یاسا شکێنی و ئاپارتاید

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا08/04/2024

بێسزاییی ئیسڕائیل؛ جینۆسایدی غەززەی کردە مومکین
کاتێک کە جینۆساید و ئاپارتاید لە هیچ شوێنێکی جیهان قەبووڵکراو و ڕێپێدراو نییە، ئەی بۆچی جیهان لە دژی فەلەستینییەکان قەبووڵیکردووە؟
هیچ شتێک پاساو بۆ کۆمەڵکوژی و تووندوتیژیی لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنیی ناهێنێتەوە. ئەوەی ئیسڕائیل دەیکات دیمەنی تووندوتیژییەکی نەگێڕدراوە، کە بە دڕندەیی شۆککەر ئەنجامدەدرێن و ئەمەش ئازاری تووندی ڕووحیی مرۆڤایەتی دەدات، کە چەند سەتەیەکە بەخۆیەوە نەبینیووە. دیمەنێکە لە تووندڕەوترین و نامرۆڤانەترین شێوەکانی کوشتن، ئەشکەنجەدان و ترسناکییەکانی دیکەی ئاپارتاید و جینۆساید.
لە دونیای ئێستادا جێگەی ئاپارتاید نییە، تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتیی و دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت. با ئەمە سەرەتای کۆتاییهاتنی سیستەمی ئاپارتایدی ئیسڕائیل بێت لە دژی فەلەستینییەکان.
دەستەڵاتدارانی ئیسڕائیل ماوەیەکی زۆرە چێژیان لە بێسزایی وەرگرتووە. شکستی نێودەوڵەتیی لە لێپرسینەوە لە ئیسڕائیل بەو مانایەیە کە فەلەستینییەکان هێشتا هەموو ڕۆژێک ئازار دەچێژن. کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤایەتیی قسەی خۆی هەبێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەگەڵ فەلەستینییەکان بووەستێت و بە ئیسڕائیل بڵێین کە ئێمە چیتر بەرگەی ئاپارتاید ناگرین.
دەیان ساڵە فەلەستینییەکان داوای کۆتاییهێنان بەو ستەم و چەوساندنەوەیە دەکەن، زۆرجار باجێکی ترسناک دەدەن بەهۆی وەستانەوە بۆ مافە ڕەواکانیان.
دەیان ساڵە ئیسڕائیل بەشێوەیەکی سیستماتیک پابەندبوونەکانی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرانبەر بە فەلەستینییەکان و مافەکانیان پێشێل دەکات و سیستەمی ئاپارتاید لەو ناوچانەی کە کۆنتڕۆڵیان دەکات جێبەجێ دەکات بە هێرش بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی و ئامانجە مەدەنییەکان.
ئیسڕائیل پێش ٧ی ئۆکتۆبەر و ماوەی ٧٥ ساڵە فەلەستینیەکان دەکوژێت، پەککەوتە دەکات، دەستبەسەر دەکات، ماڵەکانیان وێران دەکات و بەکۆمەڵ سزای نەتەوەیەک دەدات.
تەنانەت کاتێک دەکوژێت، وێران دەکات، یەک سەرکردەی ئیسڕائیل ، یەک ئەندامی هێزی داگیرکەری ئیسڕائیل تا ئێستا لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە لە بەرانبەر هەر تاوانێک کە دژی گەلی فەلەستین ئەنجامدرابێت. ئەم بێسزایییە بووەتە هۆی ئەوەی ئەم جینۆساییدە ببێتە مومکین.
ژنان و منداڵان تووشی دڕندەیی بێشومار بوون، کە خودی جەوهەری مرۆڤایەتیی و کەڕامەتیان پێشێل کردووە. "هەرچەندە ئەم دۆخە نالەبارە دیاردەیەکی ئەم دوایییە نییە؛ بە درێژایی داگیرکارییە بەردەوامەکە، بەردەوام بووە و بەهۆی سیاسەتێکی بە ئەنقەستی سزادانی بەکۆمەڵەوە خراپتر بووە.
 
تاوانی ئاپارتاید
ئایا ئاپارتاید چییە؟ ئاپارتاید پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییە گشتیەکانە، پێشێلکارییەکی قورسە بۆ مافە پارێزراوەکانی نێودەوڵەتیی، هەروەها تاوانێکە دژی مرۆڤایەتیی بەپێی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی.
زاراوەی "ئاپارتاید" لە سەرەتادا بۆ ئاماژەدان بە سیستەمێکی سیاسیی لە باشووری ئەفریقا بەکارهاتووە، کە بەڕوونیی جیاکاریی ڕەگەزیی جێبەجێ دەکرد و زاڵبوون و چەوساندنەوەی گرووپێکی ڕەگەزیی لەلایەن گرووپێکی دیکەوە. لەو کاتەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەسەندکراوە بۆ ئیدانەکردن و تاوانبارکردنی ئەم جۆرە سیستەم و پراکتیزانە لەهەر شوێنێکی جیهاندا ڕووبدات.
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئاپارتاید بەپێی ڕێککەوتننامەی ئاپارتاید و پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما و یاسای نەریتیی نێودەوڵەتیی، کاتێک ئەنجام دەدرێت کە هەر کارێکی نامرۆڤانە (لە بنەڕەتدا پێشێلکارییەکی جددی مافەکانی مرۆڤ) لە چوارچێوەی ڕژێمێکی دامەزراوەیی ستەمکار و زاڵبوونی سیستماتیک لەلایەن کەسێکەوە یان گرووپێکەوە ئەنجام بدرێت، گرووپێکی ڕەگەزیی بەسەر گرووپێکی تردا، بە مەبەستی پاراستنی ئەو سیستەمە.
ئاپارتاید بە باشترین شێوە دەتواندرێت وەک سیستەمی هەڵاواردنێکی درێژخایەن و دڕندانە لە لایەن گرووپێکی ڕەگەزی ئەندامانی گرووپێکی ترەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی گرووپی ڕەگەزی دووەم تێبگەین.
ڕێکخراوی لێبوردن داوای ئەوە دەکات کە ئیسڕائیل کۆتایی بە هەڵە نێودەوڵەتییەکان و تاوانەکانی ئاپارتاید بهێنێت، بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێوشوێنی پارچەپارچەبوون، جیاکاریی، هەڵاواردن و بێبەشکردن، کە ئێستا دژی دانیشتوانی فەلەستین لە ئارادان.
کۆتاییهێنان بە جینۆساید و تووندوتیژیی ئاپارتایید
مێژووی مرۆڤایەتیی سەلماندوویەتی کە تووندوتیژیی بە تووندوتیژیی زیاتر کۆتایی نایەت. بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی، پێویستە ڕەگ و ڕیشەی ململانێکان بخەینەڕوو، لەوانە ئاوارەبوونی مێژوویی و بەردەوامی فەلەستینییەکان، داگیرکاریی و واقیعی ئاپارتاید.ئاگربەست بەس نییە. بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆڕی بەردەوام، گەرەکە کۆتایی بەو سیستەمە داگیرکاریی، ئاپارتاید و کۆڵۆنیاڵیزمییە بهێندرێت.
ڕاستی تاکە ڕێگەیە بەرەو ئاشتیی بۆ ڕاپێچکردنی تاوانبارانی جەنگ، کۆمەڵکوژیی و هەرچی زووە تاوانباران بدرێنە دادگە.

دەبێت ترسناکیی و دڵتەنگیی بە چارەسەرکردن، مرۆڤدۆستیی و هیوا بگۆڕدرێت. ئەمە "پێویستییەکی ئەخلاقیی" بۆ ئاگربەستێکی مرۆیی درووستدەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو ئازارە نەگێڕدراوانەی کە بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنیی فەلەستین لە غەززە سەپێندراون. بۆیە پێویستە ئیرادەی سیاسیی وەربگێڕین بۆ وەڵامە کردارییەکان، کە لە چوارچێوەی ئێستای تووندوتیژیی بێوچاندا گرینگن.

وتاری زیاتر