ئەمریکا و ئیسڕائیل، تیرۆر و تێکشکێنەری یاسا نێودەوڵەتیەکان

لە لایەن فەرمان محەمەد - ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا02/11/2023

ئەمریکا و ئیسڕائیل کە خۆیان لە پێگەی زلهێزدا دەبیننەوە، نایانەوێت بە هیچ یاسایەکی جیهانییەوە ڕێگرییان لێبکرێت یان پابەند بکرێن. واتە خۆیان لەسەرەوەی یاساکانی نێودەوڵەتییەوە دەبینن و بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەئاشکرا پێشێل دەکەن؛ بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی لاوازیی وڵاتان،  هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیی و سەپاندنی هەندێکیان بەسەر ئەوانی تردا  دەدەن، کە ئێستا ئەمریکا هەژموون و پێگە تاکجەمسەرییەکەی ڕووەو ئاوابوونە.
ئەوەی لەگەڵمان بێت دۆستمانە و ئەوەی لەگەڵمان نەبێت دوژمنمانە، ئەمە ئەو جیۆپۆلەتیکییەیە، کە ئەمریکا لە ساڵانی هەشتاکانی سەتەی ڕابوردوودا گرتیەبەر، بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ موجاهیدینی ئەڤغانستان، کاتێک ئەوان پیاوی جیۆپۆلەتیکیی بەسوود بوون لە شەڕی بەوەکالەت دژی یەکێتیی سۆڤیەت.
بەدرێژایی دەیان ساڵ ئەمریکا پشتیوانی تیرۆر، نازیی و دیکتاتۆرە جینۆسایدکارەکانی کردووە، بە دروستکردنی بەرەی دۆست و دوژمن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و کێشەی ئێران و وڵاتانی عەرەبی بۆ ساخکردنەوەی چەکەکانی تاکوو سوود بە کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا بگەیەنن. ئەگەر حەماس شەڕی دوژمنە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەمریکای وەک ڕووسیا، چین یان ئێران بکردبووایە، مێدیای ڕۆژاوا، حەماسیان وەک ئازادیخواز دەناساند و شکۆمەندیان دەکرد. حەماس نە لە NED پارە وەردەگرێت، نە چەک لە CIA و نە پڕوپاگەندەی ئازاد لە CNN وەردەگرێت.
بۆ زیاتر لە دە ساڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەوانەش ئیسرائیل، پشتگیریان لە داعش دەکرد. لەچاویی ئەوان هەموو گرووپێکی ئازادییخواز تیرۆرستە، بەڵام ئەگەر خزمەت بە بەرژەوەندیی خۆیان بکات دەگۆڕێن بۆ "یاخیبووی میانڕەو" کە دەتوانن  ملیاران دۆلار، چەک، مەشق و ڕاهێنان لە سی ئای ئەی وەربگرن.دەکرێت لێرەدا بپرسین ئاخۆ کێ تیرۆرستە؟
دڕندەییەکانی ئێستا و ڕابوردووی ئیسڕائیل و پەرەسەندنی تاوان و دەرەنجامەکانی
تاوان دژی مرۆڤایەتیی، جینۆساید و دڕندەیی ئیسڕائیل هەموو سنورە ئەخلاقیی، ئایینیی، یاسایی و مرۆییەکانی تێپەڕاندووە. بەڵام ئەم دۆخە و ئەو تێکشکانە گەورەیەی سووپا و ڕووخانی هەژموونی دەزگە ئەمنییەکانی، کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە خەریکی بنیاتنان و پێشخستنیەتی، هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش ٧ی ئۆکتۆبەر، ڕاستە هەر نەتەوەیەک مافی بەرگریی لە خۆی هەیە، کە دەبیت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، یاسای نێودەوڵەتی نەریتیی و ڕێزگرتن لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. ڕێز لە مادەی ٢ی بڕگەی ٤ و مادەی ٥١ی چارتەری نەتەوەیەکگرتوەکان بگرن، هەروەها پابەندبن بە ڕێککەوتننامەکانی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩ و پەیماننامەکانی لاهای ساڵی ١٩٠٧، هەروەها بنەماکانی یاسای ڕۆمای دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی. بەڵام ئێستا ئەو کارە دڕندانەیەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات، پێچەوانەی هەموو بەها، یاسا نێودەوڵەتیی و مرۆییەکانن، کە ئەمەش هانی وڵاتانی ناوچەییی دەدات کە بەدوایی چەکی پێشکەوتوو و هاوپەیمانی نوێدا بگەڕێن، تاکوو قەرەبووی ئەو پێگەلاوازەیان بکەنەوە، کە وڵاتیکی ٧ ملیۆن کەسیی، تەحەددای دەیان وڵاتی ئیسلامیی و ناوچەیی دەکات و هەموو یاساکان تێکدەشکێنێت بۆ چاوترساندنکردنی نەیارانی بەبیانویی پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی و  مافی بەرگریی لەخۆکردن
ئەمەش دۆخەکە قووڵتر و برینەکان بەساڕێژنەکراویی دەهێڵێتەوە، بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی ئیسرائیل کە وێرانکردنی غەززە وەک گەڕانەوەی شکۆ بۆ ئیسرائیل دەبینێت. ڕاستە لە ساڵی 1967وە بەهۆی شەڕی شەش ڕۆژەی عەرەب - ئیسرائیل، شکستی وڵاتانی عەرەبیی، ئیسرائیلی کردووەتە خاوەنی بەهێزترین سووپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەورەترین هەژمووندار لە بەسەر ناوچەکەدا، هاوکات هەندێک لە سەرکردە عەرەبەکانیش هاوویستی ئیسرائیلن و ئیسرائیل پشتگیریی مانەوەیان لەدەستەڵاتدا دەکات.
سەرەڕای ئەوەی کە ئیسرائیل دەزگەیەکی گەورە و ترسناکی هەواڵگریی جیهانیی مۆسادی هەیە و بە بەهێزترین سووپای ناوچەکە و هێزێک لە شکاننەهاتوو ناسراوە، بەڵام 7ی تشرینی یەکەم، گەورەترین و ترسناکترین دەزگە ئەمنیەکانی دونیای شۆک کرد. ڕووداوەکە بە جیهانی ڕاگەیاند، کە هیچ وڵاتێک بۆ هەمیشە بە بەهێزیی نامێنێتەوە. هەرچەندە ئیسرائیل دەتوانێت غەززە وێران بکات و داگیری بکات، بەڵام بە خەمڵاندنی ئەم ڕووداوە، ئەوە گۆی زەوی هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ پێش ٧ی تشرینی یەکەم. ناوبانگ و هەژموونی پێشووی مۆساد هەرگیزناگەڕێتەوە بۆپێش ئەم ڕووداوە، کە لەسەر دەستی وڵاتێک نا، بەڵکوو لەسەر دەستی گرووپێکی دەیان ساڵ گەمارۆدراوەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، کە ئیسرائیل لەڕێگەی گەمارۆدانی خاکی غەززەوە، تاوانی جەنگ و سزادانی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدات. هاوکات کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سووریش بەهەمان شێوە هاوڕایە.
ئەو مەرجانەی کە لەلایەن دەستەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە بۆ دانیشتوانی شاری غەززە دەرچووە، بۆ ئەوەی دەستبەجێ ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لەگەڵ گەمارۆدانی تەواوەتیی، بەڕوونی ڕەتکردنەوەی خۆراک، ئاو و کارەبایان لەگەڵ یاسا مرۆیییە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی ڕایگەیاندووە، کە "هێرشی نایاسایی ئیسرائیلی بەڵگەدار کردووە، لەوانەش هێرشی بێ جیاوازیی، کە بووەتە هۆی کوژرانی بەکۆمەڵ، کە دەبێت وەک تاوانی جەنگ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".
هاوکاتیش هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە کە "چەندین تاوانی جەنگ لە ئیسرائیل و فەلەستین ئەنجامدراون و بەردەوامیشیان پێدەدرێت. وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستینیش لە غەززە، کە لەلایەن حەماسەوە  بەڕێوەدەبدرێت ڕایگەیاندووە، کە لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیلدا زیاتر لە هەشت هەزار کەس بوونەتە قوربانیی، کە زۆرینەیان منداڵن.
هەندێک لە گرووپەکان لەوە زیاتر ڕۆیشتوون و ئیسرائیلیان بە جینۆسایدکار تۆمەتبار کردووە، هەرچەندە پارێزەران دەڵێن؛ ئەوە تاوانێکی قوورسترە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بسەلمێندرێت. لێرەوە بە لەبەرچاوگرتن و خستنەڕووی تاوانەکان دەکڕێ بپرسین ئاخۆ تیرۆرست کێیە؟ یان کێ تیرۆرستە؟

وتاری زیاتر