شکستی نێودەوڵەتیی و نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی گەلی فەلەستین

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا13/01/2024

شکستی نێودەوڵەتیی و نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ڕێگریکردن لە لەناوچوونی گەلی فەلەستین
هێرشە وێرانکارەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، ململانێی فەلەستین و ئیسڕائیلی خستووەتە ناو دووڕیانێکی زۆر مەترسیدارەوە. هەر دواکەوتنێک لە چارەسەرکردنی پەرەسەندنی گرژییەکان، مەترسییەکی بەرچاو بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتیی جیهانیی درووست دەکات. ڕۆژاوا و ئیسڕائیلیش لەنێو ئەم لەشکرکێشییە ترسناکە بۆ سەر غەززە، هەموو پرەنسیپ و ڕێسا دیموکراسییەکان پشتگوێ دەخەن. لە نەتەوە یەکگرتووەکان چاویان لە بانگەوازی زۆرینەی ئەندامانی ئەو دامەزراوە جیهانییە کوێر کردووە کە ماوەیەکە بانگەوازی ئاگربەست دەکەن. لەهەمان کاتیشدا زۆربەی وڵاتانی عەرەبیی بەهەمان شێوەی ساڵانی شەست و حەفتا و هەشتاکانی سەتەی ڕابوردوو پاڵپشتیی فەلەستینییەکان ناکەن.
شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە ڕاگرتنی دەستدرێژیی بۆ سەر کەرتی غەززە، ڕێگەی بە ئیسڕائیل داوە بناغە یاسایییەکانی نەزمی جیهانیی لەناو ببات و یاساکانی جەنگەڵ جێگەیان بگرنەوە. ئەو کارەساتە مرۆیییەی کە لە غەززە بە هەستێکی سەیر و سەمەرەی بێ سزاوە ڕوودەدات، باوەڕی زیاتر بەو کەسانە دەبەخشێت کە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دادپەروەریی بە واتای پاراستنی بەرژەوەندیی زلهێزەکان دێت. هەروەها ڕەنگدانەوەی سرووشتی پشێویی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نەزمی جیهانییە کە پێدەچێت یاسای جەنگەڵ لەهەموو شوێنێکدا حووکم بکات.
بەڵام پێدەچێت ئەو نەزمە جیهانییەی کە ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکات لەسەر بنەما یاسایییەکان هەڵچندراوە، لەهەموو یاسا و بنەمایەک دوور کەوتبێتەوە. هیچ ئارگیومێنتێک ناتوانێت ئیسڕائیل لە ئەنجامدانی ئەم هێرشە زۆر ناڕێژەیییانەی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنیی فەلەستین ڕابگرێت. هیچ دەزگەیەکی جیهانیی  نەتەوەیەکگرتووەکان یان ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ ناتوانێت ڕێگریی لەو شێتییە بکات کە پێدەچێت کاریگەریی لەسەر ئاسۆی گەورەترین زیندانی کراوە لە جیهاندا هەبێت. هیچ ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانێک ناتوانێت ئیسڕائیل لە ڕاگرتنی ئەم شەڕە و تاوانکارییە ڕابگرێت کە دەگوترێت جگە لە وێرانکارییەکی بێ خەیاڵیی لە ناوچەیەکدا، کە لە ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابوردوودا جگە لە مردن و وێرانکاریی هیچی دیکەی بەخۆیەوە نەبینیووە.
 
هەوڵی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئیفلیجی ئەنجوومەنی ئاساییش
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند، نەگەیشتن بە بڕیارنامەیەک، متمانە و توانای ئەنجوومەنی ئاساییش بۆ پاراستنی ئاشتیی و ئاساییشی نێودەوڵەتیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بەئاشکرا گوتی، هێزە نێودەوڵەتییەکان ئاگربەست ڕەتدەکەنەوە و پێداگرن لەسەر پێدانی مۆڵەت بە ئیسڕائیل بۆ لەناوبردنی کەرتی غەززە و بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنیی و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە "مافی بەرگریکردنە لەخۆ" ئەم دۆخە بەشدارە لە پەرەسەندنی ململانێکان و فراوانکردنی پانتایی ململانێکان ئەو لایەنانەی پێداگریی لەسەر درێژەدان بەم شەڕە دەکەن، لەگەڵ ئەو هەموو کارەسات و لێکەوتانەن کە بەرهەمیهێناوە، پێویستە پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا بکەن و دەرەنجامەکانی پێدانی گڵۆپی سەوز بۆ ئیسڕائیل بۆ بەشداریکردن لە کوشتن و لەناوبردن لەبەرچاو بگرن.
هیچ ویستێکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە لە ئارادا نییە. جێگەی شەرمەزارییە کە ئەنجوومەنی ئاساییش نەیتوانی دەنگ بە دوو بڕیارنامە بدات سەبارەت بە دۆخی کارەساتباری غەززە. شکستەکە بەرجەستەی نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینەی نێودەوڵەتییە بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسڕائیل، سەرەڕای پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
 
یاسا نێودەوڵەتیەکان یان یاسای پاراستنی بەرژەوەندیی زلهێزەکان
تەلەبیب و هاوپەیمانە ڕۆژاوایییەکانی، سەلماندیان کە یاسا نێودەوڵەتییەکان، نۆرمەکانی جیهانیی و مافی مرۆڤ تەنیا ئامرازێکن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی دەوڵەتە بەهێزەکان. شێوازی ڕێگریکردن لە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئیسڕائیلەوە کە هەوڵی وەستاندنی ئەم بۆردومانە بەربەرییانەیان دەدات، بەڕوونی ڕەنگدانەوەی دووڕوویی زلهێزەکانی ڕۆژاوایە، کە لە لایەکەوە ڕووسیا تۆمەتبار دەکەن بە ئامانجکردنی خەڵکی مەدەنیی لە ئۆکرانیا، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ڕەوایەتیی بە دەستدرێژییەکانی ئیسڕائیل دەدەن بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئەم جۆرە هاندانانە هانی ئەو شەڕخوازانەی داوە، کە لە کۆریدۆرەکانی دەستەڵاتی ئیسڕائیل بڕیاردەدەن. سەرکردە ڕاستڕەوە توونداژۆکان لە ئیسڕائیل بە بیانووی "مافی بەرگریکردنی لە خۆیان" پلانی مردنی زیاتریش دادەنێن.
بەڵام ئەوانەی داوای لێپێچینەوە لە سەرۆکی ڕووسیا دەکەن، لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتییەوە، بێدەنگییەکی تاوانکارییان گرتووەتەبەر لەسەر ئەو تاوانە ترسناکانەی کە نەتانیاهۆ ئەنجامی دەدات، ئەوان نایانەوێت دادگەیی ئەو کەسانە بکەن خوێنی زیاتر لە هەزاران فەلەستینییان ڕشتووە، جگە لەوەی زیاتر لە شەش میلیۆن کەسیان ناچار کردووە ژیانێکی نەهامەتیی و هەژاریی لە کەمپەکانی پەنابەراندا بەڕێبکەن. ئەوان داوای هیچ قەرەبووکردنەوەیەک لە دەوڵەتێک ناکەن کە ماڵی فەلەستینیەکانی سڕیووەتەوە و خوێندنگە و باڵاخانەکانیان خاپوورکردووە، جگە لە کردنە ئامانجی شوێن، کێڵگە، نەخۆشخانە و شوێنە ئایینییەکانیان.
سەرکردە ڕۆژاوایییەکان و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی
لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕووداوەکەی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و هاوتا فەرەنسییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕیشی سوناک چەندین لێدوانی سیاسیی نابەرپرسانەیان داوە و مافی ڕەهای ئیسڕائیلیان دووپاتکردووەتەوە، بەبێ مەرج بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە وەڵامی هێرشەکانی حەماس. ئەم سەرکردانە پارێزگاری لە خەڵکی سڤیلیان لە پێشینەی ئەولەویەت دانەناوە، وەک لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و یاساکانی جەنگدا هاتووە. ئەوان زیاتر بنەماکانی ڕێژەیی و جیاکاریییان پشتگوێ خستووە، کە لە شەڕە چەکدارییەکان بۆ سنووردارکردنی زیان و زیانگەیاندن بە دانیشتوانی مەدەنیی و ژێرخانی مەدەنیی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاردەهێندرێن، کە دەبێت پێش ئاڕاستەکردنی هێرشە سەربازیییەکان لەبەرچاو بگیردرێن.
هەندێک لەو وڵاتانە بە ناردنی بەلەمەکانی جەنگ، بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی فەلەستین، خوێندنگە و نەخۆشخانەکان، بە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەندرێت. هێرشەکانی ئیسڕائیل بووەتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان لەژێرخانی مەدەنیی، برینداربوونی ترسناک لەنێو هاوڵاتیاندا، لەنێویاندا منداڵ و ژن. ئەم پشتیوانییە مەترسیدارە بێمەرجە تەنانەت دوای لێدوانی یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل، کە خەڵکی فەڵەستینی بە "ئاژەڵی مرۆیی" وەسفکرد، کەم نەبووەوە. حکوومەتەکانی ناوچەی عەرەبیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهەمان شێوە نەیانتوانیووە ئەو جۆرە قسە ترسناک و نامرۆڤانانە ئیدانە بکەن، کە هاندەری تووندوتیژیی و جینۆسایدن دژی فەلەستینییەکان، بەم جۆرە بێدەنگییە ئەم حکوومەتانە گڵۆپی سەوزیان بۆ تۆخترکردووە.
کاتی کردارە نەک ئیدانەکردن
سەرەڕای ژمارەیەکی زۆر لە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی گشتیی و ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە سیاسەتەکانی ئیسڕائیلیان شەرمەزار کردووە، بەڵام کردەوەی کەم کراوە بۆ یارمەتیدانی گەلی فەلەستین بۆ گەیشتن بە مافی چارەیخۆنووسین و کۆتاییهێنان بە داگیرکارییە شەڕانگێزە درێژخایەنەکانی ئیسڕائیل.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت لەسەر شکستی نێودەوڵەتیی دەیان ساڵە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە و پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی ئیسڕائیل بۆ بڕیارنامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان لەهەمان کاتدا بەرگریکردن لە مافەکانی فەلەستینییەکان بۆ چارەنووسی خۆیان، کە لەکۆتاییدا تەنیا یاسا جیهانییەکان نەک یاسای جەنگەڵ ڕێگەی پێشەوەیە.

وتاری زیاتر