ئەو ناوچەیەی توانای ژماردنی مردووەکانی لەدەستدا
ئێمە دەچینە ناو قۆناغێکەوە نەک تەنیا ژێرپێخستنی یاساکان، بەڵکوو و لەناو سڕینەوەی شارستانییەت و قەیرانێکی جیۆپۆلەتیکی زەوی هەژێنەریشداین، کە جیهان بەناو ڕێڕەوێکی تاریکدا گوزەر دەکات.
ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات ململانێ نییە، بەڵکوو و پرۆژەیەکی کۆڵۆنیالییە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و ئەورووپاوە کە ئامانج لێی داگیرکردنی ناوچەکەیە. ئایا ئەمە شەڕە؟ جەنگەکان یاسای خۆیان هەیە و ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدە، ئەمە خراپترینی مرۆڤایەتییە، ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە هەرگیز جارێکی دیکە لە مێژوودا دووبارە نابێتەوە.
ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی دژی شەڕەکە بووایە، هیچ کام لەمانە ڕوویان نەدەدا. ئیسڕائیل بۆ بەردەوامبوونی شەڕێک لە دژی گەلی فەلەستین و لوبنان نە ئابوورییەکا ئاوها بەهێزی هەیە، نە جبەخانە.
تەقینەوەی هاژەک 'مووشەک' و چەک لە سەرانسەری ناوچەکەدا، هاوتایە لەگەڵ زۆر لە بۆمبی ئەتۆمیی بەهۆی گیرفانی قووڵی ئیدارەی بایدن و خۆبەخشی بێسنوورەوە، کە ئەگەری وێرانکاریەکی خراپتریش لەئارادایە.
ئەوە حەماس نییە، کە لە غەززە لەناو دەبردرێت، بەڵکوو و بنەماکانی یاسای مرۆییە، خودی مرۆڤایەتیی و بنەمای "جیاوازیی" لەنێوان شەڕکەر و ناشەرڤانان و بنەمای "ڕێژەیی" لاسەنگکردنی قازانجی سەربازیی لە بەرانبەر مەترسی خستنەسەر خەڵکی مەدەنیی.
ئێستاش ئەوە نەک تەنیا گەلانی غەززە و کەناری ڕۆژاوای داگیرکراو و لوبنان دەگرێتەوە، بەڵکوو هەر ئەو جەستەیەی کە بڕیارە وەک پارێزەری یاسایییە مرۆییەکان کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دروستکراون، دەگرێتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لەودیو سنوورە ئەخلاقیەکانەوە یەکێک لە کارە قێزەونەکانی ئیسڕائیل لە غەززە بریتیبوو لە دوورخستنەوەی ڕۆژنامەنووسانی بیانیی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆی فەلەستین بۆ ڕێگریکردن لە ڕاپۆرتکردنی تاوانە جەنگییەکانی غەززە.
لێرەدا تەنیا شتێک کە ئیسڕائیل دەیسەلمێنێت ئەوەیە، کە ڕژێمە ترسناکەکەی بە ئەشکەنجەدان دەتوانێت دیلەکان چ چەکدارانی حزبووڵڵا و حەماس یان پزیشکانی ڕفێنراو لە شەقامەکانی غەززە وا لێبکات کە هەرچی ئیسڕائیل پێویستی بە گوتن هەیە، بیڵێن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانی.دانپێدانانی بەزۆری و لەژێر ئەشکەنجە.
کوا یاسا نێودەوڵەتییەکان؛ یاسای نێودەوڵەتیی دژایەتی هەر دەوڵەتێک دەکات کە ئاپارتاید ئەنجام بدات، وەک چۆن ئیسڕائیل دەیان ساڵە بەسەر فەلەستینییەکاندا کردوویەتی؛ یان هەر دەوڵەتێک کە خەریکی پاکتاوی نەتەوەیی بێت، وەک ئەوەی ئیسڕائیل زیاتر لە سێ چارەکە سەتەیە بەرانبەر گەلی فەلەستین دەیکات؛ یان هەر دەوڵەتێک کە جینۆساید ئەنجام بدات، وەک ئەوەی ئیسڕائیل لە لە غەززەگرتوویەتییەبەر. هەموو ئەم تاوانانە لە یاسای نێودەوڵەتیدا پێناسە کراون و ئیسڕائیل وەک ئەنجامدەری ئەم تاوانانە دەگرێتە خۆیەوە، کە سەردەمی مۆدێرن و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی، هەروەها ئەو دامەزراوانەی ڕۆژاوا پاڵپشتییان دەکرد بۆ بەرزڕاگرتنی، هەر بەهۆی خودی ڕۆژاواوە لە بڵێسەی ئاگردا نقوم بوون.
ئەو کوشتارگەیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەئارادایە و دەکرێت، سەردەمێکی دیکەیە و زۆر تاریکترە لەو کارەساتە مرۆیییەی سەردەمی تاریکیی و هەردووک جەنگی جیهانیی و جینۆسایدی ئیسڕائیل تەنیا بێ بەزەیی نییە، وەک زۆر لە شەڕەکانی تر، بەڵکوو بەربەریەت و وەحشیگەرییە، کە لە سەردەمی مۆدێرن پێشینەی نییە.
ڕێک ٥٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دانپێدانانی خۆی بە ئەفریقای باشوور کشاندەوە و ڕەتیکردەوە بۆ دوو دەیەی داهاتوو بیگەڕێنێتەوە. مەجلیسەکە ئاماژەی بە دەستەڵاتی ئاپارتایدی پریتۆریا و داگیرکردنی سەربازی نایاسایی نامیبیا داوە.
نەتەوەیەکگرتوەکان دەتوانێت هەمان شت بۆ ئیسڕائیل بکات، کە خراپەکارێکی گەورەترە. بەڵام دیارە ناوێرێت. ڕۆژاوا تەنانەت زیاتر پابەندە بە دەوڵەتە ناپاکەکەی ئیسڕائیلەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆکارێکی باشی هەیە بۆ ترسی ئەوەی کە هێرشەکانی ئیسڕائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا لە ڕێگەی غەززە و کەناری ڕۆژاوای داگیرکراو و لوبنان و پاشان بەرەو ئێران، لە دەرگەی وڵاتەکەیدا کۆتایی پێبێت.
تەنیا لەبەر ئەوەی ئیسڕائیل دەزانێت کە نەزمی نێودەوڵەتیی بە چەقبەستووبووە و واشنتۆن بە تەواوی دەستەمۆبووە، بۆیە دەتوانێتتا کۆتاییە تاڵەکە جینۆسایدەکەی لە غەززە ئەنجام بدات.
ڕاستە ٧ی ئۆکتۆبەر هۆکاری هەموو ئەمانەیە کە ئەمڕۆ ڕوودەدەن؟
ئەوەی لە کەرتی غەززە دەگوزەرێت، تەنانەت ناتواندرێت بە شەڕ بخەمڵێندرێت. بەڵکوو جینۆسایدێکە کە لەلایەن کۆڵۆنیالیزمەوە دژی مەدەنییەت ئەنجام دەدرێت. ئەم ستەم و ئۆپەراسیۆنە کە بە خوێنەوە هێڵکاری کراوە، دەیان ساڵە لە درووستکردندایە و بەردەوامیی پێدەدرێت.
لکاندنی ئیسڕائیل و دواتر داگیرکردنی زەوییە فەلەستینییەکان، ئەوەندەی پێویست بوو لە باقی جیهاندا ئیلهامبەخش نەبوو بۆ ترسناکیی، بەهۆی پشتگیرییە چەسپاوەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و دووڕوویی بێوچانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی. بەڵام هەمیشە بڕیار بوو ئیلهامبەخش بێت بۆ بەرخۆدانی تووند لەلایەن گەلێکەوە کە بە پلان ڕووی لە نامۆیی و کۆیلەکردن دەبردرێت، لەسەر خاکی باوباپیرانیان.
لەڕێگەی لەشکرکێشیی، ئاوارەکردن، قەدەغەی هاتووچۆ، گەمارۆ، هێرشی ئاسمانیی و گۆشەگیریی ترسناکی دەرونیی و سۆزداریی، نەوەکانی فەلەستینی بە دونیا هێناوە، کە لەناو خەباتدا لەدایک بوون، تێیدا ژیاون و لە بوون بە نەوەی شەهید لە پێناو دۆزی خۆیاندا گیان لەدەستدەدەن.
ئیسڕائیل هەرگیز هەوڵی نەداوە لە کۆمەڵگەی جیهانیی و گەلانی شارستانییدا جێی ببێتەوە. بەدرێژایی دەیان ساڵ، کوشتارگەکەیشانبەشانی دزینی زەوی، بەردەوام بووە لە ڕووخاندنی یەکەکانی نیشتەجێبوون؛ سەتان هەزار زیندانی سیاسیی؛ ئاوارەبوونی ٣٥٠ هەزار فەلەستینی، داگیرکارییەکی سەربازیی نایاسایی و دڕندانە لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە؛ هێرشەکانی سەر مزگەوتی ئەقسا؛ تەنانەت ئەو فەلەستینیانەی کە ڕەگەزنامەیان لەو بەشەی فەلەستین بەدەستهێناوە، کە ئێستا پێی دەگوترێت ئیسڕائیل، لە ئایدۆلۆژیای باڵادەستی دەوڵەت ڕزگاریان نەبووە.
دوایین هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان لە غەززە لە گەمارۆی شازدە ساڵە و هێرشە سەربازییە گەورەکانەوە دێت لە ساڵانی ٢٠٠٨/، ٢٠١٢، ٢٠١٤ و ٢٠٢١، هەروەها دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بەناو هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل. سەربازانی ئیسڕائیل لە ساڵی ٢٠١٨ لە کەرتی غەززە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، کە ٣٥ کەسیان منداڵ بوون؛ لانیکەم ٣٦ هەزار بریندار بوون و زۆربەیان بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
بۆیە پێویستە بۆ هەر کەسێکی عەقڵانی ڕوون بێت کە مێژووی تووندوتیژیی لە فەلەستینی داگیرکراو لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بە هێرشی چەکدارانی بەرخۆدانی فەلەستین لەودیو سنوورە ناوەکییەکانەوە بۆ ناو دەوڵەتی داگیرکەر دەستی پێنەکردووە بەڵکو بەهۆی گەمارۆی ئاسمانی و زەوی بووە کە زیاتر لە ١٦ ساڵ وەک زیندانێکی کراوە مامەڵە لەگەڵ غەززە کراوە سەرەڕای تیرۆری کەسی و گرتن و دەستدرێژی کردنە سەر کچان و ژنان و منداڵان.
فەلەستینییەکان تەنیا ژمارە نین، بەڵکوو مرۆڤن، خێزان و ئازیزانیان و هیوا و خەون و ئاواتیان هەیە، کە هەموو ڕۆژێک لە ناو دۆزەخ و بۆردومانکردندا دەژین. مرۆڤایەتی هەرگیز دڕندەیی و بەربەریەتی وای بەخۆیەوە نەبینیووە، بەڵام ئیرادە و بڕوای خەڵکی غەززە، ئەم بەربەریەتە دەوەستێنێت و جەنگەکە بۆ مرۆڤایەتیی و پاراستنی شارستانییەت تێدەپەڕێنێت. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئەوانەی شەڕ بۆ خاکەکەیان دەکەن، ئامادەن بەردەوام بن لە نووسینی ناوەکانیان بە خوێن بۆ گەیشتن بە دۆزەکەیان. لەکۆتایدا ئاشتیی تاکە بژاردەیە کە دەتوانێت ئاساییشی بەردەوام بۆ جیهان و ناوچەکە زامن بکات.