هۆکارەکانی بێهەڵوێستیی وڵاتانی عەرەبیی و پشتکردنە دۆزی فەلەستین

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا31/12/2023

هۆکارەکانی بێهەڵوێستیی وڵاتانی عەرەبیی و پشتکردنە دۆزی فەلەستین
فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا
 زۆرینەی حکوومەتە عەرەبییەکان نەیانتوانیووە سەرچاوە و ئامرازە ئابووریی، سیاسیی و دیپلۆماسییەکانیان بەکاربهێنن بۆ فشارخستنەسەر ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانی، بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە و دەستەبەرکردنی ئاگربەست و پێشگرتن لە شەڕی لەناوچوون. ئەگەر وڵاتانی موسڵمان نەوت وەک چەکی خۆیان بۆ کەڵەکەکردنی فشار لەسەر ئیسڕائیل و هاوکارە ڕۆژاواییەکانیان بۆ ئاگربەست بەکاربهێنن، ئەوە دەستبەجێ کاریگەریی لەسەر وەستانی شەڕ دەبێت.
بۆیە پێویستە خەڵک لە سەرانسەری جیهانی ڕۆژاوا و وڵاتانی عەرەبیی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسیانە ڕەت بکەنەوە کە هۆکارن بۆ درێژکردنەوەی شەڕخوازیی ئەم قەوارەیە، کە ئەمڕۆ تاکە دەوڵەتی کۆڵۆنیالیزمە لە جیهان.
سەبارەت بە نەزمی سیاسی عەرەبی، ئەوەی نیشانداوین کە جێی متمانە نییە، تا ئەو کاتەی پاوانخوازە و وابەستە بە خودی ئەو دەستەڵاتەی کە ئیسڕائیل دەپارێزێت و پاڵپشتیی لە سیاسەتەکانی دەکات. بەڕاستی ڕەنگە جیهانی عەرەبیی ڕۆژێک بتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لە یارمەتیدانی فەلەستینییەکان، بەڵام ئەوە دوای ئەوە دەکرێت کە لەچنگی ئەمریکا ڕزگاریان بێت. زۆرترین شت کە حکوومەتە عەرەبییەکان لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئیسڕائیلدا کردوویانە، دەرکردنی ئیدانە و ناڕەزایەتی بووە.
ئەوەی جێی سەرنجە ڕژێمە عەرەبییەکان تا دێت واز لە هەر هەوڵێکی سیاسیی بەرچاو دەهێنن. لەبەرانبەردا پشتیوانی فەرمیی تەنیا لە قسەی فریودەر و ئاماژەی ڕەمزییدا سنووردار بووە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئیسڕائیل و پشتیوانەکەی کە ئەمریکایە دوور بکەوێتەوە. حکوومەتە عەرەبییەکان وزەی خۆیان بۆ مانەوەی خۆیان تەرخان دەکەن و ئەمریکا وەک گەرەنتی سەرەکیی مانەوەی سیاسیی و بەرژەوەندییە ئابوورییە تەسکەکانیان دەبینن. وازهێنان لە فەلەستین ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سرووشتی حووکمی تاکەکەسی ڕژێمە عەرەبییەکان و بەردەوامیی پشتبەستنی سیاسییان بە ئەمریکاوە هەیە، کە لایەنگری سەرەکیی ئیسڕائیلە. بۆیە ئەمڕۆ فەلەستین وەک پاشکۆیەک لە نەزمی سیاسیی عەرەبییدا دەردەکەوێت.
 
سەرەتاکانی دەرکەوتنی بێهەڵوێستیی و چۆکدادانی وڵاتانی عەرەبیی
ئەوەی کە وایکردووە ئیسڕائیل بەردەوام بێت لە درێژەدان بەکوشتار و تاوانەکانی، بێباکیی وڵاتانی عەرەبییە، ئەمیش پەیوەندیی و ڕێککەوتنی ئاشتیی چەند وڵاتێکی عەرەبییە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەبراهامی ساڵی ٢٠٢٠، کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتیی دەکرێت، لەوانە ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سوودان کە دانیان بە ئیسڕائیلدا ناوە. لەم نێوەندەشدا، دەستەڵاتی فەلەستین وردە وردە بووەتە قۆڵێکی ئەمنی داگیرکەر و ئێستا هیچ شەرعییەتێکی نییە، تەنیا لەلایەن داگیرکەرانەوە بۆ سنووردارکردنی ماف و ئازادییەکان لە کەناری ڕۆژاوا بەکاردەهێندرێت.
ناوی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕی هاوبەشی باوەڕەکانی ئیبڕاهیمە، لەوانەش ئایینی جوو، مەسیحیی و ئیسلام، سەبارەت بە ڕۆڵی ئیبڕاهیم وەک باوکسالاری ڕووحیی.
ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو سوودی بازرگانیی و سوودی دیکەیان لە بواری تەکنەلۆژیا لەو ڕێککەوتنەدا بینیووە، کە وەک بەرەیەکی دژە ئێرانیش پێشبینیی دەکرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، سوودان لەسەر دڵنیایی ئەمریکا کە وڵاتەکەی لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی کە پەرە بە تیرۆر دەدەن، ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر بەشداریکردن لە ڕێککەوتنەکەدا و بەڵێنی سوودی دارایی گەورەی پێدرا. بەهەمان شێوە، مەغریب ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی لەگەڵ ئیسڕائیل واژۆ کرد، لە بەرانبەر دانپێدانانی ئەمریکا بە سەروەریی مەغریب بەسەر بیابانی ڕۆژاوای ناکۆکیی لەسەر.
هەرچەندە سعوودیە ڕێککەوتنەکەی واژۆ نەکردووە، بەڵام بە بێدەنگیی ڕەزامەندیی لەسەر گرێبەستەکە داوە و تەواوی پێڤاژۆی ئاشتەوایی عەرەب-ئیسڕائیل لەژێر چاودێریی سعوودیە بەڕێوە دەچێت. لەم دواییانەشدا  شانشینی یەکگرتوو کەمێک پێش دەستپێکردنی دوایین شەڕی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، نزیک بووبووەوە لە ناساندنی ئیسڕائیل، ئەوە ڕوونە کە تەواوی وڵاتان ئاشتییان لەگەڵ ئیسڕائیل کردووە، کە لەژیر چاودێریی و دەستپێشخەریی سعوودیە بووە.
بە دڵنیایییەوە ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیی ئیسڕائیلی داوە کە گۆشەگیرییەکەی کەم بکاتەوە و هیچ شتێک لە ڕێککەوتنەکەدا سەبارەت بە مافەکانی فەلەستین و کۆتاییهاتنی فراوانخوازیی ئیسڕائیل نەبووە. تەنانەت ئیسڕائیل بەردەوام بوو لە درووستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییە داگیرکراوەکان و هیچ کۆتایییەک بۆ ئاپارتاید لەبەرچاو نەگیرابوو.
ئەوەی پێی دەگوترێت ڕێککەوتنی ئاشتیی یەکلایەنە، لەڕاستیدا ڕێگە بە ئیسڕائیل دەدات دانیشتوانی فەلەستین زیاتر سەرکوت بکات. ئێستا کە کەوتوونەتە ژێر فشاری گشتیی، کە لە پەرەسەندندایە، هەندێک لە سەرکردە عەرەبییەکان دەستدرێژیی ئیسڕائیل ئیدانە دەکەن، بەڵام ئامادە نین لەوە زیاتر تێپەڕێنن.

سەرکردەکانی کەنداو دژایەتیی بانگەوازەکانی ئێران دەکەن بۆ پڕچەککردنی فەلەستینییەکان، پچڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسڕائیلدا و لەسەر لێدوانی کۆتایی ڕێکنەکەوتن، چونکە هەندێک ڕەتیانکردووەتەوە ڕێوشوێنی کۆنکرێتیی دژی ئیسڕائیل بگرنەبەر. ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕایگەیاندووە، سەرکردەی دەوڵەتانی کەنداو دژی بانگەوازەکانی ئێرانن بۆ پڕچەککردنی فەلەستینییەکان دژی ئیسڕائیل و پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ تەلەبیب.
ئێران کە سەرۆکەکەی یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی ئێران بوو، کە لە ماوەی ١١ ساڵدا سەردانی سعوودیە بکات، یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی کە داوای کردبوو ڕێوشوێنی تووند لە دژی ئیسڕائیل بگیردرێتەبەر بۆ ئەوەی ناچاری بکات کۆتایی بە دەستدرێژیەکانی بۆ سەر غەززە بهێنێت. ئەمەش بریتیبوو لە چەکدارکردنی فەلەستینییەکانی وڵاتانی موسڵمان و کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە دیپلۆماسیی و ئابوورییەکانی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل.
ئیبڕاهیم ڕەیسی، سەرۆککۆماری ئێران، هەروەها داوای لە سەرکردەی دەوڵەتانی بەشداربوو کرد، کە ئیسڕائیل بە "ڕێکخراوی تیرۆریستیی" ناوزەد بکەن. لە کاتێکدا سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان ئیسڕائیلیان ئیدانە کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ فەلەستینییەکان دەربڕی، لە هەمانکاتدا ئەو دەوڵەتانەی دان بە ئیسڕائیلدا دەنێن ڕەتیانکردووەتەوە پەیوەندییەکانیان بپچڕێنن. میسر، ئوردن، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی، بەحرەین و مەغریب، کە سێ وڵاتی دوایی لە ساڵی ٢٠٢٠دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردووەتەوە.
لە کاتێکدا ئێران ڕاستەوخۆ دەستی لە شەڕی غەززەدا نییە، بەڵام پشتگیریی لە گرووپە چەکدارەکانی لووبنان، سووریا، عێراق و یەمەن کردووە، کە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسڕائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
ڕادەستکردنی فەلەستین بە ئەمریکا
ڕژێمە عەرەبییەکان بۆ پاراستنی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەمریکا، ڕێگەیان بە واشنتۆن؛ دابینکەری سەرەکیی چەک و پشتیوانیی سەربازی ئیسڕائیل داوە، کە کۆنتڕۆڵی هەوڵەکانی ئاشتیی لە ناوچەکەدا بکات. ئەمەش هیچ بوارێکی بۆ سەرکردەکانی عەرەب نەهێشتووەتەوە، کە کاریگەری ئەرێنییان لەسەر بڕیار و دۆزی فەلەستینییەکان هەبێت.
پێڤاژۆی ئاساییکردنەوەی نێوان هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسڕائیل، کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پشتوانیی دەکرا، تەنیا دووبارەکردنەوەیەکی دیکەی پاشەکشەکردنی عەرەبە لە دۆزی فەلەستین. سەرەڕای ژمارەیەکی زۆر لە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی گشتیی و ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە سیاسەتەکانی ئیسڕائیلیان شەرمەزار کردووە، بەڵام کردەوەی کەم کراوە بۆ یارمەتیدانی گەلی فەلەستین بۆ گەیشتن بە مافی چارەیخۆنووسین و کۆتاییهێنان بە داگیرکارییە شەڕانگێزە درێژخایەنەکەی ئیسڕائیل. جێگەی سەرنجە، مافی چارەیخۆنووسین مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە بەپێی بنەمای erga omnes . هەرەها بەپێی دادگەی نێودەوڵەتیی (ICJ)، ئەم جۆرە پابەندبوونانە بە سرووشتی خۆیان "خەمی هەموو دەوڵەتان"ن و "بەلەبەرچاوگرتنی گرینگی مافە پەیوەندیدارەکان.
سەرەڕای ئەوەش، شتێکی کەم کراوە بۆ لێپرسینەوە لە ئیسڕائیل و بەرپرسەکانی لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی یاسای نێودەوڵەتیی –نەریتیی و مرۆیی– کە بە باشیی بەڵگەیان لەسەرە. بە تایبەتیتر، هیچ کارێکی مانادار نەکراوە ئەم جۆرە سیاسەتە نوێنەرایەتیی پراکتیکێکی ڕوونی کۆڵۆنیالیزم دەکات کە پێشێلکارییەکی گەورەی ڕێککەوتننامەی چوارەمی جنێڤ پێکدەهێنێت. هەروەها تاوانی جەنگە بەپێی یاساکانی پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆمای دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی (ICC).
 
وڵاتە عەرەبییەکان کەمترین هەڵوێستیان کە پچڕاندنی پەیوەندی دیبلۆماسییە نیشان نەداوە
ئەوەی جێی سەرنجە سەرەڕای تاوانی جەنگ، جینۆساید، وێرانکاریی و حساب بۆنەکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجوومەنی ئاساییش لەلایەن ئیسڕائیلەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی وڵاتانی عەرەبیی بۆ هەڵپەساردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل نییە، ئەمەش کەمترین هەنگاوە، کە دەیانتوانی بیکەن بۆ زیادکردنی فشار لەسەر ئەو وڵاتە.
لە کۆتاییدا ئەوەی گەرەکە بگوترێت مێژووی شەڕ و ململانێکان ئاماژە بەوە دەدەن کە شەڕ کاتێکی زۆریی پێناچێت بۆ وەرچەرخان بەرەو ئاگرێکی وێرانکەر. بۆیە پێویستە تووخمە ئەقڵانییەکانی ناو دەستەبژێری دەستەڵاتداری ڕۆژاوا، لۆبییە زایۆنیستییەکان و جیهانی عەرەبیی، پێش ئەوەی ئەم کارەساتە پەرەسەندووە هەموو شوێنەواری بوونی مرۆڤ بسووتێنێت، بەهار بخەنە ناو کردارەوە.
ئەوانەی پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ دەکەن، پێویستە پەیامێکی تووندیان بۆ بنێردرێت کە ئەگەر ئەم بۆردومانە قێزەونانە ڕانەگرن، بە تاوانی جەنگ دادگەیی دەکرێن. ئەگەر ئاگادارکردنەوەیەکی لەو شێوەیە بێ ئەنجام بوو، ئەوا پێویستە ڕێوشوێنەکان بەبێ هیچ دواکەوتنێک دەستپێبکرێت.

لەهەڵوێستی تووندیی نێودەوڵەتیی، کە تا ئێستا شەرمنانە و جدیی نییە لەهەمانکاتدا بێ ئیردادەیی وڵاتانی عەرەب بەرانبەر تراژیدیاترین تاوان دژی مرۆڤایەتیی و سڕینەوەی وڵاتیک بەبەرچاوی جیهانەوە.

وتاری زیاتر