شەڕی غەززە کوشندەترین سەردەمی شەڕ و ململانێیە لەسەدەی ٢١دا
فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا
غەززە گۆڕستانی هەزاران منداڵ و ژنانە، منداڵان نزیکەى 70%ى ئەو کەسانە پێکدەهێنن، کە لە غەززە لەماوەى ململانێکانى ئێستادا کوژراون، کە بەڕاستی وەک یەکێک لە گەورە قێزەونە ئەخلاقییەکانی سەردەمی ئێمە سەیر دەکرێت. بەهۆی ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی میدیای بوێرەوە قەبارەی دڕندەیی نائاسایی ئیسڕائیل نیشانی جیهان دەدرێت.
ئەندازەی ئەو دڕندەیییانەی کە ئیسرائیل لە غەززە دەیکات بەڕاستی بۆ مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی شۆککەرن. زیاترلە ١٠٠ ڕۆژە خەڵکی غەززە بەرگەی دۆزەخێکی داخراویان گرتووە. هیچ شوێنێک سەلامەت نییە و تەواوی دانیشتووانەکەی مەترسی بۆردومان، کۆمەڵکوژیی و برسێتییان لەسەرە. ئەوە شتێکی خەیاڵاویی نالۆجیکییە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی چاوی لەسەر کوشندەترین ڕێژەی ململانێکانی سەتەی بیست و یەک بێت و لەهەمان کاتدا بەردەوام ڕێگریی لە داوای ئاگربەست دەکات.
لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی ئیسڕائیل نزیکەی ١٣ هەزار منداڵی کوشتووە، واتە لە هەر ١٥ خولەکدا یەک منداڵی فەلەستینی دەکوژرێت. هەزارانی دیکە لەژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن و زۆربەیان وا گریمانە دەکرێت کە مردوون. ئەو منداڵانەی کە لە ژیاندا ماون، بەرگەی کاریگەرییە زەبربەخشەکانی چەندین شەڕیان گرتووە، ژیان لەژێر سێبەری گەمارۆ، برسیەتیی، دڕۆن، بۆمب و هاژەکی ئیسرائیلدا بەڕێدەکەن.
ڕۆژانە لە غەززە بە بەراورد لەگەڵ ئۆکرانیا، ئەڤغانستان، عێراق و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، منداڵێکی زۆرتر کوژراون. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی قازانجنەویست بۆ ڕزگارکردنی منداڵان لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە کەرتی غەززە کوژراون، تەنیا لە ماوەی سێ هەفتەی بۆردومانی ئیسڕائیلدا ژمارەی ساڵانەی ئەو منداڵانەی تێپەڕاندووە کە ساڵانە لە ناوچەی کێشە و ململانێ جیهانییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە کوژراون. تەنانەت ژمارەکانیش ناتوانن بە تەواوی ئەو ڕێژەیە پشتڕاستبکەنەوە، چونکە دەیان و سەتان منداڵی تر مردنەکەیان تۆمار ناکرێت یاخود لەژێر داروخۆڵەمێشی بۆمبە وێرانکارەکانی ئیسڕائیل تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.
ڕێژەی مردنی ڕۆژانە لە غەززە لە هەموو ململانێیەکی گەورەی سەتەی بیست و یەک زیاترە
ئیمیلی تریپ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئایروارز، کە ڕێکخراوێکە لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە چاودێریی مردنی مەدەنییەکان لە شەڕ و ململانێکاندا دەکات، دەڵێت: "ئێستا ئەوەی ئێمە لەڕووی مردنی مەدەنییەوە دەیبینین، زۆر لە ڕێژەی ئەو زیانە مادییانە لە هەر ململانێیەک کە بەڵگەمان لەسەرە، زیاتر بووە".
لێکۆڵینەوەیەکی ئەسۆشێتد پرێس ئاماژە بەوە دەکات کە لە شەڕی نۆ مانگەی نێوان هێزە عێراقییەکان و داعش بۆ شاری موسڵی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتایی هات، لە نێوان ٩ بۆ ١١ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. ئەمەش بە تێکڕا کەمتر لە ٤٠ کەسی مەدەنی لە ڕۆژێکدا.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکا(OCHA) بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئیسڕائیل لە ماوەی شەڕی ئێستادا زیاتر لە ١٣هەزار منداڵ لە غەززە کوژراون. بە بەراوردکردنی مردنی منداڵان لەنێوان ململانێکاندا، لە دوو ساڵی یەکەمی شەڕی سووریادا، ڕێژەی مردنی منداڵان بە نزیکەیی 10%ی مردنەکان مەزەندە دەکرا، لە عێراق لە ساڵی 2003ـەوە، 8.6% و لە ئۆکرانیا لە دوای لەشکرکێشییەوە 6%. لە غەززە، بە مەزەندەکردن 42%ی مردنەکان پێکدەهێنن.
ئۆکسفام ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسڕائیل بە تێکڕا ڕۆژانە ٢٥٠ کەس لە فەلەستینییەکان دەکوژرێن، کە ژمارەی کوژراوانی ڕۆژانەی لە هەر ململانێیەکی گەورەی دیکەی ساڵانی ڕابوردوو زیاترە، لەکاتێکدا پەرەسەندنی شەڕەکان زیاترە لە سەتەمین ڕۆژی خۆی.
غەززە ژمارەی دانیشتووانی 2.3 ملیۆن سێسەت هەزار کەسە و لە ڕووبەری 365 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەژین، کە دەکاتە چڕی دانیشتووانی 6300 کەس لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و (16320 کەس لە هەر میل چوارگۆشەیەکدا). بەپێی ئامارەکانی یونیسێڤ، منداڵان لەسەتا ٤٧ی دانیشتوانی غەززە پێکدەهێنن. لە هەر ١٥ خولەکدا یەک منداڵی فەلەستینیی دەکوژرێت
ئۆکرانیا
ڕووسیا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ دەستی کرد بە لەشکرکێشییەکی تەواوەتی بۆ سەر ئۆکرانیا. نزیکەی ٢ ساڵ بەسەر ئەو لەشکرکێشییەدا تێپەڕیووە، ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕۆژانە تووشی پێکدادانی خوێناویی بوون و شەڕەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسی مەدەنی، لەنێو قوربانییەکان 510 منداڵیش هەن، بەپێی ماڵپەڕی منداڵانی جەنگ، ئەم مردنانە بە تێکڕا کەمترە لە یەک منداڵ لە ڕۆژێکدا، کە ئەمە بە بەراورد بە غەززە زۆر کەمترە کە کوژرانی منداڵ لە غەززە کە لە هەر ١٥ خولەکدا منداڵیک گیان لەدەست دەدات.
عێراق
ساڵی 2003 حکوومەتی ئەمریکا لە سەردەمی جۆرج بۆش هێرشی کردە سەر عێراق. لە ساڵی ٢٠٠٨ یونیسێڤ دەستیکرد بە چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان لە ناوچەکەدا، ڕێژەی منداڵ سەتا ٤٣.٦ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن.
ئەم زانیاریانەی خوارەوە لە ماوەی ١٤ ساڵدا لە ساڵی ٢٠٠٨ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ تۆمارکراون. بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێڤ لەم ماوەیەدا ٣١١٩ منداڵ کوژراون. ئەمەش واتە لە دوو ڕۆژ جارێک منداڵێک دەکوژرێت.
سووریا
لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١دا، ناڕەزایەتییەکان کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆمار و حکوومەتەکەی دەکرد، دوای سەرکوتکردنی تووندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هەر زوو دۆخەکە گۆڕا بۆ شەڕ، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی ٢٠١١ تا مانگی ئازاری ئەمساڵ ١٢ هەزار منداڵ کوژراون. کە نزیکەی سێ منداڵ لە ڕۆژێکدا.
یەمەن
یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بەدەست ململانێیەکی وێرانکەرەوە دەناڵێنێت لەگەڵ هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی سعوودیە، کە شەڕی حووسییەکانی سەر بە ئێران دەکات، بەگوێرەی ڕاپۆرتی یونیسێڤ، لە ماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگدا، سێ هەزار و ٧٧٤ منداڵ کوژراون. واتە هەر سێ ڕۆژ جارێک چوار منداڵ دەکوژرێن. کە بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، منداڵان لەسەتا ٤٧ی دانیشتوانی یەمەن پێکدەهێنن.
ئەڤغانستان
هێزەکانی سەرکردایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ئەو ساڵە چوونە ناو ئەفغانستان ، لە ساڵی ٢٠٢١ هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی لە ئەڤغانستان، لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠٢٠، هەشت هەزار و ٩٩ منداڵ کوژراون. واتە هەر ڕۆژێک جارێک دوو منداڵ کوژراون. بەپێی ئامارەکانی یونیسێڤ، منداڵان لەسەتا ٥٠ی دانیشتوانی ئەڤغانستان پێکدەهێنن.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات، کە غەززە بووەتە گۆڕستانی هەزاران منداڵ
دیاریکردنی ژمارەی وردی ئەو منداڵانەی لە غەززە کوژراون لە هێرش و بۆردومانی تووند و چڕدا، کە نەخۆشخانەکان داڕماون، منداڵان بێسەروشوێنن و هەزاران تەرم هێشتا لەژێر داروپەردوودان و نەدۆزراونەتەوە. ئەگەر ژمارەکان تەنانەت لە وردبینیی نزیک بن، ئەوا تەنیا لە شەش هەفتەی سەرەتادا منداڵی زۆر لە غەززە کوژراون لە چاو ئەو منداڵانەی کە لە ناوچە کێشەلەسەرە گەورەکانی جیهاندا کوژراون بە کۆی گشتیی.
بەراوردکردن لەگەڵ ململانێکانی دیکە وێنەیەکی خەمناک دەکێشێت کە منداڵان بە ڕێژەیەکە زۆر و تراژێدیانە دەکوژرێن، لەنێو ئەوانەی دژی هێرشی ئیسڕائیلن، دەستەڵاتدارانی ئیسڕائیل هەوڵدەدەن گومان لە ڕێژە و ژمارەی کوژراوەکان درووست بکەن، چونکە ژمارەکان قورسایی ئەو تاوانانە ئاشکرا دەکەن، کە ئەنجام دەدرێن. بەڵام نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی فریو بدرێت. تاوەکوو تێدەگەین کە لە ململانێکانی پێشوودا ژمارەی کوژراوان کە لەلایەن وەزارەتەکەوە ڕاپۆرتکراون تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ ژماردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنانەت ئیسڕائیلیشدا یەکدەگرێتەوە. مانگی ڕابوردوو دوای ئەوەی گومانەکان لەلایەن سەرۆک بایدنەوە درووستکرا، تەنانەت وەزارەتەکەی تەندرووستی و ڕێکخراوە جیهانیەکان ناو و تەمەن و ژمارەی ناسنامەی قوربانییەکانی بڵاوکردەوە.
لەڕاستیدا، خەمڵاندنی فەرمیی جیهانییە، وەک بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا دانی بەوەداناوە. لە ئامارەکاندا ئەو مردووانە ناگرێتەوە کە لەژێر داروپەردوودا نێژراون و نەدۆزراونەتەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە ڕەنگە ئەم کۆمەڵکوژییە بەم زووانە کۆتایی نایەت، ژمارەی کوژراوەکانی ئێستای وەزارەتی تەندرووستی کەزیاتر لە سی هەزار کەس کە ١٣ هەزار منداڵ و سەتا ٧٠ی مەدەنییە، کاتێک دەخرێتە چوارچێوەی دانیشتوانی غەززە کە ٢.٢ ملیۆن کەسە، شتێکمان پێدەڵێت لەبارەی قەبارەی تەواوەتیی ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە. بەراوردکردن لەگەڵ ململانێکانی دیکە بەڕاستیی لێرەدا کارەساتبارە. شەڕی بۆسنە وەک توێژینەوەیەکی کەیسیی دڕندەیییەکی لەبیرنەکراو لە ساڵانی نێوان ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٥دا نزیکەی ٤٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنیی گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش زیاتر لە سێ ساڵ بوو نەک شەش هەفتە و لە وڵاتێکدا بوو کە ژمارەی دانیشتووانی پێش جەنگ، نزیکەی دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی غەززە بووە.