پڕۆسەی ئاشتیی یان پیلانی ئەمریکی-ئیسڕائیلی

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا20/07/2024

پڕۆسەی ئاشتیی یان  پیلانی ئەمریکی-ئیسڕائیلی
تەواوی پڕۆسەکانی بەناو ئاشتیی فەڵەستین-ئیسڕائیل لە زنجیرە ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ، دەستپێشخەریی ئاشتیی عەرەبی،دەستپێشخەریی بۆش، نەخشەڕێگەی ئاشتیی، دەستپێشخەریی نووسیبە-ئایالۆن، دەستپێشخەریی ژنێڤ، پلانی ئاشتیی سعوودیە و کۆنفرانسی ئاشتیی ئاناپۆلس کە لەناوەڕۆکدا نە پەیماننامەبوون و نە ناوەڕۆکێکی ئاشتیی و نە لێکتێگەیشتن بوون، بەڵکوو کۆمەڵە پیلانێکی یەک لە دوای یەکی ئەمریکی-ئیسڕائیلی بوون و بوونە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە ٧٠ ساڵ فەڵەستینییەکان کۆڵۆنیالیزم بکرێن، بەرگەگرتن بۆ خۆپارێزیی بەرانبەر لێشاوی ڕاگەیاندن و فەزای میدیا، کە ڕۆژاوا بەسەر گەلانی ناوچەکەدا سەپاندوویەتیبەوەی هەموو کارێکی بەرگریکردن و بەرخودان بۆ ئازادیی بە تیرۆر و بناژۆخوازیی ناوزەند دەکران و دەزگەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیان بەکارهێناوە بۆ بەخشینی ڕوویەکی یاسایی بۆ تۆمەتە بێبنەماکانیان، لە هەنبەر ئەمەدا فەڵەستینییەکان کولتووری دانبەخۆداگرتنیان بۆ چارەسەری کێشە چەقبەستووە مێژویییەکەیان لەژێر ناوی پڕۆسەی ئاشتییدا هەڵبژارد، بۆیە دەتوانم بڵێم؛ ئەمانە پڕۆسە و پەیمانی ئاشتیی نەبوون، بەڵکوو کۆڵۆنیالی کولتووریی و مرۆیی و تۆمەتبەخشینەوە بوون بەناوی تووندڕەویی و تیرۆر  بۆ ڕێگریکردن لە وەستانەوە لە دژی پڕۆسە و پیلانەکانیان.
ئەم پەیماننامە و پڕۆسانە لە ناوەڕۆکەکەیاندا پڕۆسەی ئاشتیی نەبوون، لایەنی کەم هیچ نیەتێکی ئاشتیی تێیدا نەبووە، بەڵکوو ئەمە زنجیرەیەک دەستپێشخەریی ئەمریکی - ئیسڕائیلی بوون بۆ خاوەنداریەتیکردن، داگیرکاریی و زیادکردنی کۆمەڵگەی جوونشین و قایمکردنی پێگەی خۆیان، کە داوا لە فەلەستینیەکان دەکرا کاردانەوەیان  بەرانبەریان هەبێت بەناوی پێکەوەژیان و یەکترقەبووڵکردن، کە کولتووری دانبەخۆداگرتنیش سنووری خۆی هەیە.
ئەمڕۆ تەواوی شتەکان گۆڕاون و فەڵەستینییەکان دەتوانن ڕوانگەی خۆیان بۆ ناوچەکە بخەنەڕوو، بەپێچەوانەی ڕابوردوو. ئێستا داوا لە ئیسڕائیلییەکان دەکرێت کاردانەوەیان هەبێتبەرانبەر مەرج و داواکاریی فەڵەستینییەکان، ئەمەش یەکەمجارە لانیکەم  بۆ چەندین دەیە، کە بزوەتنەوەی فەڵەستین پێشەنگایەتی بکات لە دانانی  پێشنیار و سەقفە و مەرج بۆ ئیسڕائیل، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ حەماس و فەڵەستینییەکان و دەستکەوتێکی مێژووی تۆفانی ئەقسا بوو بۆیان و سەلماندنی بوون  و ماف بوو، کە دوای دەیان ساڵ لە پشتگوێخستن و حساب بۆنەکرد، بووبوونە قوربانی مانەوەی فەرمانڕەوا دامەزراوەکانی عەرەب و کەنداو، کە لەڕاستییدا پڕۆئیسڕائیلین و داندراوی ڕۆژاوان.

وتاری زیاتر