاساکانی دژەتیرۆر، هەروەها بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕۆشنبیران درێژە پێدەری خوێن ڕشتن و سەرەنجام لەناوبردنی خودی ڕژێمەکە خۆیەتی.
خۆسەپێنەکان هەروا بە لاوازیی دەمێننەوە
لەژێر بارودۆخی ئاڵۆزی جیهانی مۆدێرندا، ڕژێمە خۆسەپێنە عەرەبییەکان ناتوانن شەرعییەتی دەستەڵاتی پاوانخوازیان درێژە پێبدەن و لە ئەنجامدا سیستەمەکانیان بەرەو ناسەقامگیرتر دەچن و وەک ڕژێمەکانی موبارەک و بن عەلی دەچنە کتێبەکانی مێژووی خوێنڕشتن، خۆسەپێنی، ڕووخان و ئاوابوون.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠دا دەوڵەتانی عەرەبیی گۆڕانی سیاسیی گەورەتریان بەخۆوە بینی لە چاو دەیەکانی پێشووتر. ئەوان لە دوای شۆڕشەکانی پەنجا و شەستەکانەوە، کە ناسریان لە میسر یان بەعسییەکان لە عێراق و سووریا هێنایە سەر دەستەڵات، ڕووبەڕووی تەحەددا نەبوونەوە و گۆڕانکاریی ماکرۆ-سیاسییان بەسەردا نەهاتبوو، کە گرنگییەکی هاوشێوەیان هەبوو. ئەو ناڕەزایەتییانەی کە تا سەرەتای ساڵی ٢٠١١ زەبری خۆیان کۆکردەوە و لە توونسەوە بۆ میسر و دواتر بۆ یەمەن، بەحرەین، لیبیا و سووریا، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەوڵەتە عەرەبییەکان هەبوو بە سیما سەپێنراوەکانیان و داواکارییە گشتییەکانیان بۆ شکۆ، ئازادیی، مافە مرۆییەکان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان. ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەردەوام و چینایەتییانە لەڕووی جوگرافییەوە بەربڵاوە، نەزمی تاکڕەوییان تێکدا و ڕژێمە تاکڕەوەکانی خستە ژێر فشارێکی زۆرەوە، ئەمەش وای لێکردن پەنا بۆ پاوانخوازیی ببەن وەک ڕێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی ئامرازی زۆرەملێ بۆ بنیاتنانی جۆرێک لە شەرعییەت لەڕێگەی دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە.
ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان، پاوانخوازییان لە جیهانی عەرەبییدا هەژاند. ناوچەیەکە ئامادە بێت کە لە ئامرازی تاکڕەوانەی خۆی ڕزگاری ببێت، کە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، بن عەلی لە توونس و موبارەک لە میسر ڕووخێندران و لە ماوەی چەند مانگێکدا بە یارمەتیی دەستێوەردانێکی ناتۆ و نێوەندگیری ڕێکخراوی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو (GCC)، قەزافی کوژرا و ساڵح لە یەمەن بە ناچاریی لەدەوڵەتانی عەرەبیی بە قۆناغێکی گرینگدا تێپەڕین کە دەتواندرێت لە سیاسەتی بەراوردکارییدا بە قۆناغی گواستنەوەی کرداری ناوببردرێت، ئەویش پڕۆسەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی، کە بە گۆڕانکاریی لە دەستەڵات و زیادبوونی ئازادییە نوێیەکاندا تایبەتمەندبوون، کە دەرەنجامەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر نادیارە.چونکە دوای چەند ساڵێک، هیواکان بە تووندیی لەت بوون. لە ساڵی ٢٠١٣ یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر بەشێوەیەکی دیموکراسیی دوای ساڵێک لە پۆستەکەی بەهۆی کودەتای سەربازییەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. توونس، تاکە وڵاتی عەرەبیی، کە لەدوای بەهاری عەرەبییەوە گواستنەوەی بۆ دیموکراسییەکی ناتەواو ئەزموون کرد، ئێستا لەلایەن خۆسەپێنێکی پۆپۆلیستییەوە بەڕێوەدەبردرێت، کە دەستەڵاتی خۆی چەسپاندووە. کایس سەعید لەلایەن زۆر لە سەرکردەکانی ناوچەکەوە وەک عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و بن سەلمانی سعوودیی و بن زایدەوە لە باوەش گیراوە، کە ڕژێمەکەی سەرقاڵی پێشکەشکردنی وانەکانی تەکنەلۆژیای سەرکوتکردنە لە توونس.
ئێستا ئەم ڕژێمانە لە قۆناغێکی نائەمنیی و لەرزۆکدا دەژین، کە لەهەر ئانوساتێکدا ئەگەری لەناوچوونی ڕژێمەکانیان لەئارادایە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەوەی کە ڕژێمەکان هەڵقوڵاوی ناخی میللەت نین و داندراوی دەستی وڵاتی تر و خۆسەپێنن. لە کاتێکدا پاشەکشەی دیموکراسیی لە زۆر گۆشەی جیهاندا پەرەی سەندووە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرگەگرتنی خۆسەپێنەکان جیا دەکرێتەوە.

وتاری زیاتر