سەتەی 21، سەتەی لەبیرکردنی بەها و شکۆی مرۆڤایەتیی
بیرکردنەوە وەهمییەکانی ئیسڕائیل کە دەتواندرێت حەماس لەناوببردرێت و هەموو بارمتەکان بەزۆر ئازاد بکرێن، دڕندەیی ئیسڕائیلی بێسنوور و چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لێڵایی لێداهێناوە.
دەبێ بۆچی هەموو جیهان سەیری ئەو تراژێدیا دڕندانەیە بکات کە ڕوودەدەن و ڕێگە بە ئیسڕائیل دەدەن، کە خۆی لێ ڕزگار بکات؟ کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قسەی خۆی هەبێت و یاسا قسەی خۆی بکات. وەک چۆن ژان پۆڵ سارتەر دەڵێت "هەموو وشەیەک و هەموو بێدەنگییەک دەرەنجامی هەیە".
لەمێژە مافی مرۆڤ، بەتایبەت لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەبات و ئازاری دەیان ساڵەی فەلەستینییەکان، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەراوێزخراوە. فەلەستینییەکان ئەوە زیاتر لە دوو دەیەیە داوای تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ ئاپارتاید دەکەن. بەتێپەڕبوونی کات، دانپێدانانێکی فراوانتری نێودەوڵەتیی بە مامەڵەی ئیسڕائیل لەگەڵ فەلەستینییەکان وەک ئاپارتاید دەستیپێکردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لەوانەی کە بەڕاستی و بە سۆزەوە هێرشەکانی حەماسیان ئیدانە کرد، لەئاست ئەم کارەساتە و دڕندانەیەی ئیسڕائیل بێدەنگن، هەڵبەتە فەرمانڕەواکانی عەرەب، هیچیان نییە سەبارەت بە کردەوەکانی ئیسڕائیل بیڵێن، ئەمە شتێکی قێزەونە و ناوبەناو پرۆتستۆکردن شەرمەزارییەکەیان ناشۆرێتەوە، لەکاتێکدا تاوانە گەورەکانی سەردەمی ئێمە، لەپێش چاویان ڕوودەدەن. ڕەزامەندیی بێدەنگ، ڕێگە بە ترسناکییەکە دەدات بەردەوام بێت. وشەکان دەتوانن مەترسیدار بن، بەڵام نەبوونیشیان بەهەمان شێوە.
ئەو حکوومەتانەی کە بەرپرسیاریی و دەستەڵاتی ئەوەیان هەیە کارێک بکەن، ڕەتیانکردووەتەوە هیچ ڕێوشوێنێکی مانادار بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لە ئیسڕائیل. بەڵکوو لەسەر حیسابی مافەکانی مرۆڤ و لێپرسینەوە لەپشت پرۆسەیەکی ئاشتیی، مردێندراوە. بەداخەوە بارودۆخی ئەمڕۆ دۆخێکە کە هیچ پێشکەوتنێک نییە بەرەو چارەسەرێکی دادپەروەرانە و خراپتربوونی مافەکانی مرۆڤ بۆ فەلەستینییەکان. بەجۆرێک کە بۆ فەلەستینییەکان تووندوتیژیی واقیعێکی بەردەوام و ڕۆژانەیە.
ئەوەی بۆ تەواوی دونیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕوونە ئەوەیە کە لە ئاست ئەم یاساشکێنیی، ئاپارتاید و کۆمەڵکوژییەی ئیسڕائیل ئەنجامی دەدات، بێدەنگن، کە دەزانن تووندوتیژیی لە هێرشەکانی غەززەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکوو پێش ٧ی ئۆکتۆبەر چالاکییە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لە غەززە لە ماوەی ساڵانی ڕابوردووشدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران فەلەستینی. لەنێوان ٢٠٠٨ تا ٢٠٢٣ زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٦٥ فەلەستینی کوژراون، کە هەزار و ٢٠٦یان منداڵ بوون، هەر لەم ماوەیەدا ئیسڕائیل زیاتر لە ٨٠٠ هێرشی بۆ سەر فەلەستینییەکان، موڵک و ماڵی خاوەندارێتی فەلەستینییەکان ئەنجامداوە. جگە لەوەش هەزاران فەلەستینیی بەزۆر لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکراون.
٧ی ئۆکتۆبەر لە چوارچێوەیەکدا ڕوویدا کە دەستبەسەرداگرتنی زەویی و زاری فەڵەستینییەکان، هەڵمەتەکانی گرتنی بەکۆمەڵ، هێرشی سەربازیی بۆ سەر شارەکانی فەلەستین و هەڕەشەکردن لە کۆنترۆڵی فەلەستینییەکان بەسەر مزگەوتی ئەقسا، کە شوێنێکی ئایینیی گرنگە لە قودس- هەموویان زیادیان کردبوو.
لە دوای هاتنەسەرکاری دەستەڵاتی تووندڕەوی نەتانیاهۆ، تووندوتیژیەکانی لە دژی پێکهاتەکانی فەلەستین پەرەپێداوە و لەهەمان کاتدا هەر ئەگەرێکی سەربەخۆیی یان یەکسانیی فەلەستینیەکانی ڕەتدەکردەوە.
ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەمریکا
ئەمریکا چاوپۆشیی یان بەرگریی لە نادادپەروەریی، نایەکسانیی و تووندوتیژیی دەکات کە لەلایەن حکوومەتی ئیسڕائیلەوە ئەنجام دەدرێت. بە جۆرێک کە دەیان ساڵە ئەمریکا پشتگیرییەکی نایاسایی و دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان دەکات لە ڕێگەی دابینکردنی پارە، چەک و پشتگیریی بۆ ئیسڕائیل، کە بەشێوەیەکی سیستماتیکیی مافەکانی فەلەستینی پێشێل کردووە. سەرەڕای ڕەخنە و فشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، کە ئیسڕائیل ئاپارتاید دژی فەلەستینییەکان جێبەجێ دەکات. ئەمریکا ساڵانە ٣.٨ ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی بە ئیسڕائیل دەدات. سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی ئێستای ئیسڕائیل دژی پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینە و بەڕێژەیەکی پێوانەیی هەنگاوی ناوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویی فەلەستینییەکان، بەڵام حکوومەتی ئەمریکا بەردەوامە لە درووستکردنی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل نەتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی.
سەرەڕای ئاستی پێوانەیی تووندوتیژیی دژی فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە، لەنێویاندا فەلەستینییەکانی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمریکی- ئەمریکا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی هاوکاریی بۆ ئیسڕائیل و ڕێگریی لە هەوڵەکانی لێپرسینەوە لە ئیسڕائیل.
ئەم بێلێپرسینەوە و هەستکردنە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وازی لێهێندراوە، بۆ تێگەیشتن لە تونودوتیژییەکانی ئەم دوایییە، گرنگە.
بۆ ئەوەی تووندوتیژیی کۆتایی بێت، دەبێت سیاسەتی ئەمریکا بگۆڕدرێت. پێویستە ئیسڕائیل لێپرسینەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی بکرێت و سیستەمی ئاپارتاید کۆتایی پێبێت.
شەڕی دادپەروەریی، ئازادیی و یەکسانیی بۆ هەمووان یاسا، سیاسەت و پراکتیکەکان کە مەبەست لێی پاراستنی سیستەمێکی دڕندەی کۆنتڕۆڵکردنی فەلەستینییەکانە، لەڕووی جوگرافیی و سیاسییەوە لە دۆخێکی بەردەوامی ترس و نائەمنییدا بەردەوامیی پێدەدرێت. لێرەدا هیچ سنوورێک لەنێوان چەکداران و مەدەنییەکاندا نییە. یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی، دووبارە تاوانبار بوو. لە ٩ی تشرینی یەکەمدا، لە لێدوانێکی بێشەرمنانەدا بە سزای بەکۆمەڵ، ڕایگەیاند کە ئیسڕائیل "گەمارۆیەکی تەواو بەسەر کەرتی غەززەدا" دەسەپێنێت. "نە کارەبا، نە خواردن، نە سووتەمەنیی هەموو شتێک داخراوە"، گوتیشی "ئێمە شەڕ لەگەڵ ئاژەڵە مرۆڤەکاندا دەکەین و بەو پێیە مامەڵە دەکەین".
لەلایەکی دیکەوە وەزیری میرات، ئەمیهای ئەلیاهۆ، دژی یارمەتییە مرۆییەکان بوو بە بیانووی ئەوەی کە ئێمە "یارمەتی مرۆیی نازییەکان نادەین". هەروەها پێشنیاری کرد بە چەکی ئەتۆمیی لە غەززە بدرێت و ڕایگەیاند "شتێک نییە بە ناوی مەدەنیی"، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە لەلایەن نەتانیاهۆوە سڕبکرێت.
ژەنەڕاڵێکی دیکەی خانەنشینکراو و ڕاوێژکاری وەزیری بەرگریی، جیۆرا ئایلاند، ڕایگەیاند کە ژنان بێتاوان نین، چونکە "هەموویان دایک و خوشک یان هاوسەری بکوژانی حەماسن"، بانگەشەى بۆ "کارەساتى مرۆیی" و "پەتاى سەخت" دەکرد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی جەنگ:
دوای ئەوەی دەگوترێت داواکاری گشتیی ئیسڕائیل هۆشدارییەکی بۆ هاوکارەکانی دەرکردووە، کە "سەیری قسەکانیان بکەن"، بەڕوونی نیگەران بووە لەوەی ئیسڕائیل لە سەروبەندی لێکۆڵینەوەکانی دادگەی نێودەوڵەتییدا تاوانبار دەکرێت. دەشگوترێت ناتانیاهۆ وەزیرەکانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە کە "هەستیار بن"، لەگەڵ ئەوەشدا هەر ڕۆژێک نموونەی زیاتری مەبەست و هاندانی کۆمەڵکوژیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
سیاسەتی چەوساندنەوە و زاڵبوونی ئیسڕائیل بەسەر فەلەستینییەکاندا
لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٤٨، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان سیستەمێکی دوور لە یاسا، سیاسەت و پراکتیکیان درووستکردووە بۆ چەوساندنەوە و زاڵبوون بەسەر فەلەستینییەکاندا. ئەم سیستەمە بەشێوازی جیاواز لە سەرانسەری ئەو بوارە جیاوازانەدا یاری دەکات و کۆنتڕۆڵی تەواوی مافی فەلەستینییەکانی کردووە، زاڵبوونی یاسایی و ئیداریی، دەستبەسەرداگرتنی زەویی و ماڵ، دەیان ساڵ دەستبەسەرداگرتن و ڕووخاندنی زەوی و موڵک و ماڵ و دەرکردنی زۆرەملێ لە ڕەوتی دامەزراندنی ئیسڕائیل وەک دەوڵەتێکی جوو لە ساڵی ١٩٤٨، ئیسڕائیل سەتان هەزار فەلەستینی دەرکردووە و سەتان گوندی فەلەستینیی وێران کردووە، ئەمەش یەکسانبوو بە پاکتاوی نەتەوەیی.
لەو کاتەوە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان یاسا و سیاسەتیان داڕشتووە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی پارچەپارچەبوونی دانیشتوانی فەلەستین. فەلەستینییەکان لە ناوچەکانی ئیسڕائیل، کەناری ڕۆژاوا، کەرتی غەززە قەتیسکراون، کە لەوێدا ملکەچی ڕژێمی یاسایی و ئیداریی جیاوازن. ئەمەش کاریگەریی هەبووە لە تێکدانی پەیوەندییە خێزانیی، کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی نێوان پێکهاتەکانی فەلەستین و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان دژی سیستەمی ئاپارتاید؛ هەروەها یارمەتیدەرە بۆ زۆرترین کۆنتڕۆڵی جووەکانی ئیسڕائیل لەسەر زەویی و پاراستنی زۆرینەی دیمۆگرافیی جووەکان.
لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابوردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینیی لە کەرتی غەززە لەژێر گەمارۆی نایاسایی ئیسڕائیلدا دەژن. هاوکات لەگەڵ چوار هێرشی گەورەی سەربازیی، ئەو گەمارۆیە لێکەوتەی کارەساتباری بۆ خەڵکی غەززە هەبووە، کە گەمارۆدان جۆرێکە لە سزادانی بەکۆمەڵ.