خۆڕاگری و ئیرادەی حەماس، ئیسڕائیلی ڕووبەڕووی دۆخێکی بێ بردنەوە کردۆتەوە

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا25/01/2024

خۆڕاگری و ئیرادەی حەماس، ئیسڕائیلی ڕووبەڕووی دۆخێکی بێ بردنەوە کردۆتەوە
فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا
دوای چەند مانگێک لە شەڕی سەرتاسەری و شەڕی سەخت بۆ لەناوبردنی حەماس لە کەرتی غەززە، سوپای ئیسڕائیل  ڕووبەڕووی دووڕیانێکی گەورە و دۆخێکی بێ بردنەوە بووەتەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێی شەڕی خوێناویی دژی حەماس، هاوکات بە دەمامکی قەیرانە سەختەکانی غەززە؛ تووندوتیژیی دژی فەلەستینییەکان بەرز دەبێتەوە و ژیان لە کەرتی غەززە کابووسێکی بێ خەیاڵییە و چانسی مانەوەی دانیشتووانەکەی لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا کەم دەبێتەوە.
خۆڕاگریی حەماس، ئیسڕائیلی بۆ دۆخێک ڕاکێشاوە کە لە دۆخێکی بێبردنەوە دەچێت، شەڕێک کە تێیدا هەوڵی لەناوبردنی ئەو گرووپە چەکدارە پڕ ئیرادە و ڕاهێنراوە دەدات، بەڵام ناتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو وێرانکارییە دڕندانەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کە ڕەنگە تەنانەت مومکینیش نەبێت، بۆ دابەزاندنی تواناکانی حەماس، یاسای جەنگ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی پێشێل دەکرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسڕائیل  هەڵکردووە تا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، لەکاتێکدا گەلی فەلەستین مافی ئەوەی هەیە بەهەموو شێوەیەک بەرگریی لە خۆی بکات، ئازادیی و سەربەخۆیی خۆی بەدەستبهێنێت و دەوڵەتێکی فەلەستینیی کە پایتەختەکەی قودس بێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دابمەزرێنێت.
ئەو قەیرانە مرۆییەی ئێستا لە کەرتی غەززە دەگوزەرێت، کاریگەریی لاوەکی شەڕەکە نییە، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی مەبەستی ئەو سیاسەتەیە، کە ئیسڕائیل  جێبەجێی دەکات. ئەو کەسانەی لەپشت ئەم سیاسەتەوەن، سەپاندنی قەیرانی مرۆیی بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن کەسدا بە ڕێگەیەکی ڕەوا بۆ فشارخستنەسەر حەماس دەزانن. داخستنی دەروازەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی مەدەنیی، یەکسانە بە برسیکردنی بەئەنقەستی دانیشتووان و هاوکاتیش یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی برسیکردنی بە ئەنقەست وەک شێوازێکی شەڕ، قەدەغە دەکات. ئەم نۆرمە پێگەی نەریتیی بەدەستهێناوە، واتە هەموو وڵاتان دەگرێتەوە. پێشێلکردنی ئەم قەدەغەکردنە تاوانێکی جەنگە بەپێی یاسای ڕۆما.
 
شەڕی حەتمییەت وسوڕی بەردەوامی ململانێکان
هێربێرت، ئەفسەری پێشووی سوپای بەریتانیا کە چەندین ئەرکی لە ئەڤغانستان تەواو کردووە و وەک ڕاوێژکاری باڵای ناتۆ لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەدا کاری کردووە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری ئەوە هەیە ئیسڕائیل  بتوانێت باڵی سەربازیی حەماس کە لیواکانی ئەلقەسامە، تێکبشکێنێت، بەڵام ئەوە شتێکی حەتمییە کە ئیسڕائیل  بتوانێت لە ڕاستییدا حەماس وەک ڕێکخراوێکی سیاسیی لەناو ببات یان هەڵبوەشێنێتەوە. تەنانەت ئەگەر ئیسڕائیل  بتوانێت بە تەواویی حەماس بنبڕ بکات، کە دەرەنجامێکی دوور لە چاوەڕوانییە، ئەمە هێشتا دەرگە بەڕووی گرووپێکی بەدیلدا دەکاتەوە، کە بۆشایییەکە لە داهاتوودا پڕبکاتەوە. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دەڵێت بنیامین ناتانیاهۆ و ئیسڕائیلییەکان دەبێت ڕووبەڕووی ئەو واقیعە ببنەوە کە ئەگەر هەوڵی ئاشتیی نەدەن، ئەوا دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاژاوە و وێرانکارییە بکەن کە لەسەر غەززە درووستیان کردووە، بەردەوام بە زەنگی ئاگادارکردنەوە و ئاگری مووشەکەکانی سەر تەلەبیب بەئاگابێنەوە و لە کۆتاییدا ئیسڕائیل بژاردەیەکی تری نییە.
کیم گاتاس، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نووسەری کتێبی 'شەپۆلی ڕەش' دەڵێت: داهاتوویەکی بەڕوواڵەت لە ئاشتی ناوچەیی، بەبێ بەشداریی حەماس کورتبین و دووربووە لە وردەکارییە کۆنکرێتییەکان، ئەمەش بە یەکجاریی کۆتایی بە سووڕی تووندوتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناهێنێت سەبارەت بە چۆنیەتی گەیشتن بە خاڵی ئاشتیی.
 
ئەوەی ئیسڕائیل دەیکات سڕینەوەی شکۆی مرۆڤایەتییە
یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی، یان یاساکانی شەڕ، برسیکردنی خەڵکی مەدەنیی وەک شێوازێکی شەڕ قەدەغە دەکات. یاسای ڕۆمای دادگەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکات کە بە ئەنقەست برسیکردنی خەڵکی مەدەنیی بە بێبەشکردنیان لەو شتانەی کە پێویستن بۆ مانەوەیان، لەوانەش ڕێگریکردن لە پێداویستییە فریاگوزارییەکان، تاوانی جەنگە. مەبەستی تاوانکاریی پێویستی بە دانپێدانانی هێرشبەر نییە، بەڵام دەتواندرێت لە کۆی بارودۆخی هەڵمەتی سەربازییەوە دەربکەوێت، جگە لەوەش، بەردەوامیی گەمارۆی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، داخستنی وەک زیندانێکی کراوەی زیاتر لە 16 ساڵ، یەکسانە بە سزادانی بەکۆمەڵ بۆ خەڵکی مەدەنیی، کە تاوانێکی جەنگییە. ئیسڕائیل  وەک دەستەڵاتی داگیرکەری غەززە بەپێی ڕێککەوتننامەی چوارەمی ژنێڤ، ئەرکی ئەوەی لەسەر شانە دڵنیابێت لەوەی خەڵکی مەدەنیی خۆراک و پێداویستیی پزیشکییان دەستدەکەوێت.
بەرنامەی جیهانی خۆراک مەترسییەکی زۆری برسێتیی ڕاگەیاند، هۆشداریدا لە ئەگەری دەستبەجێی برسێتی و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دابینکردنی خۆراک و ئاو بە کردەوە بوونی نییە.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سیستەمی خۆراکی غەززە لە لێواری داڕماندایە، کە لەسەتا ٤٨ی ماڵەکانی باکووری غەززە و لەسەتا ٣٨ی ئاوارەکانی باشووری غەززە، تووشی ئاستی تووندی برسێتیی بوون.
شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیێنن کە ئەو زیانە بەرچاوانە ئەوە دەگەیێنێت کە بەردەوامیی ژیانی فەلەستینییەکان لە غەززە مەحاڵە. بەڕێوەبەری ڕێکخراوی 'هیومان ڕایتس وۆچدەڵێت کە "پێویستە سەرکردەکانی جیهان دژی ئەم تاوانە جەنگییە قێزەونە قسە بکەن، کە کاریگەری وێرانکەری لەسەر دانیشتوانی غەززە هەیە".
 
بۆردومانکردنی کەنیسە و خاپورکردنی شوێنەواری مرۆڤایەتی
ئەنجوومەنی جیهانیی کەنیسەکان (WCC) و سکرتێری گشتیی 'پ. د. جێری پیلایهێرش' ئاماژە بەوە دەدەن کە سوپای ئیسڕائیل لە غەززە مەحکوومە بە شەڕێک نەک تەنیا دژی حەماس، بەڵکوو دژی هەموو خەڵک و غەززە، هەموو ئەوانەی ئێستا تووندوتیژیی و دڕندەیی ئەنجام دەدەن، لەم ڕێبازە خۆتێکدەرە بگەڕێنە دواوە و ڕێگەی گفتوگۆ، دادپەروەریی و ئاشتیی هەڵبژێرن. پێویستە خەڵکی ناوچەکە لەو مەینەتییە ڕزگاری بێت، کە بە تووندوتیژیی تۆڵەسەندنەوە و داگیرکاریی نایاسایی بەسەریاندا سەپێندراوە.
پیلای، داوادەکات دەستبەجێ کۆتایی بەم تووندوتیژییە بهێندرێت، "کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ئاشتیی و ئاساییش بۆ ئیسڕائیلییەکان یان فەلەستینییەکان بهێنێتە ئاراوە، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی تووندوتیژیی و خوێنڕشتنی زیاتر". هەروەها گوتی: دەبێت وەڵامدانەوەی فریاگوزاریی هەمەلایەنە هەبێت بۆ ئەو کارەساتە مرۆیییەی کە ڕووبەڕووی گەلی غەززە دەبێتەوە و دەبێت لێپرسینەوەی تەواو هەبێت بەرانبەر بەو تاوانانەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیسڕائیلەوە ئەنجام دەدرێن.
لە سەرەتای جەنگەکەوە دوو جار ئەم کەنیسەیە لە غەززە بۆردوومانکراوە. سەرکردەکانی کڵێساکەی WCC بە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی گوتووە “نازانین بۆچی ئیسڕائیل بۆردومانی کڵێساکەمان دەکات، لە کاتێکدا ئەمە، شوێنی ئاشتیی، خۆشەویستیی و نوێژکردنە، شوێنی سەربازی نییە، بۆیە ئێستا هیچ شوێنێکی غەززە سەلامەت نییە".
بەرپرسانی کڵێساکە، بە ئاشکرا ڕایانگەیاندبوو، کە پێش هێرشەکە، سەتان هاوڵاتی مەدەنیی لەوێ پەنایان گرتبوو و بوونی ئەوان بۆ سوپای ئیسڕائیل  دەزاندرا. بڕیاری سوپای ئیسڕائیل بۆ بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەیەکی ناسراوی کڵێسا و شوێنێک بۆ هاوڵاتیانی مەدەنیی و ئاوارە، بێباکانە بووە، هەر بۆیە ئەمە دەبێتە تاوانی جەنگ، تەنانەت ئەگەر باوەڕێک هەبووبێت، کە ئامانجێکی سەربازیی لە نزیکەوە هەبێت.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی هیچ ئاماژەیەکی نەدۆزیەوە، کە هیچ ئامانجێکی سەربازیی لە شوێنی ئەو دوو هێرشەدا هەبێت یان خەڵکی ناو باڵاخانەکان ئامانجی سەربازیی بن، ئەمەش نیگەرانییەکانی هێنایە ئاراوە، کە ئەو هێرشانە هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی.
پاساوەکانی بەرگرییکردن بۆ سیاسەتی سڕینەوە و تاوانی جەنگ
حازم ئەبو شەهادە، کە هاوسەرەکەی و سێ کچەکەی کوژران، دەڵێت: خۆزگە دەمتوانی کاتژمێرەکە بگەڕێنمەوە دواوە. پێم باشە هەموومان پێکەوە مردبواین نەک خێزانەکەم لەدەست بدەم. ئەمە هێرشە نایاسایییەکانی ئیسڕائیل و بێبایەخکردنی بێبەزەییانە بۆ سەر ژیانی فەلەستینییەکان نیشان دەدات.
ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە، کە نزیکەی تەواوی هێڵەکانی ژیان داخراون و قەیرانی مرۆیی ژمارەیەکی پێوانەیی دەشکێنێت. ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ دەرەنجامەکانی جەنگەکە لەدەستداوە و بە وشە نەتوانن ئەم مەرگەسات و کاولکارییە بگێڕنەوە، کە ئیسڕائیل ئەنجامی دەدات.
هاوکات هێرشەکەی حەماس، گرتنی بارمتە و تەقاندنی مووشەک بەسەر ئیسڕائیلییەکاندا بە درێژایی جەنگ، ناکرێت وەک پاساوێک بژمێردرێت بۆ ئینکاریی لە خۆراک، ئاو، دەرمان و سووتەمەنیی بۆ زیاتر لە ٢ ملیۆن مرۆڤ.
ئەمە ڕێبازێکی کینەیی و پێچاوپێچە بۆ ژیانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس، کە لەم ڕۆژانەدا ناچار دەکرێن هەر هێزێکیان ماوە بۆ دۆزینەوەی ئاو، خۆراک و شوێنی حەوانەوە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بژن. سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل لەبەردەم کامێراکاندا دان بەوە دادەنێن، کە ئیسڕائیل بە ئەنقەست قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەرهەمهێناوە. ئەگەر ئیسڕائیل ویستی، ئەوە قەیرانەکە چارەسەر دەبێت. ئەگەر ویستی لەسەر نەبێت، ئەوە ئەم قەیرانە بەردەوام دەبێت. ئەمەش دانپێدانانی خودی ئیسڕائیلییەکانە بە تاوانێکی جەنگ.

وتاری زیاتر