نزیکەی بیست ساڵە فەلەستینییەکان لە غەززە لە زیندانێکی قفڵدراو، لەو خاکەی کە بە زیندانێکی کراوە ناودەبرێت لەژێر گەمارۆی تووندی ئیسڕائیلدا، لەناو دیوارە وێران و پەرژینی کارەبایی گەمارۆدراودا دەژن، بەبێ هیچ هێڵێکی ژیانی سیاسیی و مەدەنیی.
خەڵکی مەدەنیی لە غەززە لە سووڕێکی ترسناک و تووندوتیژدا گیریان خواردووە، خەڵکی غەززە قوربانیی دڕندەیی بۆردومانی ئیسڕائیلن بۆ سەر ماڵ و ژێرخانی مەدەنیی، کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی منداڵن، ئیسڕائیل سەتان فەلەستینیی کوشتووە و تەواوی خێزانەکانیان سڕدراونەتەوە. ڕەنگە ڕۆژەکانی ڕابوردوو و ئێستا کوشندەترین کات بێت، کە غەززە بەخۆیەوە بینیبێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەپەلە پێداگریی لەسەر ئەوە بکات، کە ئیسڕائیل ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت و ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنیی بێتاوانی فەلەستین بپارێزێت.
ئیسڕائیل لەناو شکستێکی گەورەی هەواڵگرییدا تووشی سەرسووڕمان بووە، سەرەڕای هەموو سەرچاوە و توانا ئاڵۆز و تەکنەلۆژیا بەرزەکانی، کە کردبوویە هێزی سەربازیی باڵادەستی ناوچەکە.
ڕێبازێکی جێگیر نییە بۆ ئاساییش و سەقامگیریی درێژخایەنی هاوڵاتییە جووەکان بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەیان ساڵ بەردەوامیی گەمارۆدان و کوشتن و قوربانیی؛ ئەوەی نیشان داوین، کە ئیسڕائیلییەکان هەرگیز هەست بە سەلامەتیی ناکەن، ئەگەر بەڕاستیی فەڵەستینییەکانیش هەمان مافیان نەبێت و هەست بە ئارامیی و ئاساییش نەکەن. لەناو ئەو تووندوتیژییە بێوچانەدا، چەندین جار لەلایەن سەرکردەکانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بانگەواز بۆ ڕێزگرتن لە یاساکانی شەڕ کراوە، بەڵام ئیسڕائیل بەردەوامە لە شکاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی ڕاپۆرتێکی ٢٨٠ لاپەڕەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەریدەخات چۆن ئیسڕائیل ڕژێمێکی دامەزراوەیی ستەم و هەژموونی بەسەر گەلی فەلەستین و کۆنتڕۆڵی مافەکانیانی کردووە، دەستەڵاتی خۆی دەسەپێنێت و فەلەستینییەکان جیا دەکاتەوە لەڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی بەرفراوانی زەویی و ماڵیان، کوشتنی نایاسایی، برینداری سەخت، گواستنەوەی زۆرەملێ، سنووردارکردنی ئازادیی هاتووچۆ، ڕەتکردنەوەی نەتەوەیی، لەنێوان کردەوەی نامرۆڤانە یان نامرۆڤانەی دیکەدا، کە ئەمەش وادەکات بەرپرسانی ئیسڕائیل بەرپرسیار بن لە تاوانی دژە مرۆڤایەتیی ئاپارتاید، کە دەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتیی ICC.
فەلەستینییەکان لە غەززە لەدوای شەڕی عەرەب-ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە ئاوارەبوونی زۆرەملێ، زۆربەیان بەپەنابەریی لەدایکبوون یان نەوەی پەنابەرن و لە ساڵی ١٩٤٨ تەنیا داگیرکاریی سەربازییان ناسیووە. لە ساڵی ٢٠٠٧یشەوە وەک سزایەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە لەلایەن حەماسەوە، لەهەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەیاندا دابڕێندراون. ئێستا، پێدەچێت سیناریۆکان بۆ ئەوان هێندەی تر بێویژداننانە بن، کە جیهان بێدەنگیی لەئاست هەموو دڕندەیییەکانی ئیسڕائیل هەڵبژاردووە.
تراژێدیا گەورەکە کە جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی جیهانی شۆککردووە، ئەم هێرشە دڕندانەی ئیسڕائیلە کە جیاوازیی ناکات لەنێوان مەدەنیی، منداڵ، پەککەوتە و چەکدار، لەهەمان کاتتدا هەموو ڕێساکانی جەنگ و یاسا نێودەوڵەتییەکانی ژێرپێخستووە، لێرەدا دەکرێت بزانین، کە ئەم ڕوانگەیە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئیسڕائیل ڕۆژانە غەززە دەکاتە زیندانێکی فراوان، هەروەها بەردەوامیی وێرانکاریی و کۆڵۆنیکردنی ناوچەکە. ئەرکمان لەسەرشانە ئاماژە بەو شێوازە بدەین، کە ئیسڕائیل زەمینەی ئاپارتاید و تووندوتیژیی بەردەوامی درووستکردووە، بەردەوامە لەتاوان دژی مرۆڤایەتیی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.
کۆتایی سەردەمی ئەمریکا و ئیسڕائیل؛ ئێستا پێویستە ئیسڕائیلییەکان لەوە تێبگەن کە سەتەی ئەمریکا بە کردەوە کۆتایی هاتووە و ئەمریکا ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر ڕۆژاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ هەمیشە ئیسڕائیل بپارێزێت. بێگومان ئیسڕائیل سوودمەند دەبێت لە هەبوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ هەموو دراوسێکانی.
گابرێل وینانت، مێژوونووس لە زانکۆی یێڵ دەنووسێت: تاکە بەشدارییەکی مانادار کە ئەمریکییەکان دەتوانن بیکەن ئەوەیە؛ وەستاندنی تووندوتیژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانگێڕیی گشتیی فراوان سەبارەت بە داگیرکاریی ئیسڕائیل، ئەوە تاکە شتێکە کە دەتوانین بیکەین کە دەرەنجامێکی هەبێت لە دەرەوەی بینینی ویژدانی خۆمان.
بەشێوەیەکی فراوانتر، پێویستە بەها سەرەتایییە مرۆییەکان بپارێزرێن، قوربانییەکان وەک مرۆڤ ببینین، گرنگی بە ئازارەکان بدەین، تەنیا پاساو بۆ دڕندەیییەکان نەدەین؛ ئێمە خۆمان کوێر دەکەین لەو هەنگاوانەی کە دەتواندرێت بندرێت بۆ ئەوەی لە ڕاستییدا ژیان لەسەر زەوی باشتر بکەین
بێنیامین ناتانیاهۆ، درێژترین سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی فەلەستین بۆ ئازادیی و کەڕامەت کردە میراتی خۆی. چەندین جار سیاسەتەکانی خۆی لە دەوری ئەو بیرۆکەیە داڕشتووە، کە ئیسڕائیل دەتوانێت کێشەی عەرەب و ئیسڕائیل چارەسەر بکات و بەردەوام بێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی بەبێ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ فەلەستینییەکان بکات. ڕەنگە ناتانیاهۆ ئەم ڕێبازەی لە هەموو سەرکردەکانی تری ئیسڕائیل زیاتر گرتبێتەبەر. سیاسەتە شکستخواردووەکانی ئیسڕائیل بووە هۆی بڵاوکردنەوەی پلانێک بۆ غەززە لەسەر بنەمای دابینکردنی ئاماژەی ئابووریی و مرۆیی، ساڵانێکە کە پڕۆسەی ئاشتیی لە مردندایە، ئیسڕائیل بەردەوام بووە لە فراوانکردن و چەسپاندنی دەستڕاگەیشتن بەسەریاندا. ئیسڕائیل لەبری ئەوەی وەبەرهێنان لە دیدێکی ستراتیژیی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی لەگەڵ فەلەستین بکات، وزەی ستراتیژیی خۆی بۆ چەسپاندنی هێز و کۆنتڕۆڵی سەربازیی زیاتر وەبەرهێناوە.
لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابوردوودا و بە خێراییتر لە ١٠ مانگی ڕابوردوو لەژێر دەستەڵاتی تووندڕەوترین حکوومەتی ئیسڕائیلدا، ئیسڕائیل ناسەقامگیریی لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس ورووژاندووە، زیاتر و زیاتر فەلەستینییەکانی بەبێ تۆمەت دەستبەسەر کردووە، ڕێگەی بە سەرباز و دانیشتووانی داوە تەقە بکەن و هێرشکردنەسەر ناوچە فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژاوا بەبێ سزا و چەندین هێرشی سەربازیی وێرانکەری لە غەززە ئەنجامدا، هەموو ئەمانە بەبێ هیچ دەرەنجامێکی نێودەوڵەتیی بەردەوام بووە. کردەوەکانی ئیسڕائیل پێوانەشکێن بووە بۆ پەسەندکردنی نیشتەجێبوونەکان و ڕووداوەکانی تووندوتیژیی دانیشتووان دژی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژاوا.
ئیسڕائیل ئێستا ڕووبەڕووی هیچ بژاردەیەکی باش و ئاسان نییە. پێشبینیی ناکرێت کە بەکارهێنانی هێزی سەربازیی خۆی لە غەززە دەرەنجامێکی جیاواز لە هەموو جارێکی دیکە لە دوو دەیەی ڕابوردوودا بەدی هێنابێت. بەردەوامی تاوانکاریی، شکاندنی بەهاباڵاکانی مرۆڤایەتیی و ڕێزنەگرتنی یاسا مرۆیی و ئاسمانییەکان تەنیا دەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی هەستی دژەجوویی لەسەرانسەری جیهاندا، کە بەدرێژایی دامەزراندنی، ئیسڕائیل وەک قوربانیی خۆی نیشانداوە و سەرنجی دونیای بۆ خۆی ڕاکێشاوە بەڵام ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە میدیا و سۆشیال میدیا هەموو تاوان و کردەوەکانی نیشانی جیهانی دەرەوەدا، بۆیە وردە وردە پشگیریی جیهان بۆ ئیسڕائیل کەم دەبێتەوە و زیاتر گۆشەگیر دەبێت لە پەیوەندیەکانیدا، بۆیە لێرەدا لێکەوتەکانی جەنگەکە پێشبینیی نەکراون و لەهەر چرکەیەکدا ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکە بۆ جەنگێکی هەرێمیی و جیهانیی لە ئارادایە.